کارگە داخراوەکانی بواری پیشەسازی دەدرێنە کەرتی تایبەت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

کارگە داخراوەکانی بواری پیشەسازی دەدرێنە کەرتی تایبەت

پشکنین بۆ ئەو تەماتانە دەکرێت کە بۆ دۆشاوی تەماتە بەکار دەھێندرێن

بەرپرسێکی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕای گەیاند کارگە داخراوەکان دەدەنە کەرتی تایبەت و وەزارەتی کشتوکاڵیش پشکنین بۆ ئەو تەماتانە دەکات کە لە کارگەکانی دۆشاوی تەماتە وەردەگیردرێن.

ئاراس شێخ ڕەئووف، بەڕێوەبەری گشتیی پیشەسازی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ژمارەیەکی زۆر کارگە  لە ھەرێمی کوردستان ھەیە کە بەھۆی چەند ھۆکارێکەوە ماوەیەکە لەکار کەوتوون و بەرھەمیان نییە، بۆیە بە ڕێنوێنی و ڕەزامەندیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەمانەوێت ئەو کارگانە بە ھاوبەشیی کەرتی تایبەت وەگەڕ بخەینەوە".

گوتیشی: "بۆ ئەو مەبەستە بە چەند مەرج و ڕێنوێنییەک پێدانی ئەو  کارگانە بۆ کەرتی تایبەت خراونەتە ڕوو و تا ئێستا ژمارەیەکی باشیان لەلایەن کەرتی تایبەتەوە وەرگیراون و دەست کراوە بە نۆژەکردنەوە و کار تێداکردن و وەگەڕخستنەوەیان کە بەھۆیەوە وێڕای زیادبوونی بەرھەمی ناوخۆ، سەدان ھەلی کاریش دەڕەخسێنێت".

لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕای گەیاند کە پشکنین بۆ ئەو تەماتانە دەکات کە لە کارگەکانی دۆشاوی تەماتە بۆ دروستکردنی دۆشاوی تەماتە وەردەگیردرێن بۆ ئەو مەبەستە تا ئێستا پێنج جۆر تەماتەی ناوخۆ لە پشکنین دەرچوون و پەسند کراون.

 لەمبارەوە حوسێن حەمە کەریم، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "دوای دەستکردن بە بەرھەمھێنانی دۆشاوی تەماتە لە ھەردوو کارگەی دۆشاوی تەماتەی شارەزوور و ھەریر کە ئێستا لە قۆناغی سەرەتا دایە، پشکنین بۆ بەرھەمەکە دەکرێت و دوای دەرچوونیان، دەخرێتە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستانەوە".