کچە کوردێک یەکەمین خانمی بەرزکردنەوەی قورساییە لە ئێران
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

کچە کوردێک یەکەمین خانمی بەرزکردنەوەی قورساییە لە ئێران

پووپەک بەسامی: شانازی بە کوردبوونمەوە دەکەم


چەند مانگێکە بە رۆژانێکی سەخت گوزەر دەکەین و هەندێک خۆیان کردووەتە قەڵغان بۆ پارێزگاری لە گیانی هاووڵاتییان. هێزەکانی پۆلیس و پزیشک و پەرەستارەکان، وەکوو سەنگەرێکیان لێ هاتووە، تاکوو ئێمە تووشی پەتا نەبین، بەڵام لەناکاو دەنگوباسی کچێکی کوردی ئازا دێتە گوێ، کە دەیتوانی خۆی لە سووچی ژوورەکەی حەشار بدات و نەیەتە دەرەوە، تاکە وەرزشوانێکە، کە هەم جلی هەڵبژاردەی ئێرانی لەبەرە و هەم جلی پەرستاری نەخۆشخانە.


(باسنیوز): سەرەتا بە کورتەیەک خۆت بناسێنە.
پووپەک بەسامی: لەدایکبووی شاری کرماشانم و تەمەنم 28 ساڵە، ئەندامی هەڵبژاردەی بەرزکردنەوەی قورسایی ئێرانم، وەکوو یەکەمین کچ  دوای 40 ساڵ لە مێژووی دوای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی، بەشداریی کێبڕکێیە نێودەوڵەتییەکانم کردووە. ئێستا لە شاری تاران دادەنیشم.

(باسنیوز): چۆن هۆگری بەرزکردنەوەی قورسایی بووی؟
پووپەک بەسامی: سەرەتا وەکوو وەرزشێکی نامۆ سەیرم دەکرد، کاتێک لە سۆشیاڵ میدیا دەمبینی کچێک قورسایی بەرز دەکاتەوە، بە خۆمم دەگوت ئاخر قاتوقڕیی وەرزشە؟ کچان بۆ روو دەکەنە ئەو جۆرە وەرزشانە.
من خۆم پێشتر وەرزشوانی تۆپی دەستی کرماشان و سوپرلیگی خانمان بووم و پێوانەی باشم هەیە لە تۆپی دەست، تاکوو جارێکیان لە رێگەی برادەرێکم ئاگادار کرامەوە، بۆ یەکەم جار لە مێژووی دوای شۆڕشی ئێران، یانەی هەڵبژاردەی بەرزکردنەوەی قورسایی بۆ خانمان پێك دەهێنرێت و برادەرەکەم زۆر پێداگر بوو، کە دەبێ من خۆم تاقی بکەمەوە، بۆیە سەردانی یانەکەم کرد، لەگەڵ ئەوەی مەشقە سەرەتاییەکان فێر کرام، هێواش هێواش خولیام بۆ ئەم وەرزشە پەیدابوو.

(باسنیوز): لە سوشیاڵ میدیا زۆر وێنەت بڵاو کراونەتەوە و دەستخۆشییت لێ کراوە و ناسناوی پاڵەوانی کۆرونات پێ دراوە، هۆکاری ئەم دەنگدانەوەت چییە؟
پووپەک بەسامی: سەرەتا سوپاسی خەڵک دەکەم و لوتفیان نواندووە، من پەرستاریم خوێندووە و ئەرکە لەسەرم لە کاتی پێویست خزمەتی هاووڵاتییانم بکەم، بۆیە لە رۆژانی کۆڕۆنا وەرزشم راگرتووە و ئێستا لە نەخۆشخانەی کۆڕۆنا خەریکی خرمەتی پەرەستاریم، شەوێکیان لە شەفتی کار بووم، کە دکتۆری بەشەکەمان وێنەیەکی لێم گرت و منیش ئەو وێنەیەم لە ماڵپەڕەکەم دانا، کە پاشان دەنگدانەوەی لێ کەوتەوە و پاڵپشتیی خەڵک بۆ ئەم کارەم زیاتر بوو.

(باسنیوز): ئێستا چ هەستێکت هەیە کاتێک جگە لە ناوبانگی وەرزش، ناوبانگێکی ترت هەیە؟
پووپەک بەسامی: پاڵپشتیی گەرمی خەڵک لەم کارەم وای کردووە، بە حەزێکی زیاترەوە درێژە بەم خزمەتەم بدەم و تا کۆتایی لەسەر ئەم ئەرکەم دەمێنمەوە، ئەو کاتانەی وەرزشم هەبوو و پڕۆڤەی بەرزکردنەوەی قورساییم دەکرد، لە کاری پەرەستاری دوور کەوتبوومەوە، بەڵام لەم کاتەدا گرنگترین ئەرەکە و دەبێ بەردەوام بم تا کۆتایی بەم پەتایە دێت، خۆشحاڵم خەڵک بایەخ بە من دەدەن و ئەم ناوبانگەم پێ خۆشترە، چونکە هەست دەکەم بە شێوەیەکی جیاوازتر لە دڵی خەڵکدام.

(باسنیوز): پلانی وەرزشییت بۆ دوای کۆڕۆنا هەیە؟
پووپەک بەسامی: دوای گەڕانەوە بۆ ژیانی ئاساییمان، یەکەم هەنگاوم دەبێت بە شێوەیەکی زۆر جدی پڕۆڤە تاکەکەسییەکانم بکەم، تاکوو دیسانەوە پێوانە وەرزشییەکانم بەدەست بهێنمەوە، بەدڵنیایەوە خۆم ئامادە دەکەم بو ئەوەی لە کێبڕکێیانی نێودەوڵەتی ناوم بێتەوە و پێوانەی باش بەدەست بێنم.

(باسنیوز): قسەی کۆتاییت بۆ خوێنەرانی تازەت بڵێ.
پووپەک بەسامی: من سێ ساڵە وەرزشوانی هەڵبژاردەی ئێرانم و پڕ بە دڵ خوشحاڵم بۆ یەکەم جار  میدیایەکی کوردی منی بەسەر کردووتەوە، ئەمە یەکەم چاوپێکەوتنی منە لە میدیایەکی کوردی، نەتەوەی خۆمم خۆش ویستووە و شانازیی بە کوردبوونمەوە دەکەم، دڵنیاشم کوردیش منی خۆش دەوێت و هیوادارم هەرچەندە بچووکیش بێت، بەڵام ببم بە شانازییەک بۆ میللەتەکەم.