وەزارەتی دارایی بڕیاری لێخۆشبوونی %15ی پێشینەی خانووبەرە و هاوسەرگیری جێبەجی دەکات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

وەزارەتی دارایی بڕیاری لێخۆشبوونی %15ی پێشینەی خانووبەرە و هاوسەرگیری جێبەجی دەکات


وەزارەتی دارایی و ئابووری دەست بە جێبەجێکردنی بڕیاری لێخۆشبوونی ڕێژەی 15% ی ئەو پێشینانەی حکوومەت دەکات کە لەلای هاووڵاتییانە لە (پێشینەی خانووبەرە و پێشینەی هاوسەرگیری و قەرزی بچووک)، بە مەرجێک هاووڵاتی ئامادە بێ تەواوی بڕی پێشینەکە بگەڕێننەوە بۆ حکوومەت.

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ دیوانى وه‌زاره‌تى دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "پاش ماوەیەک لە دواکەوتنی، ڕێنوێنیی لێخۆشبوونی 15%ی پێشینەکان ئەمڕۆ 21ی 7 لە لایەن وەزیری دارایی واژوو کرا لە هەفتەی داهاتووەوە لە لایەن بانکەکان جێبەجێ دەکرێ".

ئاشکراشی کرد بڕیارەکە تاوەکو 1ی 9ی 2020کاری پێ دەکرێ.

له‌مباره‌یه‌وه‌ عەجیب محەمەد، بەڕێوەبەری بانكی خانووبەرەی هەولێر بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ڕێنوێنى وەزارەتی دارایی بۆ ئەو بابەتە چۆن بێ ئێمه جێبەجێی دەکەین ڕێنوێنییەکە دەدرێتە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بانکە پسپۆڕییەکان پاشان دەدرێتە هەموو بانکەکان".

گوتیشی: "بەپێی بڕیارەكە لە هەر ملیۆن دینارێك، بڕی 150 هەزار دینار بۆ هاووڵاتی دەگەڕێتەوە، ئەوەش لە بەرژەوەندی هاووڵاتییانە".

هەروەها سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی ڕاشیگەیاند کە وەزارەتەکە نووسراوێکی بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانى هه‌رێمى كوردستان ناردووە تاوەکو ئەوانەی هەموو پارەی پێشینەکان دەگەڕێننەوە، سزای دواخستنی ئەو بڕە پارانەیان لەسەر لاببردرێ کە پێشووتر قیستەکانیان نەگەڕاندووه‌تەوە، ئەوەش بۆ بەرژەوەندیی هاووڵاتییانە.

ڕوونیشیکردەوە"چاوەڕێی یەکلابوونەوەی ئەو بابەتەین، ئەگەر نا ڕێنوێنییه‌كە ئامادەیە و بەم نزیکانە بۆ جێبەجێکردنی بۆ بانکەکان دەنێردرێ".

بەپێی ئاماری وەزارەتی دارایی، لە سەرەتای دابەشكردنی پێشینەكانەوە لە 31/12/2013ەوە بڕی چوار تریلیۆن و 171 ملیار دینار بۆ پێشینەكان خەرج كراوە و زیاتر لە 620 هەزار كەسیش سوودمەندن بوونە.