بودجەی خەونەکانی چین
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

چین لە چەندین گۆڕەپانی جیاوازدا شێوازی هەڕەشەکردنی هەڵبژاردووە کە جەخت لە پەیدابوونی زلهێزێکی نوێ دەکات لە دونیادا. ئەم وڵاتە لە یەک کاتدا خەریکی ئەنجامدانی چەند پڕۆژەیەکی گەورەیە کە بریتین لە شەڕ لەگەڵ هیندستان لە سەر سنوورەکانیان، زیادکردنی ژمارەی سەربازەکانی لە دەریای باشووری چین، بێدەنگ کردنی خەڵکی ناڕازی لە هۆنگ کۆنگ، زەخت کردن لە تایوان، و دانووستان کردن لەگەڵ یابان لە سەر دوورگەکانی نێوانییان کە ناکۆکی لە سەرە.

لە هەمان کاتدا، چین خەریکی وەبەرهێنانێکی ئێجگار زۆرە لەسەر تەکنەلۆجییە نوێیەکان وەکو مێشکی دەستکرد، زانستی فیزیای کوانتۆمی، و بەردەوامە لە بەڕێوەبردنی گەورەترین پڕۆژەی وەبەرهێنان لە سەر ئاستی هەموو جیهان بە بڕی زیاتر لە ١٠٠٠ میلیار دۆلاری ئەمریکی بە ناوی (One Belt One Road) کە ناسراوە بە “OBOR”..

بوون بە زلهێزێکی جیهانی خەرجێکی زۆری پێویستە. بودجەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ بەشی سەربازی زیاترە لە هەر ١٠ وڵاتی پشت خۆی لە ڕێزبەندی سەربازی، بەڵام لە هەمان کاتیشدا باس لەوە دەکات کە بودجەی پێویست نەدراوتە ئەم بەشە. پسپۆڕانی بواری نێودەوڵەتی لەم باوەڕەدان کە ئەمریکا بۆ پارێزگاری کردن لە پێگەی نێودەوڵەتی خۆی وەکو زلهێزێکی جیهانی پێویستە وەبەرهێنان بکات لەسەر توێژینەوەکانی زانستی، پڕۆژەکانی زانکۆیی، تەکنۆلۆجی و زانیاری سەردەمییانە، و دیپلۆماسی.

دەرامەتی گشتی ئەمریکا نزیکەی دوو ئەوەندەی چینە، ئەوجاش دەوترێت کە ناتوانێت وەکو زلهێزێکی هەمیشەیی بمینێتەوە. ئەوجا چۆن وڵاتێکی وەکو چین کە تازە لە پێشکەوتندایە دەتوانێت خۆی بە زلهێزێکی جیهانی بناسێنێت؟ بێجگە لەوەش کە هاوپەیمانانی سەرەکی چین بریتین لە وڵاتانی کۆریای باکوور، کامبۆج، و ئیپیۆپیا. هەروەها، دوو وڵاتی جیرانیش واتە ڕووسیا و هیندستان دوو هێزی چەکی ناوەکین. پێویستە ئەوەش بگوترێت کە کۆمپانیا گەورەکانی حکومەتی چین لە دەرەوەی وڵات باوەڕ پێکراو نین کە ئەمەش دەبێتە بەربەستێکی سەرەکی بۆ وڵاتی چین لە دروست کردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دیپلۆماسی.

تەنانەت پێش بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڕۆنا، گەشەی ئابووری چین بەرەو نزمبوونەوە هەنگاوی نابوو و لە گەشەی سەرەوەی ١٠% لە سەراتاکانی سەدەی ٢١ بۆ ٦.١% لە ٢٠١٩ نزم ببووەوە. جێگایی باسە کە لە ساڵانی ڕابردووش وڵاتی چین گەشەی ئابووری خۆی بە ڕێژەی %١.٧ زیاتر لە ڕێژەی ڕاستی بڵاوکردۆتەوە. ئەم داتایانە دوای هەڵسەنگاندنی داتاکانی باجی وڵاتی چین بە دیار کەوتوون.

خودی حکومەتی چین پێش پەتای کۆڕۆنا دەستی پێکردبوو بە کەمکردنەوەی خەرجییەکانی حکومەتەکەی و لە ساڵی ٢٠١٧ هەستابوو بە کەمکردنەوەی بودجەی پڕۆژەی (OBOR). توێژینەوەکانی ٢٠١٨ ئەمە پشت ڕاست دەکەنەوە کە لە سکتەری سەربازیش حکومەتی چین خەرجییەکانی کەم کردۆتەوە. بە لە بەرچاو گرتنی ئەوەی کە چین جووڵە سەربازیەکانی زۆر کردۆتەوە و خەرجییەکانیش کەم کردۆتەوە، ئەمە ڕوون و ئاشکرایە کە زەختێکی زۆر لەسەر حکومەتە بو دابینکردنی بودجەی پێویست بۆ جووڵەی سەربازی، بەڵام حکومەت ئەم فشارە ئابورییە ئاشکرا ناکات بۆ بەرز ڕاگرتنی پێگەی نێودەوڵەتی خۆی.

گەشەی سەرەوەی ١٠% و خەرجییەکانی حکومەت لە سەرەتاکانی سەدەی ٢١ پیشاندەری سەرچاوەیەکی بێکۆتا بوو، بەڵام بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڕۆنا و نزمبوونەوەی ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە جیهان پیشاندەری ئەوە بوو کە هیچ سەرچاوەیەک هەمیشەیی نییە.

ئەم خاڵانەی سەرەوە هەموویان دووپاتی ئەوە دەکەنەوە کە چین هێشتا ناگاتە ئەو ئاستەی کە ببێتە بەربەستێکی گەورە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و خۆی وەکو زلهێزێکی نوێ پێناسە بکات. کەواتە دەبێت بە پێی ئەم سەرچاوانەی کە لەبەر دەستی دایە هەندێک لە بڵند خوازیەکانی خۆی کەم بکاتەوە.