ژنێك: هاوسەرەكەم دەیەوێ سێكسفرۆشیم پێ بكات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ژنێك: هاوسەرەكەم دەیەوێ سێكسفرۆشیم پێ بكات


بەپێی قسەی هاوسەرەکەی، چوار رۆژە لە ماڵ دەرچووە و نەگەڕاوەتەوە. ژنەکەش دەڵێت، لەبەر ئەو و باوکم رامکردووە.

شاناز، ژنێکی گەنجە و دایکی سێ منداڵە، کاتێک دانیشتبوو، خۆی کووڕ کردبووەوە و یاریی بە ئەنگوستیلەکەی دەکرد، بەتەواوی هەستت بە لەرزینی دەستەکانی دەکرد.

شاناز دەیگێڕایەوە، کە ئەوە دووەم جارە لەبەر هاوسەرەکەی و باوکی رادەکات، چونکە بەزۆر دەیانەوێ ئەوە بکات، کە ئەوان دەیانەوێ: "پار جارێکی تر رامکرد، مێردەکەم و باوکم بەڵێنیان دا، کە ئیتر داوای ئەم کارەم لێ نەکەن، منیش لەبەر منداڵەکانم و لەبەرئەوەی شوێنێکی ترم نییە لێی بژیم، گەڕامەوە ماڵی خۆم، بەڵام دیسان وازم لێ ناهێنن".

هاوسەری شاناز پیاوێکی گەنج بوو، لە تەنیشت مامی، کە خەزووریشیەتی دانیشتبوو، زۆر بە متمانە بەخۆبوونەوە دەیگوت: “ قسەکانی ژنەکەم راست نیین، ئەو لە ماڵەوە رادەکات، من لە رایی خوا قبووڵی دەکەمەوە. من و مامم هیچ هەڵەیەکمان بەرامبەری نەکردووە”.

بەپێی قسەکانی شاناز، باوکی و مێردەکەی دەیانەوێ کاری سێكسفرۆشیی پێ بکەن: "باوکم پیاوێکی بێ رەحمە، مێردەکەشم برازایەتی، فشار دەخەنە سەرم کاری سێكسفرۆشی بکەم". کاتێک پرسیارم کرد، کە چۆن داوای ئەوە دەکەن، گوتی: "برادەری خۆیان دەنێرنەوە ماڵ، بێ ئەوەی خۆیان بێنەوە، یان تەلەفۆن دەکەن، کە سەعات ئەوەندە کەسێک دێتە ماڵمان ئاگادار بە".

باوکی ژنەکە پیاوێکی ٥٧ ساڵە بوو، قژ و سمێڵی بۆیە کردبوو، وەک ئەوەی روو دەدات زۆر ئاسایی بێت، بە کچەکەی دەگوت: "تۆ هەڵە لە مێردەکەت تێگەیشتووی، ئەو ئامۆزاتە و هەرچی لە بەرژەوەندیی تۆ نەبێ نایکات. بێ کێشە بگەڕێوە ناو ماڵ و منداڵی خۆت".

ئەو باوکە بە منی گوت: "من شەش کچم هەیە، ئەوە یەکەم کچمە کێشە دروست دەکات، هەموویان لەگەڵ ماڵ و مێردی خۆیان گونجاون"، هاوکات کچەکەی گوتی: "ئێمە شەش خوشک بووین، خوشكێكی تریشم هەڵاتووە، بۆ ئەوەی باوکم نەیدۆزێتەوە پەیوەندی بە ئێمەشەوە ناکەن، تەنانەت دایکیشم نازانێ لە کوێیە".

ئەو ژنە دەڵێت: "من لای ئەوان ئاسوودە نیم، ئەگەر وازم لێ بێنن خۆم کاری خەیاتی دەزانم و دەتوانم منداڵەکانمی پێ بەخێو بکەم، دەمەوێ لە مێردەکەم جیا ببمەوە".

ئەم ژنە ئێستا لەگەڵ راوێژکارێکی خێزانی دادەنیشێت، بۆ ئەوەی بتوانێ کێشەکانی چارەسەر بکات، کاتێک لە هاوسەرەکەیم پرسی، تۆش دەتوانی هەمان کار بکەی و لەگەڵ راوێژکاری کۆمەڵایەتی دابنیشی، بەڵکوو بتوانێ هاوکاریتان بکات، ئەو رەتی کردەوە، کە پێویستی بە راوێژی هیچ کەسێک بێت و گوتی: "من خۆم هەموو شتێ دەزانم".

باوکی کچەکە لەسەر هەمان بابەت بە منی گوت: "بیست و شەش ساڵە ژنم هەیە، جۆرەها کێشەمان هەبووە، قەتیش پێویستمان بە راوێژکاری خێزانی نەبووە"، بەڵام بەپێی قسەی کچەکەی، ئەو پیاوە هەمیشە لەگەڵ هاوسەرەکەی، کە دایکیەتی، ناکۆک بووە و لێی داوە". ئەگەر لەبەر ئێمە نەبوایە دایکم قەت تەحەمولی باوکمی نەدەکرد، ئەو بەردەوام لێی دەدات و تا ئەم تەمەنەش سووکایەتیی پێ دەکات، چەند جارێک سەر و دەستی شکاندووە".

ژنەکە ئێستا پارێزەری گرتووە و هەوڵ دەدات، خۆی و منداڵەکانی دوور لە باوک و هاوسەرەکەی بژین: "تەنیا داوام ئەوەیە، ئەم دووانە وازم لێ بێنن، نامەوێ ژیانی منداڵەکانیشم وەک هی باوکیان بێت، یان کوڕەکانم چاو لە باوکیان بکەن".

پارێزەری شاناز دەڵیت: "ئەم ژنە مافی خۆیەتی داوای جیابوونەوە بکات، چونکە بەپێی یاساش ئەم مافەی هەیە و بەڵگەی تەواوی بۆ ئەم تۆمەتانە هەیە، کە ئاراستەی هاوسەر و باوکی دەکات".

شاناز هۆکاری ئەم تۆمەتەی، کە ئاراستەی باوکی و مێردەکەی دەکات بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە، کە: "پێشتر بیریان لە بەخێوکردنی منداڵ نەکردووەتەوە، هەر بوویانە، بێ ئەوەی ئیش و کارێکی باشیان هەبێت، بۆیە لە رێگای تر دەگەڕێن تا پارەی پێ پەیدا بکەن".