كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

پەرلەمانی عێراق داوای دانوستانی نێوان عێراق و تورکیا دەکات لەسەر پرسی ئاو

ئەندامێکى لێژنەى کشتوکاڵى پەرلەمانى عێراق رایگەیاند داوایان کردووە دانوستانی نێوان عێراق و تورکیا لەسەر پرسى ئاو دەست پێبکاتەوە سەرەڕاى ناکۆکییەکانى ئێستای نێوان ئەو دوو وڵاتە.

محەمە ئەمین فارس، جێگرى سەرۆکى لێژنەى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو زەلکاوەکانى پەرلەمانى عێراق بە(باسنیوز)ى راگەیاند: "دواى تەواوبوونى بەنداوى ئەلیسۆى تورکیا ئەو وڵاتە دەستیکرووە بە گلدانەوەى ئاو، لە داهاتووشدا کارگەرییەکانى ئەو بەنداوە لەسەر عێراق و هەرێمى کوردستان دیار دەکەون، چونکە ئەو بەنداوە بڕێکى زۆر ئاو گلدەداتەوە، بۆیە پێویستە بە زووترین کات کار لەسەر بابەتی ئاو بکرێت و دانوستانەکانى نێوان عێراق و وڵاتانى دراوسێ دەست پێبکاتەوە".

راشیگەیاند: "بە ئامانجى دەستپێکردنەوەى دانوستانەکانى نێوان عێراق و تورکیا داوامان لە حکوومەت کردووە، بە زووترین کات دەست بە گفتوگۆکان بکەن بۆ ئەوەى بگەینە رێگە چارەیەکى هاوبەشى دوولایەنە، هەرچەندە ئێستا نێوانى عێراق و تورکیا بەهۆى هێرشەکانى تورکیا ساردى تێکەوتووە بەڵام دواخستنى دانوستانەکان زیان بە عێراق دەگەیەنێت".

ئاماژەى بە ئەوەش کرد" بەهەر نرخێک بێ پێویستە عێراق لەگەڵ وڵاتانى ئێران و تورکیا بگاتە رێککەوتن، بەتایبەت تورکیا چونکە ئەوان لەرووى جوگرافییەوە ئەوان لەسەرووى ئێمەن و سەرچاوەى ئاوەکە لاى ئەوانە، بۆیە پێویستە عێراقیش کارتەکانى خۆى بەکاربهێنێت و لە دانوستانەکاندا ژیرانە مامەڵە بکات".

ئەوەشى خستەڕوو" لەچەند رۆژى رابردوو چەند هەوڵێکمانداوە لەوانەش سەردانى وەزارەتى کشتوکاڵمان کردووە و پاشان کۆبوونەویەکى لێژنەى کشتوکاڵمان لە پەرلەمان ئەنجامدا و جەختمان لەسەر پێویستى ئەنجامدانى دانوستانەکان کردەوە".