هەڵسەنگاندنی كارەكانی كابینەی نۆیەم و چەند پێشنیارێك بۆ بەڕێز سەرۆكی حكوومەت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

هەڵسەنگاندنی كارەكانی كابینەی نۆیەم و چەند پێشنیارێك بۆ بەڕێز سەرۆكی حكوومەت

ئەم نامەیە، لە کوڕی پێشمەرگە و سەرکردەیەکی و پاک و خەباتگێڕەوەیە بۆ تێکۆشەر و شۆڕشگێڕ و کوڕی سەرۆکی کوردان، کاک مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
ڕێزدار کاک مەسرور بارزانی، ساڵێک بەسەر تەمەنی کابینەی نۆیەم، کە جەنابت سەرۆکایەتیی دەکەیت، تێپەڕی و ساڵێکی بە هەوراز و نشێومان بەڕێ کرد. میدیا سەرەکییەکان تەنیا باسی دەسکەوتەکانت دەکەن و بێ شیکاری بۆت مۆر دەکەن، کە تا چەند لە سەرکردایەتیکردنی حکوومەت و کارەکانت سەرکەوتوو بوویت. لەبەرامبەردا میدیا سێبەرەکان و نەیاری کارەکانت بێ شیکاری و بێ ڕاگرتنی هاوسەنگی و بێلایەنی، دەیانەوێت وێنەی کابینەکەت بە (شکستخواردوو) پیشان بدەن، بەڵام من، کە پێم وایە زۆر لە کەسایەتیی شارەزای سیاسی و ئیداری و ئەکادیمی هاوڕام دەبن، یان لایەنی کەم بیرکردنەوەکەم بە هەڵە نازانن، دەمەوێت بە لۆژیکێکی تر لەگەڵ جەنابت دایەلۆگ لەسەر ساڵێکی تەمەنی کابینەکەت بکەم.
جەنابی کاک مەسرور، کابینەی نۆیەم لەدوای ماوەیەکی باش لە دانوستاندن لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، بە بەشداریی یەکێتی و گۆڕان و ئۆپۆزسیۆنبوونی کۆمەڵ و یەکگرتووی ئیسلامی و بەشداریی لایەنەکانی تر و نەتەوەی تورکمان و برا کریستییانەکان دامەزرا. دواکەوتنی پێکهێنانی کابینە لەسەر بنەمای لێکتێگەیشتن و بەشداریی لایەنە سەرەکییەکان، لەپێناو هاوبەشی لە ئیدارەدانی کوردستان و ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو گرفتەکان و بەهێزکردنەوەی کوردستان، گرنگترین هەڵوێستی سیاسیی دروستی بەڕێزتان بوو، کە هێمنیی سیاسی و چاکسازی و باشکردنی گوزەرانی هاونیشتمانییان دەستەبەر بکات. بۆیە وەک شیکارییەکی سیاسی دەتوانم بڵێم، بەڕێزتان بە باشترین شێوە دەستتان بە حوکمڕانیی کابینەکەتان کرد و ئەوەش ئومێد و چاوەڕوانیی زۆری لای هاووڵاتییان دروست کرد.

لە سەرکەوتووترین کارەکانتان لە دەستپێکدا:
گەڕاندنەوەی شکۆ بۆ هاووڵاتییان لەناو دامودەزگاکانی حکوومەت و ڕێکخستنی دەوام و گۆڕینی هەڵسوکەوتی بەرپرسانی حکوومەت، لە فەرمانڕەواوە بۆ خزمەتکردنی هاونیشتمانییان.
پەیامێکی بە‌هێز بوو بۆ گەندەڵکاران و بەرتیلخۆران، کە لێپرسینەوە دەست پێدەکات، کە بووە هۆی ئەوەی هاووڵاتی هەست بکات ئیشی دەڕوات، بێ ئەوەی بەرتیل بدات و واستە بکات. بەڵێنی چاکسازی لە هەموو جومگەکانی حوکمڕانی و داهات و خەرجییەکان، کە زۆر کەس پێیان وابوو ئەوە تەنیا دروشمی هەڵبژاردنە و کاری لەسەر ناکرێت.

