دوای منداڵبوون، ئنجا زانیم ژنی دووەمم!
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

دوای منداڵبوون، ئنجا زانیم ژنی دووەمم!


یەکەم جار، کە ناسیم ئەوەندە بەڵێنی جوانی پێدام، وامزانی لە ئاسمانەوە بۆ خۆشبەختیی من هاتووە. ئەوەندە خۆشحاڵ بووم، هەموو دەوروبەرم هەستیان پێدەکرد.

هیوا، تەمەنی ٣٥ ساڵ بوو، گەنجێکی قۆز، رەفتاری نەرم و قسە جوانەکانی ئەوەندەی تر سەرسامی کردبووم. هەر شتێکی گوتبا بێ سێ و دوو، باوەڕم پێ دەکرد. ئەوەندە هۆگری بووم، دەیتوانی هەموو شتێک لە مندا بگۆڕێ.

دوای سێ مانگ لە ژوان و پەیوەندی، هاتە خوازبێنیم، گوتی خەڵكی کەرکووکم و بە تەنیا لە هەولێر دەژیم، بە تەنیا ژنێکی لەگەڵ بوو، بە پووری پێی ناساندین.

ئەوە قسەی هودا، ژنێكی گەنجی ٢٥ساڵە. تاقانە کچی دایکیەتی و لەدوای لەدایکبوونی، باوکی نەماوە و دایکی بەخێوی کردووە. ئەو دەڵێت: “دایکم، کە دەیبینی تا ئەو رادەیە هیوام خۆش دەوێ، نەیدەتوانی هیچ بڵێ، بەڵام داوای لە من دەکرد پەلە نەکەم، ئەو بۆ هەموو شتێک پشتگیریم دەکات”.

هودا دەگێڕێتەوە: “دوای مارەبڕین هیوا پەلەی لە گواستنەوە و چوونە ماڵی خۆمان دەکرد، منیش لەو بەپەلەتر بووم، بەڵام ئەوەی داوای دەکرد پەلە نەکەین دایکم بوو، هیوا خانووێکی پیشان دام و گوتی، ئەو خانووەم کڕیوە، کە لە شارێکی تازە بوو، بەیەکەوە چووین ناوماڵمان کڕی، هەرچی من بمگوتایە ئەو نای نەدەکرد".

بەپێی قسەی هودا، دوای ئەوەی ماڵ و ئاڵتوون دەکڕن، دایکی هەر داوای کردووە پەلە نەکەن، ئەوان زوو زوو سەردانی ماڵەکەی خۆیانیان کردووە. بەبیانووی پیاسە و چوونە دەرەوە: "من و هیوا ئەوەندە یەکترمان دەویست، خواخوامان بوو بگەینە شوێنێک و باوەش بەیەکتردا بکەین، بۆیە بەر لە گواستنەوە، ئەوەی نەریت رێگەی پێنادات ئەنجاممان دا، بەڵام نەمدەتوانی ئەوە بە دایکم بڵێم".

هودا، دوای ئەوەی لەگەڵ هیوا هەفتانە چەند جارێک بەیەکەوە دەبن، ترسی ئەوەی دەبێت سکی پڕ بێ: "لەگەڵ یەکەم جار پێکەوەبوون، هەرچەندە پێم خۆشبوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی نەگوازرابوومەوە، ترسی ئەوەم هەبوو سکم پڕ بێ، تا رۆژێک لای هیوا درکاندم و گوتی، ئەگەر لەو ماوەیەدا منداڵم بوو چی دەکەین؟ بێ دوودڵی گوتی جارێ زووە بۆ منداڵ، کە بوو لەباری دەبەین، ئەوە قسەیە بۆ من وەک فڕێدانم بوو لە شوێنێکی بەرزەوە".

وەک هودا تێگەیشتووە، چۆن ئەو ئاواتیەتی منداڵێکی لە هیوا هەبێت ئەویش وایە، بەڵام ئەوە روو دەدات، کە ئەو چاوەڕێی نییە.

