زیندانیش بەشێكە لە نیشتمان
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

زیندانیش بەشێكە لە نیشتمان


مەبەستی سەرەكیم لەم نووسینە، گێڕانەوەی ئەزموونێكی خۆمە لەگەڵ زیندانییان. شەوێكی درەنگ، دوای كار و فڕینی نووسین، شەیتان دەستی برد و ڕۆمانی (پێنجەمین كتێب)ی خۆمی دایە دەستم، گوتی:
- ئەو كتێبە شێتی كردووم، جارێك تێیدا ون دەبم و جارێك فڕێی دەدەم.

شەیتان دەزانێ من چەند عاشقی ئەو ڕۆمانەم، هەر لاپەڕەیەكی بۆ من ئەفسانەیەكە، هەموو دێڕێكی بۆ من سەرەتایەكە. هەر لاپەڕەیەك شەیتان بیكردبایەوە، دەستم دەكرد بە خوێندنەوەی و گەشكە دەیگرتم، زۆر زۆر زۆر لە دنیا و زەوی و ئینسان دوور كەوتبوومەوە و لە شەیتان نزیك، لاپەڕەیەكی كردەوە، منیش خوێندمەوە:
- ونم كە، ون ون ونم كە،
هێندەی هەزاران دار هەنار،
گەڵام بەسەردا بڕێژە.

لاپەڕەیەكی دیكە:
ئاغای ئەتایی شیرازی دەیویست كاكی كورد لەو كچە ئەرمەنە دوور خاتەوە، پێی گوت:
- ئەو ئەرمەنانە تا ئێستا خۆشیان ڕانەوەشاندووە تا وەك بەرخێك خوێنی مێژوویان لێ بێتەوە، تۆی كوردیش لەوان خراتر. من بە گوڵاو شوشتمی تا بۆن خوێنت لێ ببێتەوە، كەچی یەك تاكە دلۆپم لەو خوێنە لەبیر چێ، سەرلەنوێ بۆنی خوێن تەواوی لەشت دەتەنێتەوە.

بە شەیتانم گوتم:
- ڕاستە، ئەو خەڵكە چ تاوانێكی كردووە، تا ئەو هەموو بەردە فڕێ دەمە ناو دڵیانەوە.
ئەو گوتی تۆ لە من شەیتانتری، تۆ وەڵام دەوە.

ئەو شەوە تا درەنگە لەسەر چۆك دانیشتم و بیرم كردەوە. كە هەستام ئەژنۆم سڕ بووبوو، پشتم ڕاست نەدەبووەوە. پرسیم:
- خودایە چ هێزێك لە وشەدایە، كە تا ئەمڕۆ هێزی وشە لە هێزی ئەتۆم كاریگەرترە!
بەڵام ئەو وەڵامەی شەیتان نەیتوانی بیداتەوە، من دەستم كەوتبوو. بە خۆم گوت:
ئەو ڕۆمانە، كە غەرقبوونە لە تاریكی، قووڵبوونەوەیە لە (خۆدا)، بۆ كێ باشە؟ لەناكاو وەك شەیتان هاتبێتە ناو مێشكمەوە، گوتم:
- بۆ كەسێك چاوەڕێی زەنگی مۆبایل نەكات. بۆ كەسێك چاوەڕێی كردنەوەی دەرگا و میوان نەبێت، بۆ كەسێك لەگەڵ خۆیدا بێت، چاوێكی لەسەر منداڵەكەی و چاوێكی لە چوونەوە دەرەوە نەبێت. ئەو ڕۆمانە بۆ كەسێكە وەك ئادەم تەنیا بێت.

- ئەو شوێنە زیندانە! وام بە خۆم گوت، ئەودیو دەرگا داخراوەكانە. ئەو كەسانەی نە چاوەڕێی كەسێكن بێتە لایان و نە بەنیازن بچنە دەرێ و نە تەلەفۆنەكانیان هەمیشە لەسەر پێیە. نە هۆڕنی ئۆتۆمبیل گێژی كردوون. ئەوانەش ئەو زیندانییانە نین چاویان لە دەرگایە، دوێنێ هاتوون و بەیانی بەنیازن بدەنە شەقەی باڵ. نا، ئەو كتێبە دەبێ بچێتە ناو ئەو ژوورانەی كە دەمێكە نەكراونەوە و بۆنی تەنیایی هەزاران ڕۆژیان لەسەر یەك كەڵەكە بووە.

پەیوەندیم بە دۆستێكی ئەفسەرمەوە كرد، پێشڕەو عەبدوڵا، هەم ئەفسەر و هەم خوێنەر و هەم نووسەر، مەبەستەكەم تێگەیاند. گوتی زۆر باشە، هەر سبەینێ دەچین. ئەو دەردەكەی دەناسی، وەك گوڵ كارەكانی ڕێكخست.

