خۆشەویستی، برازاكەی ساڵح موسلیمی تەسلیم كردووە نەك ھەولێر
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

خۆشەویستی، برازاكەی ساڵح موسلیمی تەسلیم كردووە نەك ھەولێر


جارێ پێش ھەر شتێك ئەگەر لە ئەدەبییاتی پەكەكەدا خۆشەویستیی نێوان كچان و كوڕان لە ڕیزەكانیاندا و بەتایبەتی لەناو ھێزە چەكدارەكانیاندا وەك تاوان سەیری نەكرایە، ئەگەر لە ئەدەبییاتی پەكەكەدا ھەموو خۆشەویستییەك بچووك و كورت نەكرایەتەوە بۆ خۆشەویستیی گریان و خۆسووتاندن بۆ سەرۆكی پەكەكە، ئەگەر لە ئەدەبییاتی پەكەكەدا خۆشەویستیی نێوان كچان و كوڕان و غەریزە سروشتیەكەی مرۆڤ وەك خیانەت و تاوان سەیر نەكرایە و سزای توندی بەدواوە نەبوایە، ئەوە ئێستا ھیچ یەكێك لە دالیا مەحموود سەلیمی برازای ساڵح موسلیم و سەلام ڕەمەزان محەمەدی خۆشەویستی دالیا تەسلیم بە توركیا نەدەبوونەوە. بۆ پەكەكە و شەریك شعوورەكانی وا باشتر بوو پێش ئەوەی تۆمەت ئاراستەی ھەولێر بكەن كە دالیای برازای ساڵح موسلیمی تەسلیم كردووەتەوە ئەو ڕاستییە مێژووییەیان بەبیر خۆیان بھێنایەتەوە كە كاتێك ئەوان لە دۆڵی بیقاعی لوبنان بوون و لەگەڵ حزب و ڕێكخراوە فەلەستینیەكان خەریكی مەشقی سەربازی بوون، بەڵام ئیسرائیل لە ساڵی 1982 بۆردومانی دۆڵی بیقاعی كرد و ڕێكخراوە فەلەستینیەكانی پەرش و بڵاو كرد و كردنی بە ئاردی ناو دڕك، ئەو كاتە ئەگەر ئەم باشووری كوردستانە و بە دیاریكراوی ئەگەر سەرۆك بارزانی نەبوایە كە ڕێگەی دان و تەنیا بۆ سەلامەتیی خۆیان، بێنە ئەو ناوچانەی سنوور كە ئەوكات لەژێر دەسەڵاتی پارتیدا بوون ھەر ئەوكات پەكەكە و بەشی ھەرەزۆری سەركردایەتیەكەیان لە سووریا و لوبنان تەفروتونا دەبوون، بەڵام دەڵێی چی لەگەڵ خەڵكی خۆفریودەر و سپڵە؟! چی دەكەیت لەگەڵ خەڵكێك كە ھەموو دەستت ھەنگوین بێت و بیكە بەدەمیدا لەوسەرەوە نیوەی دەستت لە دەمیدا دێتە دەرەوە چونكە لەجیاتی پیاوەتی و چاكە نیوەی دەستتی لە دەمیدا قرتاندووە.

سەیر ئەوەیە ھەر بەتەنیا پەكەكە خەریكی ئەو چەواشەكارییە نییە كە گوایە ھەولێر دالیای برازای ساڵح موسلیمی تەسلیم بە توركیا كردووە بەڵكوو ئەوانەی لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا مستەفا سەلیمییان لە گوندی سیاگوێزی ناحیەی گەرمكی سەر بە قەزای پێنجوێن دەستگیر كرد و تەسلیمی ئێرانیان كرد بۆ ئەوەی لەسێدارەی بدەن، ئێستا ئەوان دێن ئەو درۆیەی پەكەكە دەجوونەوە كە ھەولێر دالیای برازای ساڵح موسلیمی تەسلیم بە توركیا كردووە، ئەوە لە كاتێكدایە ئەوان نەك ھەر مستەفا سەلیمییان تەسلیم بە ئێران كرد بەڵكوو لە 16 ی ئۆكتۆبەری 2017 كەركووك و خورماتوو و نیوەی باشووری كوردستانیان تەسلیم بە حەشدی شەعبیی سەید و سەروەریان كرد، سەیر لەوەدایە ئەودەم هەموو ئەوانەی ئێستا هاواریان لێ هەستاوە، لەئاست ئەو خیانەتە گەورەیە بێدەنگ بوون.