دەستەی وەبەرهێنان: وەبەرھێنەرە بيانییەکان دەگەڕێنەوە ھەرێمی کوردستان
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

دەستەی وەبەرهێنان: وەبەرھێنەرە بيانییەکان دەگەڕێنەوە ھەرێمی کوردستان

بەرپرسێکی دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد بەرنامەی دامەزراندنی ژمارەیەک پڕۆژەی ھاوشێوەی پیشەسازی خۆراکی دھۆکیان لە ناوچەکانی دیکە ھەیە و بە دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانیش چەندین وەبەرھێنی بیانی بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکانیان دەگەڕێنەوە ھەرێمی کوردستان.

موخلیس سەلیم، بەڕێوەبەری کارگڕی و یاسایی لە دەستەی وەبەرھێنان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند:" بەھۆی ڕێوشوێنەکانی خۆپارێزی لە پەتای کۆرۆنا و کەرەنتینەوە،لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا ژمارەیەک وەبەرھێنی بیانی پڕۆژەکانیان لە ھەرێمی کوردستان بەجێ ھێشت، بۆیە ئێستا کە بڕیار دراوە لە (٢٣ی ئەم مانگە) گەشتە ئاسمانییەکان دەست پێ بکەنەوە، بڕیارە بە چەند قۆناغێک بگەڕێنەوە ھەرێمی کوردستان و پڕۆژەکانیان تەواو بکەن".

 موخڵیس سەلیم ئاماژەی بەوەش دا: "ھاوکات دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان ڕۆڵیشی دەبێت لە پێشکەشکردنی داوکاری دیکەی وەبەرھێنە بیانییەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژانەی کە ماوەیەک لەمەوبەر ڕامانگەیاندن".

گوتیشی: "ھاوشێوەی ئەو پڕۆژە ستراتیجییە پیشەسازییەی کە دوێنێ لە شاری دھۆک کرایەوە، بەرنامە و پلانمان ھەیە کە ژماریەک پڕۆژەی ھاوشێوە لە شار و شارۆچکەکانی دیکە دابمەزرێنین کە سەرەنجام خۆراکی پێویستی ناوخۆ بە شێوەی سەلامەتتر و خێراتر دابین دەکرێت، ئەوە وێڕای ئەوەی کە بەروبوومی کشتوکاڵی و ئاژەڵیی ناوخۆش دەبووژێتەوە و ھەلی کاریش زیاد دەبێت".