بەربەستەکانی بەردەم بە دیموکراسیبوونی عێراق
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

بەربەستەکانی بەردەم بە دیموکراسیبوونی عێراق

 

کۆمەڵناس (عەلی وەردی)پێی وایە کە "دیموکراسی چارەسەری هەموو کێشەکانی عێراقە". لەسەردەمی جەنگی دژی عێراق، ئەمریکا هەموو هەوڵی دا کە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی پێکبهێنێت دژی عێراق، ئەمەش بۆ ئەوە بوو کە هێرشی سەر عێراق بکاتە کارێکی یاسایی نێودەوڵەتی. ئەمە لە کاتێکدا بوو کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نەیتوانی رەزامەندی ئەنجوومەنی ئاسایش بەدەست بهێنێت و بەبێ رەزامەندی و بریاری ئەنجوومەنی ئاسایش هێرشی کردە سەر عێراق. جەنگی عیراق لەرووی سەربازییەوە زوو کۆتایی هات، بەوەی کە کەمتر لە نیو مانگ هەموو هێزەکانی عێراق توانای بەرگریکردنیان نەما بەرامبەر بە هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی. سەرکەوتن بەسەر وڵاتێکدا لەرووی سەربازییەوە بەو مشانایە نایەت کە بتوانی ئەو وڵاتەش بەرەو دیموکراسی ببەی، ئەمەش لە عێراق رووی دا. رەنگە سەیر بێت کە بۆ نەتوانرا لە عێراق دیموکراسی بەدی بهێنرێت؟ دیموکراسیش لە عێراقەوە بۆ وڵاتانی دیكەی رۆژهەڵاتی ناوەراست بگوازرێتەوە؟

لە سەرەتای هێرشی هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ سەر عێراق، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێی وابوو کە عێراق وەک وڵاتانی رۆژهەڵاتی ئەورووپا دەبێت لە دوای رووخانی یەکێتی سۆڤیەت. هەندێک لە وڵاتان بوونە دیموکراسی و هەروەها بوونە لایەنگری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وەک پۆڵەندا، بەڵام زۆر وڵاتیش هەن کە لە یەکێتی سۆڤیەت جیابوونەتەوە وەک کازاخستان و ئۆزبەکستان کە نەیانتوانی ببنە وڵاتی دیموکراسی و لایەنگری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

عێراق وەک وڵاتێک کەلتووری دیموکراسیبوونی نەبووە کە خەڵکەکەی بتوانێت سوودی لێوەربگرێت، وڵاتێک بووە کە هەمیشە لە ململانێی نەتەوایەتی و سیاسی بووە لە ناوخۆ و لەگەڵ دراوسێکانیدا. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە توانیویەتی هێرش بکاتە سەر چەندین وڵات و دووبارە بنیاتیان بنێتەوە وەک ئەڵمانیا و یابان. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا توانی لە رێگای (پلانی مارشاڵ) یارمەتی دارایی بداتە وڵاتانی رۆژئاوای ئەورووپا، بەتایبەتی ئەڵمانیای رۆژئاوا کە ئەمەش لەبەر کەمکردنەوەی هەژموونی یەکێتی سۆڤیەت بوو لەو کیشوەرەدا، هەروەها یارمەتی دارایی بەخشیە یابان کە بتوانێت دووبارە خۆی بنیات بنێتەوە. ئێستاش دەبینین کە هەردوو وڵات لایەنگری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکان، بەڵام ئەمە لە عێراقدا رووینەدا، چونکە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پیلانی دارایی نەبوو بۆ بنیاتنانەوەی عێراق وەک (پیلانی مارشاڵ). هەروەها سەرکردە عەرەبەکانی عێراق ئەو سەرکردانە نەبوون کە بتوانن رەزامەندی خەڵکەکە بەدەست بهێنن وەک (ئەحمەد چەلەبی) کە لە یەکەمین هەڵبژاردنی عیراقدا، یەک کورسیشی بەدەست نەهێنا. سەرکردە ئۆپۆزسیۆنەکانی عێراق زۆربەیان لە دەرەوە دەژیان و هەر کاتێک شتێک بە دڵنیان نەبووایە ئەوا بە فرۆکەی تایبەت دەچوونە وڵاتانی ئەوروپی. بە جۆرێک کە سیاسەتی حکوومەتی عێراق لەگەڵ خواستی خەڵک زۆر جیاوازبوو، هەر لەبەر ئەمەشە کە ئێستا نەوەی دوای رزگارکردنی عێراق گلەیی لە حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق دەکەن بۆ چاکسازی. هیچ کات سەرکردە عەرەبەكانی عێراق بە یەک چاو سەیری هەموو نەتەوەکانی عێراقیان نەکردووە، بەو مانایەی کە سەرکردەی عەرەبی شیعی هەرگیز نەیویستوە کە سوننە یان کورد بەهێز بن، لە بەرامبەریشدا، بەشێك لە کورد و عەرەبی سوننە هەموو هێزیان بەکارهێناوە بۆ ئەوەی نەکەونە ژێر دەسەڵاتی عەرەبە شیعەکانی ناو حکوومەت، کە تا ئێستا، کورد لەوە سەرکەوتوو بووە.

لەبەر ئەم هۆكارانە و چەند هۆكارێكی دیكە، عێراق بۆتە وڵاتێکی بێهێز کە نەتوانێت دەسەڵاتەکانی بەسەر هەموو وڵاتدا جێبەجێ بكات. خاڵێکی گرنگ ئەوەیە کە رای گشتیی عێراق لە بەرامبەر هێزەکانی ئەمریکا گۆڕدرا بەوەی کە هەستیان کرد وڵاتیان داگیرکراوە نەک ئازاد کراوە، ئەوەش وایکرد کە خەڵک بکەونە دژایەتیکردنی هێزەکانی ئەمریکا و وەک دوژمن سەیری بکەن.

ئێستا، لە دوای ١٧ ساڵ لە رزگارکردنی عێراق، هێشتا ئەو وڵاتە زۆر هەنگاوی ماوە کە بگات بە دیموکراسی، ئەم عێراقەی ئێستا لەسەر بناغەیێكی پتەو دانەنراوە، وڵاتێک بووە کە هیچ کات، هەموو نەتەوەیێك بە وڵاتی خۆی داینەناوە، سەرەنجامیش کۆتایی ئەو وڵاتە دابەشبوونە. چونکە تا ئێستا چەندین مانگ تێدەپەڕن تا سەرۆک وەزیران لەدوای هەڵبژاردن دەستنیشان دەكرێت و چەندین سەرۆک وەزیرانیش فشاریان دەخرێتە سەر كە بەشێكیان دەست لەكار دەكێشنەوە لەسەر ناکۆکیە ناوخۆییەكان، یانیش حكوومەتەكەیان دەكەوێتە قەیرانەوە. دەوڵەتی عێراق هیچ کات وڵاتێکی دیموکراسی نەبووە و بەم زوانەش زۆر سەختە ببێتە وڵاتیكی دیموکراسی، چ جای ئەوەی باسی ئەوە بكرێت، رۆژێك بێت عێراق دیموکراسییەکەی هەناردەی دەرەوە بكات.