ئاهه‌نگی دیموكراسی
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

حكوومه‌تی سووریا هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانیی به‌ڕێوه‌ برد، به‌بێ ئه‌وه‌ی ئاوڕ له‌ ئاكامی ئه‌و پرۆسه‌ ده‌ستووری و سیاسییه‌ بداته‌وه‌، كه‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان سه‌رپه‌رشتیی ده‌كات، ئه‌و هه‌لّبژاردنه‌ی رۆژنامه‌نووسێكی سووری له‌ وتارێكی خۆی له‌ رۆژنامه‌ی (شەرقل ئه‌وسه‌ت)دا ناوی نا به‌ هه‌ڵبژاردنی (ئەنجوومەنی شه‌ڕ)، مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه‌، كه‌ ئەنجوومەنی تازه‌ی گه‌ل (ئەنجوومەنی جه‌نگه‌)، هه‌روه‌ها له‌ رۆژی به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌شدا گوتی، هیچ گۆڕانێكی تێدا به‌دی نایه‌ت، نه‌ ئەنجوومەنه‌كه‌ گۆڕاوه‌، نه‌ ئه‌و گه‌له‌ی ده‌نگی بۆ داوه‌، ئیدی ئه‌وه‌ی پێویسته‌ بگۆڕدرێت (گه‌لی سووریا)یه‌، به‌ واتای ئه‌وه‌ی، كه‌ دامه‌زراوه‌كانی رژێم له‌ گۆڕان نایه‌ن، ئیدی هه‌ر ده‌بێت شتێك بگۆڕدرێت، ئه‌ویش گۆڕینی (گه‌ل)ـه‌!


هه‌ر كه‌ گرووپی حكوومه‌ت ده‌نگدانیان به‌ڕێوه‌ برد، ئۆپۆزسیۆن سه‌رجه‌م پرۆسه‌كه‌ی دایه‌ به‌ر ره‌خنه‌، نه‌سڕ حه‌ریری، سه‌رۆكی ئیئتیلاف له‌ چه‌ند چریكه‌یه‌ك (تویتێك)دا هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی به‌ "گاڵته‌جاڕی" په‌سن دا، ئه‌وه‌ هێنده‌ به‌ تویته‌كانی شاد نه‌بوو، به‌ڵكوو هه‌ر زوو له‌ لایه‌ن خه‌ڵكانی چالاك و سه‌ركرده‌ی سه‌ربه‌خۆی جودا له‌ ئۆپۆزسیۆن ره‌خنه‌یان لێ گرت، له‌نێو ره‌خنه‌گرانیشدا كه‌سانی كاریگه‌ر هه‌بوون، هه‌ڵبه‌ت نه‌ك بڵێی داكۆكییان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ ده‌كرد، به‌ڵكوو پێیان وا بوو پرۆسه‌كه‌ بۆ خۆی ده‌رفه‌تێكی گه‌وره‌ بوو تا ئۆپۆزسیۆن بده‌نه‌ به‌ر ره‌خنه‌، به‌تایبه‌تی ئیئتیلاف، ئه‌وان دوو وێنه‌یان هێنا و به‌ فۆتۆشۆپ ده‌سكارییان كرد، وێنه‌یه‌كی نه‌سڕ حه‌ریری و ئه‌نه‌س ئەلعه‌بده‌، وێنه‌یه‌كی به‌شار ئه‌سه‌د و ئه‌سمای ژنی، كه‌ ده‌نگ ده‌ده‌ن، ئه‌وان ئاماژه‌یان به‌ خاڵێك كرد به‌ واتای ئه‌وه‌ی، ئه‌ی ئۆپۆزسیۆن ئێوه‌ له‌ حكوومه‌ت باشتر نین، پێشیان وابوو، كه‌ (ئاهه‌نگی دیموكراسی) به‌ر له‌ هه‌فته‌یه‌ك بوو، كاتێك ئاڵوگۆڕیان به‌ ئه‌نه‌س ئەلعه‌بده‌ و نه‌سڕ حه‌ریری كرد، ئیدی نه‌سڕ سه‌رۆكی ئیئتیلافه‌، ئه‌نه‌سیش له‌ سه‌رۆكایه‌تیی ده‌سته‌ی دانوستاندا جێی نه‌سڕی گرته‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئۆپۆزسیۆن كه‌سانی هاوشانی نه‌سڕ و ئه‌نه‌سی نه‌بێت.


به‌ هه‌مان ئاراسته‌، كه‌سایه‌تییه‌كی زۆر گرنگی سه‌ربه‌خۆی ئۆپۆزسیۆن، كه‌ یاساناسه‌ گوتی، كه‌ ئه‌و باسی هه‌ڵبژاردنی رژێم ناكات، به‌ڵكوو ئه‌وه‌ شتێكه‌ شایانی دوو وشه‌ نییه‌، ده‌شپرسێت، باشه‌ له‌به‌ر چ ئۆپۆزسیۆن له‌ ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆی هه‌ڵبژاردنی ئەنجوومەنه‌كانی خۆجێیی ناكات؟ چ پاساو و هۆیه‌ك هه‌یه‌ بۆ ئه‌مه‌، جگه‌ له‌وه‌ی خه‌ڵكانێك له‌م ره‌وشه‌ی ئێستا سوودمه‌ندن.


هه‌ر به‌ راست ره‌خنه‌ له‌نێو ئۆپۆزسیۆندا رووی له‌ گه‌شه‌یه‌، خه‌ڵك بوێری ده‌نوێنێت و رای سیاسی ده‌خه‌نه‌ روو!


ماوه‌ته‌وه‌ بڵێین، ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ رووی دا و ئه‌وه‌ی به‌ر له‌ هه‌فته‌یه‌كیش رووی دا، نیشانه‌یه‌ بۆ ته‌نیا یه‌ك شت، هه‌ردوو ئاهه‌نگه‌كه‌ هی یه‌ك هۆڵن، جیاوازییه‌كه‌یان ته‌نیا له‌ ناوه‌كه‌یاندایه‌، ئه‌م ئاهه‌نگه‌یان ناوی رژێمه‌، ئه‌وی دیكه‌شیان ئۆپۆزسیۆن، هه‌ردووكیشیان له‌ رووی كردار و ره‌فتاره‌وه‌ چون یه‌كن. ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه‌، ئێمه‌ له‌ سه‌رده‌می "ئاهه‌نگی دیموكراسی"داین و له‌سه‌ر نه‌زمی شه‌ڕ و پشێوی.