کاک مەسرور، جەنابت تەنیا بە دەرخستنی ئیرادە، کە ئامادەی لەپێناو ئەنجامدانی چاکسازی و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، هەنگاوی کردەیی بنێیت، گەورەترین سەرکەوتنت تۆمار کرد، چونکە ئێستا کەس ناتوانێت بڵێت کابینەی نۆیەم ئیرادە و ئامادەیی چاکسازی و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیی نییە. ئەگەر کەسانێک پێیان وابێت ئەمە کەمە، ئەوا مێژوو و ئەزموونی دەیان وڵاتی تر پێمان دەڵێ، کە تەنیا دەرخستنی توانا و ئیرادە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی سەرکەوتنێکی گەورەیە. جەنابتان و هەموو کەسانی خاوەن فکری دروست و شارەزا دەزانن، کە ناکرێت گەندەڵی بە ساڵێک و دوو، یان تەمەنی کابینەیەک بەتەواوەتی بنبڕ بکرێت، بەتایبەتیش کە ساڵانێكی زۆرە گەندەڵی گەشەی کردووە، بۆیە چاوەڕوانی لە کابینەی جەنابت کە گەندەڵی نەهێڵیت، ناهەقییە بەرامبەر بە کارێک، کە بە پرۆسە گەشەی کردووە و دەبێت بە پرۆسەش ڕووبەڕووی ببینەوە و بیگۆڕین. کاک مەسرور بە کاریزمایی خۆت و ئیرادەت، جەنابت توانیت بەردی بناغەی قۆناغی بەرەنگاریی گەندەڵی و چاکسازی دابنێیت و ئەوەش دەستکەوتێکی زۆر گەورەیە.

لە بابەتی بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنا، دووبارە سیاسەتی کابینەکەتان بۆ پاراستنی ژیانی هاووڵاتییان سەرکەوتوو بوو کە بە شاهێدیی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و دکتۆرە شارەزاکانی بوارەکە لەناوە و دەرەوەی هەرێم، ڕێکارەکان بە سەرکەوتوو و دروست هەڵسەنگێندران، بەڵام بەداخەوە بە هۆی درێژبوونەوەی ماوەی ڕێکارەکان و کاریگەریی لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵک، لەکۆتاییدا کوردستانیش بەر شاڵاوی کۆرۆنا کەوت، کە بەشێکیشی بۆ کەمتەرخەمیی هەندێک لە بەرپرسانی چەند بازگەیەک دەگەڕێتەوە، کە سنووریان لەگەڵ دەوڵەتی ئێران کردەوە و پابەندی ڕێنماییەکانی وەزارەتەکان نەبوون. لەگەڵ ئەوەی زۆر هەوڵ درا بابەتی کۆرۆنا بە سیاسی بکرێت و کابینەی نۆیەمی پێ بشکێنن، بەڵام دووبارە هێمنی و ڕێگای دروستی کارکردنتان توانیی ئەو هەوڵانەش پووچەڵ بکاتەوە. جەنابی کاک مەسرور، بابەتی کۆرۆنا بابەتێکی نێودەوڵەتییە و لە سەرانسەری جیهان بە سیاسیی کراوە، بەڵام من داواتان لێ دەکەم، کە ئێمە ناتوانین بکەوینە ململانێی سیاسیی نێودەوڵەتی، بۆیە حکوومەت لەسەریەتی هاووڵاتییان بپارێزێ و پێویستە شەفافیەتی زیاتر پەیڕەو بکرێت.

