ژنێک وەک پشکۆی تازە گەشاوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ژنێک وەک پشکۆی تازە گەشاوە

 

باشە کەس گوێی لە بێدەنگی نابێت،
ئەگەرنا ئەو خەڵکە گوێیان لە هاواری ڕۆحم دەبوو،
کە هەمیشە بانگی تۆ دەکات.

میگێل دی ئونامونۆ (١٨٦٤ - ١٩٣٦) فەیلەسووف، ڕۆماننووس، شانۆکار، شاعیر و ڕەخنەگری ئەدەبی، خەڵکی (باسک)ی بندەستی ئیسپانیا، لەدایکبووی بڵباو. دۆکتۆرانامەکەی لەبارەی زمانی دایکییەوە دەبێت. کە دەبێت بە سەرۆکی زانکۆ هێشتا گەنج دەبێت، زانکۆی ئۆکسفۆرد ١٩٣١ دۆکتۆرای شانازیی پێ دەبەخشێت. دژی چەپەکان دەبێت، بەڵام کە (لۆرکا) دەکوژن، ڕای دەگۆڕێت و بە جەنەڕاڵ (میان ئاسترا) دەڵێت: تەنیا لەبەر ئەوەی بەسەر کۆمۆنیستەکاندا سەرکەوتوون، مانای ئەوە نییە لەسەر هەقن. (تەمومژ) بەناوبانگترین ڕۆمانی ئونامونۆیە ١٩١٤ نووسیویەتی، ڕەسانەیەتیی نەتەوایەتی و شکۆمەندیی مرۆڤایەتی، دووانن لە باسە هەرە ناودارەکانی.

پلکە تولا، کە من تازەکی خوێندوومەتەوە، یەکێکە لە ڕۆمانەکانی ئونامونۆ، ڕۆمانێکی کلاسیکی ڕیالیست بە هەموو مانای وشەکە. تولا کە قارەمانی ڕۆمانەکەیە، بە هەق ژنێکی قارەمانە، ژنێک قوربانی بە ژیانی خۆی دەدات لە پێناوی ئەوانی دیکەدا، ئیدی ئەوانی دی خوشکی بن یان خوشکەزا، یان ژنێکی بێکەسی بێ سەرپەرشت. تولا ژنێکی بەسۆزی نەرم وەک لۆکە، لە ئاستی ئەوانەدا پێویستیان پێیەتی، ڕەق وەک بەرد، لە ئاستی ئەوانەدا دەیانەوێت، بەراوەژوو سوود لە دڵنەرمییەکەی وەربگرن. تولا کە خوشکی دەمرێت، نابێت بە باوەژنی خوشکەزاکانی، دەبێت بە دایکیان.

(ئێمما بۆڤاری)ی گوستاڤ فلۆبێر، خراپ سوود لەو ئازادییەی بۆی دەڕەخسێت، وەردەگرێت و ژیانی خۆی و خەڵکانی نزیکیشی وێران دەکات، بەڵام (تولا)ی ئونامونۆ، تەواو بە پێچەوانەوە، قوربانی بە ئازادیی خۆی دەدات، تا ئەوانی دیکە بەختەوەر بن، قوربانیدانێک تا ئاستی سەرکوتکردنی ئارەزووەکانی خۆی. قابیل هابیلی برای دەکوژێت، بەڵام تولا ژیانی خۆی لە پێناوی ڕۆسیتای خۆشکیدا بەخت دەکات. (هەموو ئافرەتێک بۆ ئەوە لە دایک دەبێت، ببێت بە دایک،) بۆیە ئەوە ئەوپەڕی لەخوبوردنە، ژنێک هەلی شووکردنێکی گونجاوی بۆ بڕەخسێت و لە پێناوی خوشکیدا، دەست لەو مافە ڕەوایەی خۆی هەڵبگرێت.

