كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

بەهای تمەن بەرانبەر بە دۆلار دابەزینێکی بەرچاوی تۆمار کرد

بەپێی زانیاریی میدیاکانی ئیران، لە درێژەی دابەزینی نرخی تمەن بەرانبەر دۆلاری ئەمریکی، ئەمڕۆ یەکشەممە لە بازاڕی دراوی تاران، نرخی یەک دۆلاری ئەمریکی گەیشتووەتە 26 هەزار و 500 تمەن.

ماڵپەڕە نافەرمییەکان کە نرخی دراوە بیانییەکانیان لە ئێران تۆمار دەکەن، بڵاویان کردووەتەوە ئەمڕۆ یەکشەممە 2020.7.19 نرخی هەر دۆلارێکی ئەمریکی لە بازاڕی تاران بەرانبەر بووە بە ٢٦ هەزار تمەن، بەڵام چەند سەرچاوەیەکی دیکە ئاماژەیان بەوەش کردووە کە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ یەک دۆلار بە 26 هەزار و 500 تمەن ئاڵووێری پێوە کراوە. واتە 100 دۆلاری ئەمریکی ئێستا لە ئێران بەرانبەر بە دوو ملیۆن و ٦٥٠  هەزار تمەن.

هاوکات لیرەی ناسراو بە "ئیمامی" بە 11 ملیۆن و 400 هەزار تمەن مامەڵەی پێوە کراوە.

نرخی دۆلار لە ئێران لە سەرەتای ساڵی 2020 تەنیا 16 هەزار تمەن بوو، ئەمە لە کاتێکدایە کە سەرەتای ساڵی 2019 نرخی هەر دۆلارێکی ئەمریکی لە ئیران چوار هەزار و 700 تمەن بووە.

دراوی فەرمیی ئێران لە سەرەتای ساڵی نوێی هەتاوی (1399)ەوە هەتا ئێستا نزیکەی 60٪ بەهای خۆی لەدەست داوە.

شارەزایانی ئابووری لەو باوەڕە دان، بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەرانبەر بە تمەن، نیشانەی داڕمان و قەیرانێکی قووڵی ئابوورییە لە ئێران.

دابەزینی نرخی پارەی ئێرانی بەرانبەر بە دراوە بیانییەکان هەر بەردەوامە، لەمبارەوە عەبدولناسر هێمەتی، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئێران بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە و بەڵێنی داوە بە (دەستێوەدانی ئامانجدارانە) بازاڕی دراو کۆنترۆڵ دەکەن.