جەنابی کاک مەسرور، لە بابەتی گفتوگۆ و ڕێککەوتن لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی لە ناوەند، لەسەر بودجە و فرۆشتنی نەوت، لەسەرەتادا سیاسەتی کابینەکەتان دروست بوو بۆ هەوڵی گفتوگۆ لەپێناو ڕێککەوتنێکی درێژخایەن، بەڵام بەداخەوە هەلومەرجی کابینەی عادل عەبدولمەهدی ڕێگر بوو لەبەردەم کۆتاییهێنان بە ڕێککەوتنەکە و دواتریش لەگەڵ دامەزراندنی کابینەی بەڕێز کازمی، شاندی دانوستانکاری کوردستان لەژێر گوشاری دەستەبەرکردنی مووچەی فەرمانبەران، نەیانتوانی و سەرکەوتوو نەبوون لە گەیشتن بە هیچ ڕێککەوتنێک. ڕاستە دابەزینی نرخی نەوت و ڕێکارەکانی خۆپارێزی بە هۆی کۆرۆنا، داهاتی حکوومەتی نە‌هێشت، بەڵام دەکرا بە هەر شێوازێک بێت و بەتایبەتیش ئەگەر قەرزیش بکرێت، ئەوا مووچەی فەرمانبەران دەستەبەر بکرابایە، بۆ ئەوەی لە کاتی دانوستان لەگەڵ بەغدا، فشاری ڕێککەوتن و تەنازولکردن و بەرزکردنەوەی داواکارییەکانی بەغدا نەبنە هۆکاری پاشخستنی رێککەوتنەکان. کاک مەسرور، کە کابینەی نۆیەم دەستبەکار بوو، حکوومەت هیچ بڕە پارەیەکی وەک بودجە لەبەردەستدا نەبوو، بگرە کابینەکانی پێشوو قەرزێکی زۆریشیان بۆ ئەم کابینەیە بەجێ هێشتووە، کە بەهۆی هەل و مەجەکانی ئەوکات لەپێناو پێدانی مووچە و ئیدارەدانی شەڕی داعش کردبوویان و بەشێکی زۆریشی مووچەی پاشەکەوتکراوی فەرمانبەرانە. دەکرا لەو هەلومەرجە پێشبینی نەکراوە، حکوومەت بڕێک قەرزی ناوخۆیی و دەرەکی بکردبا، بۆ ئەوەی هەلومەرجی دارایی حکوومەت لەلایەن بەغدا وەک خاڵی لاواز تەماشا نەکرێت و بەکار نەهێندرێت. ئێشتاش داواکارم لە بەڕێزتان، کە شاندی دانوستانکار پاڵپشت بکەن بە چەند کەسایەتییەکی سیاسیی دیاری ناو پارتی و یەکێتی، کە خاوەن ئەزموونن لەگەڵ بەغدا و دەتوانن هاوکاریی شاندەکەی حکوومەت بکەن.

بەڕێز جەنابی سەرۆکی حکوومەت، لەکاتێکدا هەموو هەوڵەکانتان لەپێناو خزمەتی خەڵک و ئیدارەدانی قەیرانی تەندروستی و نەبوونی پارە و داهاتە، ئێوە حکومڕانییەکی سەرکەوتووتان کردووە. بەڵام لەو پرۆسەیەدا پێگەی پەرلەمان لاوازی و بێ متمانەیی پێوە دیارە. ململانێکانی ناو پەرلەمان لەپێناو خزمەتی خەڵک نییە و بووەتە ململانێی نێوان لایەن سیاسییەکان و پەرلەمانتاران رای گشتی و خەڵک چەواشە دەکەن. پەرلەمان سەرکەوتوو نەبووە لەوەی ڕۆڵی کارا لە چارەسەری گرفتە سیاسییە ناوخۆییەکان ببینێت، بەپێچەوانەوە، بووەتە بەشێک لە کێشەکان. زۆر پێویستە ئێوە فریای پەرلەمان بکەون و لەو گێژاوەی تێی کەوتووە دەری بهێنن و هەوڵی گەڕاندنەوەی شکۆی ئەو دامەزراوە دەستوورییەی هەرێم بدەن، کە بووەتە جێگای موزایەدەی سیاسی و حزبی و خەریکە هەژموونی حزبی بەتەواوەتی بەسەریدا زاڵ دەبێت.