ئونامونۆ پیاوێکی ئاییندار بوو، ئایینەکان بە گشتی نێرسالارن: سێیانەی (کوڕ - باوک - ڕۆحی قودس) هەر سێکیان نێرن، کەچی ڕۆمانی پلکە تولا، ئەوەندە ژندۆستانە نووسراوە، دەڵێیت فێمینیستێک نووسیویەتی. قەشە بە تولا دەڵێت: ئەگەر ببیت بە ڕاهیبە، تا پلەی (تێرێسای پیرۆز) دەڕۆیت، هەرچەندە سەیر بیر دەکەیەوە و هەندێک جار لە کوفرکردنیش نزیک دەبیتەوە، بەڵام کەس ناتوانێت لەبەردەم ڕەوتی چەمی فیکری تۆدا ببێتە بەربەست. تولا بۆ کەسانی دەوروبەری وەک دارشەق وابوو، ئەوە جێی پرسیاری نەبوو، کە خۆی بە پێوە ڕانەگرت، ئاخۆ کەسی دەست دەکەوێت، ببێت بە دارشەقی؟

ئەوە پیاوە ژن هەڵدەبژێرێت، ژن دەبێت چاوەڕێ بکات، تا پیاوێک پەسەندی دەکات و دێتە داوای. تولا یەکێک بوو لەو ژنانەی خۆیان پیاویان هەڵدەبژارد، نەک چاوەڕێ بن تا دەبنە بژارەی پیاوێک. یەکێک بوو لەو ژنانەی بڕوایان بەوە هەبوو، تەلاری ژنومێردایەتی، دەبێت لەسەر بناغەی خۆشەویستی ڕۆ بنرێت. تولا نەک هەر قسەی دڵی لەسەر زاری بوو، تەنانەت ڕۆحیشی لەناو چاویدا دیار بوو. تولا پێی وابوو: خۆشەویستی یان نایەت، یان کە هات لەناکاو وەک هەورەبروسکە دێت. تولا ئەوەندە کڕنووشی بۆ خوا بردبوو، جومگەکانی ئەژنۆی لە تاو ئازار دەیانزیڕاند، بەڵام ژانی جومگەکانی ڕۆحی، لە ژانی جومگەکانی ئەژنۆی، بە ئازارتر بوو.

تولا ژنێک بوو ئاسایی وەک نانی ڕۆژانە، نەک وەک کێکێکی دەگمەن، سەرنج و زەردەخەنەی دڵنیایی و ژیانیان لێ دەچۆڕا. ژنێک بوو پڕ بە پێستی وشەکە ژن، ژنێکی پتەوی هۆشمەند، ژنێک بوو چاوەکانی دەتگوت سەرچاوەی تیشکن، جەستەیشی لە پشکۆیەکی تازەکی گەشاوە دەچوو. تولا ژنێک نەبوو دوورکوژی نزیکخەسار، لەو ژنانە بوو، تا لێیان نزیک نەبیتەوە، ناکەویتە بن ئەفسوونی هەژموونیانەوە.

تولا پێی وابوو: هاوسەرگیرییەک زادەی خۆشەویستییەکی ڕاستەقینە نەبێت، لە گەمەی منداڵان دەچێت، گەمەی ئەوەی منداڵێک ڕۆڵی ژن وازی دەکات و منداڵێکی دیکە ڕۆڵی مێرد، بەڵام لە ڕوانگەی قەشەوە کە یەكێکە لە کارەکتەرەکانی ڕۆمانەکە: ژن بۆ ئەوەی شوو بە پیاوێک بکات، ئەوە هیچ بایەخی نییە پیاوەی خۆش دەوێت یان نا، چونکە دەشێت بەزەیی پێیدا بێتەوە و بیەوێت لە تەنیایی قوتاری بکات. ئایین بە گشتی ژن وەک چارەسەر دەبینێت، چارەسەری دەردی تەنیایی و نەخۆشیی تامەزرۆیی.

