شارەزایەکی بواری نەوت: پێشبینی دەکرێت دوای کۆرۆنا نرخی نەوت بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بێتەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

شارەزایەکی بواری نەوت: پێشبینی دەکرێت دوای کۆرۆنا نرخی نەوت بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بێتەوە

شارەزایەکی بواری نەوت ئاماژە بەوە دەدات لەوەتەی نەوت بووەتە کاڵایەکی ستراتیژیی جیهانی، ڕەنگە ئەمە دەیەمین جار بێت کە نرخەکەی بەم شێوە دراماتیکییە دادەبەزێت، بەڵام هەمیشە و دوای هەموو داڕمانێکی نرخ، دیسان رووی لە بەرزبوونەوە کردۆتەوە و لە ھەندێک قۆناغدا بەرزبوونەوەکە ئاستی نرخی پێش داڕمانەکەشی تێپەڕاندووە، بۆیە پێشبینی دەکرێت دوای نەمانی کۆرۆنا نرخی نەوت دیسان بەرزبێتەوە.
پڕۆفیسۆر د. هاوڕێ مەنسوربەگ، دکتۆرا لە جیۆلۆجیای کانەکانی نەوت، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "پێشبینی دەکەم دوای نەمانی پەتای کۆرۆنا، نرخی نەوت بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بێتەوە کە ھاوتای کەم بێت لە مێژوودا".
ئەو پسپۆرە دەڵێ: "دەبینین لە ئێستادا ملیۆنان بارهەڵگری گواستنەوەی دەریایی، وشکانی و ئاسمانی، چالاکییەکانیان خاو بووەتەوە. فڕۆکە و کەشتییەکان کە نەوت سەرچاوەی وزەیانە وەستاون، یان بە خاوی کار دەکەن. زۆرێک لە کارگەکان کە پێوستیی زۆریان بە موشتەقاتی نەوتە، وەک پێشتووتر لە کاردا نین. چالاکبوونەوەی ئەو سێکتەرانە کە ڕەنگە لە چەند هەفتە یان چەند مانگی داهاتوودا بێت، سەرەتایەک دەبێت بۆ زیادبوونی خواست لە سەر نەوت و بەرزبوونەوەی نرخەکەی، بەتایبەت کە ئێستا هەواڵی دڵخۆشکەر هەیە بۆ گەیشتن بە ڤاکسینی دژە کۆرۆنا".
پرۆفیسۆر مەنسوربەگ ئەوەشی خستە ڕوو: "کە ماوەی ساڵێک دەبێ، پارە بۆ دۆزینەوە و پەرەپێدانی کانەکانی نەوت لە سەرتاسەری جیھاندا خەرج نەکراوە و سستییەکی زۆر لە سەرمایەگوزاری لەو کەرتەدا بەدی دەکرێت، بەرھەمھێنانی نەوت تا ڕادەیەکی بەرچاو سست بۆتەوە، کارگە زەبەلاحەکانیش لە سووڕی متبووندان. بۆیە دەبینین کە داڕمانی ئەمجارە جۆرێکی دیکەیە. چونکە لە داڕمانەکانی دیکەدا بەرهەمهێنان بەردەوام بوو و خواستیش بە هەمان شێوە، بەڵام بە کەمی، کەچی لەمەیاندا بەرهەمهێنان کەمبۆتەوە، خواستیش تا ئاستێکی خەیاڵی کەمبووەتەوە".
بۆیە ئێستا کە هەست بەوە دەکرێ کارگەکان خەریکی چالاکبوونەوەن و دوای کۆڕۆنا هەموویان پێکەوە و لە ناکاو ھەوڵی ھەستانەوە دەدەن، بە تایبەت لە وڵاتە پیشەسازییەکانی وەک چین و ئەمریکا و ئەوروپا.. بێگومان خواست بە شێوەیەکی کتوپڕ زیاد دەکا و ڕەنگە ئامادەکارییەکانی بەرهەمهێنان کاتی زیاتریان بوێت. ئەمەش زیادبوونێکی زۆر لە نرخدا دەهێنێتە کایە کە پێشبینی دەکرێت لە بەرزبوونەوەکانی پێشووتر زیاتر بێت.