جەنابی کاک مەسرور، پێشینان دەڵێن، لەگەڵ دوو هەنگاو چوونە پێش، هەنگاوێک بۆ دواوە، جەنابت چەند هەنگاو چوویتە پێشەوە و ئێستا کوردستان پێویستی بە هێمنی و یەکڕیزیی سیاسی هەیە، بۆیە رۆڵی ئێوە وەک سەرۆک وەزیران و وەک کەسایەتیی خۆشتان، بۆ دەستەبەرکردنی ئەو یەکڕیزییە زۆر گرنگە، ناکرێت لایەنێکی سەرەکیی وەک یەکێتی لە حکوومەت لەگەڵت بەشدار بێت و لە پەرلەمان دژایەتیت بکات و لە ڕاگەیاندنەکان و تەنانەت کۆبوونەوە فەرمییەکانیشیان هەڵویستیان دژی حکوومەت بێت. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ناکرێت هاوبەشی نیوەی ڕێگا بێت، گەلی کوردستان باش دەزانێت، کە لە حوکمڕانیی کوردستان هاوشێوەی پارتی، یەکێتی لە سەرەتاوە لە چاک و خراپی بڕیارەکانی پێشوو بەشدار بووە و رۆڵی هەبووە، بۆیە بە دژایەتیکردنی کابینەی حکوومەت ئەوە ناسڕێتەوە، کە لە دەیان ساڵی حوکمڕانیی کوردستان بەرپرسیارن و لە سەرجەم بڕیاررەکان تێدا بوون و ئێستاش تێیدان. گرنگە جەنابتان لە حکوومەت و لە ڕێگای پەیوەندییەکانی خۆتانەوە بێنە سەر خەت و رۆڵی لێک نزیکبوونەوەی پارتی و یەکێتی بدەن، لایەنی کەم لەپێناو هاوکار بوون لە حوکمڕانی و ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو ئەو قەیران و پیلانانەی بەرامبەر بە کوردستان لەئارادان. ئاشکرایە کۆمەڵێک بڕیار و هەنگاوی یەکێتی، هەر لە سەربەخۆیی ئیداری و دارایی، پابەندنەبوون بە بڕیارەکانی حکوومەت لەسەر خۆپارێزی و بەرەنگاریی کۆرۆنا، تا دوا بڕیار لە هەڵپەساردنی کارەکانیان لە پەرلەمان، هەمووی بۆ دروستکردنی گوشارە بۆ سەر پارتی بۆ دانوستان و قبووڵکردنی سەرکردایەتیی نوێی یەکێتی، بۆیە لەپێناو کوردستانێکی بەهێز و سەرخستنی ئیرادەی چاکسازی و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و پارێزگاری لە قەوارەی سیاسیی کوردستان و رێککەوتنێکی درێژخایەن لەگەڵ بەغدا و هەموو ئاستەنگەکانی تر، دەبێت جەنابتان وەک برا گەورە، هەوڵێکی جدی بدەن بۆ دروستکردنی سەقامگیریی سیاسیی ناوخۆیی و دروستکردنی یەکڕیزی لە بڕیارە سیاسییەکان.

لە کۆتاییدا، جەنابی کاک مەسرور، کابینەی نۆیەم ساڵێکی پڕ کاری بەڕێ کرد، لەم ساڵەدا دەستکەوتەکان بەرچاون و لە هەمووش گرنگتر، مۆدێلی حوکمڕانییەکە سەرکەوتووە و بە لەبەرچاوگرتنی هەلومەرجەکان، هەڵسەنگاندنێکی ئەکادیمی پێمان دەڵێ، لە بەهێزترین و دیارترین دەستکەوتەکان ئەو ئیرادە روون و ئاشکرایەیە، کە جەنابتان و تیمی حکوومەت بۆ چاکسازی و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی هەتانە. لەپێناو بەردەوامیی سەرکەوتنەکان، ئەرکی نوێ و قورستر دەکەوێتە سەر شانتان، کە ئەویش دروستکردنی یەکڕیزی و سەقامگیریی سیاسیی ناوخۆی هێزە سیاسییەکانە.