رووسیا دۆلفینی راهێنراو بۆ جه‌نگی سووریا ده‌نێرێ
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

رووسیا دۆلفینی راهێنراو بۆ جه‌نگی سووریا ده‌نێرێ


گۆڤاری "فۆڕبس" لە راپۆرتێكدا ئاشكرای كردووە له‌ رێگه‌ی مانگێكی ده‌ستكرده‌وه‌ چه‌ند وێنه‌یه‌كی دۆلفینی راهێنراویان چنگ كه‌وتووه‌، كه‌ پێده‌چێت له‌ كۆتایی ساڵی 2018‌وه‌ ده‌ریاوانی رووسیا ره‌وانه‌ی سووریای كردبن.


گۆڤاره‌كه‌ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كردووە وێنه‌ی دۆلفینه‌كان له‌ نزیك به‌نده‌ری ته‌ڕ‌توس چركێنراون، كه‌ پڕیه‌تی له‌ كه‌شتی جه‌نگی رووسی و بۆ پاڵپشتیكردنی ڕژێمی به‌شار ئه‌سه‌د جێگیر كراون، له‌و جه‌نگه‌ی له‌ ساڵی 2011‌وه‌ له‌ سووریا به‌رپا بووه‌.


گۆڤاره‌كه‌ پێی وایه‌ ئه‌و دۆلفینانه‌ی له‌ سووریا به‌دیاركه‌وتوون، ره‌نگه‌ له‌ بنكه‌ی ده‌ریاوانی رووسی، له‌ نزیك به‌نده‌ری سیفاستوبول، له‌ ده‌ریای ره‌ش له‌ دوورگه‌ی قرمه‌وه‌ هێنرابن بۆ ئه‌وێ.


پێدەچێت دۆلفینەكان بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كه‌شتیی ژێر ئاوی به‌كار بهێنرێن، ئه‌وانه‌ی هه‌وڵی تێكدانی كه‌شتییه‌كانی به‌نده‌ره‌كان ده‌ده‌ن، هه‌روه‌ك ده‌كرێ بەكار بهێنرێن بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی كه‌لوپه‌لی سه‌ربازی له‌ قووڵایی ده‌ریادا، یان بۆ ئه‌ركی هه‌واڵگری.


ئه‌مه‌ یه‌كه‌مین جار نیە‌ دۆلفین وه‌ك چه‌كێكی جه‌نگی رووسی به‌دیار ده‌كه‌وێ، به‌ڵكو پێشتر له‌ بنكه‌ی ده‌ریاوانی رووسی له‌ ده‌ریای ره‌ش و جه‌مسه‌ری باكوور به‌رچاو كه‌وتوون.


پڕۆژه‌كانی سه‌ر به‌ ده‌ریاوانی رووسیا بایه‌خێكی جیهانی پێده‌درێ، به ‌تایبه‌تی له‌ ساڵی 2019وه‌، كه‌ نه‌هه‌نگێكی سپی له‌ نه‌رویژ به‌دیار كه‌وتبوو، ئه‌و كاته‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی نه‌رویژ نه‌هه‌نگه‌ سپییه‌كه‌یان له‌ نزیك كه‌ناراوێكی گوندی ئینگا، ده‌ستگیر كردبوو، كه‌ پێی ده‌گوترا "هه‌فاڵدیمیر" كه‌ ته‌وقێكی له‌ مل بوو له‌سه‌ری نووسرابوو "ده‌زگه‌ی سانت پتڕسبێڕگ".


پێده‌چێت ئه‌و نه‌هه‌نگه‌ سپییه‌ له‌ ئۆپه‌راسیۆنێكی راهێنانی ده‌ریاوانی هه‌ڵاتبێ و ئه‌و كاته‌ پێی زانرا، كه‌ هێرشی كردبووه‌ سه‌ر به‌له‌مێكی راوكردن و هه‌وڵی دا بوو به‌ گوریسه‌كه‌ی سه‌ری له‌ دوای خۆی رایبكێشێت.


جێی باسه‌ یه‌كێتیی سۆڤیه‌ت له‌ هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی بیسته‌م دۆلفینی له‌ به‌رنامه‌ی راهێنانی سه‌ربازی به‌كار هێناوه‌، به‌و پێیه‌ی دۆلفین بینینێكی تیژ و بیره‌وه‌رییه‌كی باشی هه‌یه‌، كه‌ وای لێ ده‌كات چه‌ك له‌ ژێر ئاودا بدۆزێته‌وه‌، به‌ڵام له‌ نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی رابردوودا یه‌كێتیی سۆڤیه‌ت به‌رنامه‌ی به‌سه‌ربازگرتنی دۆلفینی هه‌ڵوه‌شاندبووەوه‌ و ئێستا خه‌ریكه‌ به‌دیار ده‌كه‌وێته‌وه‌.