پیاوی جوو کە نزا دەکات، دەڵێت: سوپاس خوایە گیان بە ژن نەتخوڵقاندم. لای ئیسلامیش هەرچەند پیاو سەرداری ژنە، کەچی بانگخوازان دەڵێن: ئیسلام ڕێزی زۆری لە ژن ناوە، ئەوە نییە سوورەتێک ناوی ژنانە، وەک بێ ئاگا بن لەوەی سوورەت هەیە ناوی مێروولەیە، هەیە ناوی مانگایە و هەیە ناوی جاڵجاڵۆکەیە! تولا پێی وابوو: لە گۆشەنیگای ئایینەوە: ژن چارەسەرە، یان ئاژەڵێکی ماڵییە، یان هاوزەمان هەردووکیان. هەنووکەیش لە زۆر جێ، کە گەنجێک تووشی کێشەی دەروونی دەبێت، یان زێدەڕۆیی لە سەرکێشییدا دەکات، وەک چارەسەر ژنێکی بۆ دەهێنن، ئاخر ژن بە چارەسەر دەزانن، نەک بە ئینسان.

منداڵان لە هەموو شتێک تێدەگەن، لە ئێمە باشتریان تێدەگەن، هیچیان لە بیر ناچێت، ئەگەر ئێستایش لە شتێک تێنەگەن، سبەینێ تێی دەگەن. منداڵ هەر چییەک ببینێت یان ببیستێت، تۆوێکە لە ڕۆحیدا، گەشە دەکات و دواتر بەر دەگرێت. زمان هەیە منداڵ تێیدا بێلایەنە، نە نێرە، نە مێ. ئینجیل دەڵێت: ئینسان بۆ ئەوەی ڕێی بکەوێتە مەملکەتی خوا، دەبێت وەک منداڵ بمێنیتەوە. منداڵێک بووکەشووشەکەی دەکەوێتە ناو بیرێکەوە، بیرێکی کوێرەوەبوو، چونکە ناتوانێت شۆڕ بێتەوە، تا دەری بهێنێتەوە، دەداتە پڕمەی گریان، ئەوەندە دەگری تا بیرەکە بە فرمێسکی پڕ دەبیتەوە و بووکەشووشەکەی سەر ئاو دەکەوێت. ئێمە لەمێژە دەگرین، بیرەکەمان پڕ نەبووەوە لە ئاو، خۆمان وشک هەڵگەڕاین.

ڕۆمانی پلکە تولا تژییە لە دەربڕین و ڕستە و پەرەگرافی جوان و سەرنجڕاکێش، وەک:

خوا بۆیە ئێمەی خوڵقاندووە تا ئەوانی دیکە شادمان بکەین، بەڵام بۆ ئەوەی بتوانین ئەوانی دی شادمان بکەین، پێویستە خۆمان شادمان بین. هیچ شتێک هێندەی تیشکی خۆر شادیبەخش نییە، بە تایبەتی کاتێک لە گەڵای سەوز دەدات. تیشکی خۆر بۆیە هەوێنی شادمانییە، چونکە پاکژە، هەر چییەکیش پاکژ بێت، شادیبەخشیش دەبێت.

بۆچی شاعیران گۆرانی بۆ مانگ دەڵێن؟ ئاخر مانگیش هەر زەوییە، زەوییەک دەیبینین و دەزانین پێی ناگەین، ئاخر شوێنێکی عاسییە. خۆر وا نییە، دەزانین بۆ نشینگە دەست نادات، دەمانسووتێنێت.

وا هەست دەکەم دەتوێمەوە، شتەکان تەمومژاوی دێنە پێش چاوم، هەر دەڵێیت خەون دەبینم، ئەگەر پێشتر قژتم نەدیتبا، ئێستا نەمدەتوانی بە دڵنیایییەوە بڵێم، ڕەنگی قژت ڕەشە یان زەرد. ئەوە قسەی سەرەمەرگی پلکە تولایە و ڕووی دەمی لە ژنی خۆشکەزاکەیەتی.
*
(*) میغیل دی أونامونو، الخاله‌ تولا، ترجمه‌: صالح علمانی، الگبعه‌ الأولی ٢٠٠٩ دار المدای للپقافه‌ والنشر، بغداد.
(**) تێرێسای پیرۆز (١٨٧٣ - ١٨٩٧) دایکە تێرێسا (١٩١٠ - ١٩٩٧) نییە، ئەوی ١٩٧٩ خەڵاتی نۆبێڵی بۆ ئاشتی وەرگرت.