ژنە گەنجەکە گوتی: "رۆژێک لەگەڵ هیوا لە پیاسە بووم، منی لە بەردەرگا دانا و خۆی رۆیشت، کە چوومە ژوورەوە دایکم زۆر تێکچووبوو، هەم گریا و هەم تووڕە بوو. کاتێک لێم پرسی چیتە؟ گوتی، ماوەی چەندە هیوا دەناسی؟ گوتم زیاتر لە سێ مانگە، گوتی، ئەو کوڕە ژنی هەیە".

هودا دەڵێت: “کە دایکم وای گوت، هیچ باوەڕم نەکرد. پێم گوت ئەوە خزمەکانی تۆ لە حەسوودی وام پێدەڵێن، چونکە دەزانن منی زۆر خۆش دەوێ و هەرچی بڵێـم، جێبەجێ دەکات. دایکم هەستا وێنەیەکی لەناو کەوانتەرەکە دەرهێنا و گوتی ئەوە ببینە، سەیرم کرد هیوایە لەگەڵ بووکێک، دیارە وێنەی رۆژی بووک و زاواییە. هێشتا دەمویست باوەڕ نەکەم، چونکە متمانەی رەهام پێی بوو".

هودا دوای بینینی ئەم وێنەیە تەلەفۆن بۆ هیوا دەکات، داوا دەکات بگەڕێتەوە ماڵی ئەوان: "کاتێک هیوا هات من قسەم پێنەدەکرا، سەرم گێژی دەخوارد و قوڕگم پڕ بووبوو لە گریان. وێنەکەم دایە دەست. ئەویش زۆر تێکچوو، بەڵام گوتی من وەڵامم هەیە بۆ ئەوە و دەشمزانی رۆژێک دەزانی".

وەک هودا دەگێڕێتەوە، راستە هیوا خەڵکی کەرکووکە، بەڵام ماڵی لە هەولێرە و ژنی هەیە، دوو منداڵیشی هەیە. هودای بە دزی ژنەکەی دیکەی خواستووە، بەڵام ماوەیەک ژنەکەی هەست بە گۆڕانکاری دەکات، بۆیە چاودێریی هیوا دەکات، تا لە گەڕەکی ماڵی هودا دەزانێ ژنێکی تری خواستووە، ئەویش دەچێ بە دایکی هودا دەڵێت، بەڵام ئەو متمانەی پێناکات، بۆیە دەچێ وێنەیەکی رۆژی بووکێنیی بۆ دێنێت.

هودا ئێستا سکی لە هیوا پڕە، دوای ئەوەی دەزانێ ژنی هەیە، نایەوێ هاوسەرگیریی لەگەڵدا بکات. ناشتوانێ بە دایکی بڵێت سکی هەیە. ئەو دەڵێ: "ئەگەر بە قسەی دایکمم بکردایە و پەلە پەلەم لە خۆشویستنی هیوا نەکردایە، تووشی ئەم گێژاوە نەدەبووم".

هەتاو ئەحمەد، توێژەری کۆمەڵایەتی، سەبارەت بە کێشەی هودا گوتی: "پەلەکردن لە بڕیاردان یەک لەو هەڵانەیە، کە گەنجەکان تووشی دەبن، بەڵام دەکرێ ئەوەی هودا راست بکرێتەوە، چونکە راستە نەریت رێگە نادات بەر لە گواستنەوە منداڵی ببێت، بەڵام ئەو مارەبڕە و دەزگیرانی هیوایە".

ئەو توێژەرە کۆمەڵایەتییە دەڵێت: "هودا ئێستاش هیوای خۆش دەوێت و ناشیەوێ منداڵەکەی لەدەست بچێت، کەواتە ئێستا تەنیا دەتوانێ لەگەڵ هاوسەرەکەی هیوا قسە بکات و ببێتە هاوسەری دووەم، چونکە هەرچۆنێک بێت ئەوان مافی ژنی یەکەمیان پێشێل کردووە".