بەڕێوەبەری زیندان ئەفسەرێكی خوێنشیرین و تێگەیشتوو، پێشوازییەكی گەرمی كردین و گوتم:
- دەمەوێ كۆمەڵە كتێبێك پێشكەشی زیندانییان بكەم، تا ڕزگاریان بێت لە تەنیایی؟ مەبەستم هەر ڕۆمانەكەی خۆم بوو.
یەكێكیان گوتی:
- جا بۆ چییانە، ئەوان هەر لە ژوورێدان و حوكم دراون.
من گوتم:
- دۆستی عەزیزم، ئەوان كە حوكم درابن یان نا، ئەندامی ئەو كۆمەڵگەیەی ئێمەن و بەشێكن لە ئێمە. ناكرێ هەروا بێ ئاگا بن. دەبێ ئامادەیان بکەینەوە بۆ ئەو ڕۆژەی دێنەوە ناومان.
بەڕێوەبەری خوێنشیرین پرسی:
- جا كتێبیان بۆ دەهێنی؟ دەتەوێ كۆڕیان بۆ بكەی؟
من كە هەر بەنیازی ئەوە بووم كتێبەكانیان بۆ بدەمە ئیدارەكەیان، ئەو پێشنیارەم بە هەل زانی و گوتم:
- زۆر باشە، كە كارەكەمان بۆ ڕێكخەن، دەمەوێ كۆڕێكی كورتیشیان بۆ بكەم، بەڵام پرسیارێكم هەیە. ئایا لای ئێوە زیندانیی هەیە حەوت ساڵ بێت لە ژوورێدا بێت و حەوت ساڵیشی مابێت؟
گوتی:
- بێ گومان هەمانە، زیاتریش.
من گوتم:
- پێم خۆشە ئەوان بەشدار بن.

بەهۆی ڕۆمانی (پێنجەمین كتێب)ەوە، كە ناوی ڕاستەقینەی پێنجەمین كتێبی خودایە، كە لەپشت هەر وشەیەكیەوە ئیبلیسێك خەوتووە، كارمان گەیشتە (بەندیخانەی مەحەتە)، بەرنامەمان دانا، رۆژ دیاری كرا.

پەیوەندیم بە هەموو دەزگاكانی چاپ و بڵاوكردنەوەی كتێبەوە كرد و داوای كتێبم لێ كردن، زیاتر لە شەش سەد كتێبم بۆ كۆكردنەوە و بۆ خۆشم نزیكەی سەد كتێبم بۆ كڕین. برادەرەكانم، كە زۆربەیان ڕۆژنامەنووس بوون و لە تەلەڤزیۆنەكانیش كاریان دەكرد، هەموو لایەكیان لەو چالاكییە تێگەیاندبوو.

لە رۆژی دیاریكراودا، پێش ئەوەی بچمە ژووری زیندان، كە هەر چوونەژوور زەحمەت بوو، دیتم چەندان گرووپی تەلەڤزیۆنی بە خۆ و كامێرا و پەیامنێرەوە لە بەردەرگا وەستاون، كچی ناسك و شەنگە ژنیشیان لەگەڵدا بوو. ڕێگای چوونەژوورەوەیان نادەن. لەدوای گفتوگۆ و هەرایەكی زۆر ڕێگایان بۆ كردنەوە. ئەوانیش حەقیان بوو ڕێگایان نەدەدان، یان داوای جۆرێك لە پرەنسیپ و ڕێكاری یاساییان دەكرد، ئێمەش حەقمان بوو زیاتریش پێداگر بین، چونكە زیندانیش بەشێكە لە نیشتمان.

بۆچی سوور بووم لەسەر ئەو چالاكییە؟
- هۆی یەكەم و دووەم و سێیەم گەیاندنی ڕۆمانە بۆر بوو بەو كەسانەی كە بەڕاستی تەنیان. دەشێ ئەوەش بەشێك بێت لەو سزایەی بۆیان نازل بووە.

- دەمویست لەوێ، كە گوێی تامەزرۆتر هەیە، باسی گرنگیی كتێب و وشەیان بۆ بكەم.
- من هەمیشە وا بیر دەكەمەوە، كە پێویستە ئەوانەی لە زیندانن بە هەر هۆیەوەكەوە بێت، بەشێكن لە كۆمەڵگە و بەردەوام ئامادە بكرێن، كە بگەڕێنەوە بۆ ناو ژیانی ئاسایی. دەبێ كۆڕیان بۆ بگێڕدرێت و سیمیناریان بۆ ساز بكرێت و فیلمیان بۆ نماییش بكرێت.

- ئەو هەستە لای زیندانییان دروست بكرێت، كە هەستی ئینسانی لەدەرەوە لە خەمی ئەوانە، تا ڕق لە كۆمەڵگە هەڵنەگرن و ڕووحیەتی خۆشەویستییان بۆ دەوروبەریان خامۆش نەبێ.

- لە هەموو ئەوانە گرنگتر، لە ناخی مندا یاخیبوونێك هەیە و زۆر جار دەردەكەوێ، دەمویست كە هیچ نەبێ لە دنیای زەینیی خۆمدا دیواری زیندان و تەلدڕ و شیش و دەرگای پۆڵا بشكێنم و ژیانی سەر شەقام بە بۆن و بەرامەی ژنەوە، تا بەردەمی زیندانییانی بەشی قورس بەرم.