ئەمیرە عەزیز: دەستڕەنگینی سەرەتا خولیام بوو ئێستا بووە بە سەرچاوەی داهات بۆم
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ئەمیرە عەزیز: دەستڕەنگینی سەرەتا خولیام بوو ئێستا بووە بە سەرچاوەی داهات بۆم

ئەمیرە عەزیز، خانمێکی دەستڕەنگینی دانیشتووی شاری دەربەندیخانە و خاوەنی چەندین کاری بەدەست چنراوی خۆیەتی و لە چەندین پێشانگەدا کارەکانی نمایش کردووە و دەڵێ" خواستی زۆر لەسەر بەرهەمەکانم وایکردووە کارەکەم ببێتە سەرچاوەی داهات بۆم".


ئەمیرە بۆ (باسنیوز) گوتی: "ماوەی شەش ساڵە کاری دەست رەنگینی دەکەم و خولیا و حەز و خۆشەویستیم بۆ کەرەستە کلتووری و کەلەپوورییەکان وای کرد دەست بە کاری دەستی رەنگینی بکەم".

گوتیشی: "ھەرچەند لە سەرەتاوە ئەم کارەم تەنیا بۆ خولیا و حەزی خۆم بووە، بەڵام بە ھۆی خواستی زۆر لەسەر کارەکانم لە رێگەی کردنەوەی پێشانگا وایکرد سەرچاوەی داھاتی ھەبێت بۆم و بەرھەمەکانم ساغ بکرێنەوە و تائێستا لە سێ پێشانگایی تایبەت و 25 پێشانگای ھاوبەشدا بەشداریم کردووە و ئامانجم ئەوەیە لە رێگەی کارە دەستیەکانم کلتووری نەتەوەییمان زیندوو بمێنێتەوە و نەوەی داهاتووش ئاشنای ببن، دەتوانم بڵێم لە ماوەی رابردوو و ئێستاشدا ئەم ئامانجەم پێکاوە و بەدەر لەم کارەشم لە بواری ژینگەشدا کار دەکەم".

باسی لە ئەوەش کرد "لە ماوەی رابردوودا جگە لە کاری دەستی دامەزرێنەری دوو گروپی تایبەت بە خانمان بووم و لە رێگەی فێرکاری و خولەوە خانمی دیکەشمان فێری ئەم کارە کردووە و بۆ پەرەپێدانی زیاتر کارەکەم خێزانەکەم پاڵپشتی من بوون و دایکم و خوشکانیشم لە رابردوودا ئەم کارەیان کردووە".


گوتیشی: "کارەکانی من زیاتر کەلەپوورین ئەو کەرەستە کەلەپوورییانە بە کاردێنم کە لە دێر زەمانەوە دایک و نەنکم بەکاریانھێناوە و کەرەستەکانیش پێکهاتوون لە (مێخەک، جاجم، بەن، تەختە، سمل، بەرد، مورو، کڵاو، ھەنار)، زیاتریش حەز بە دروستکردنی ئاوێنە بە شێوەی کەلەپووری و کڵاو و کۆڵوانە دەکەم".


ئەمیرە دەشڵێت: "سەرەتای دەستپێکی ھەر کارێک قورساییەکی ھەیە، بەڵام بۆ خانمان زیاتر قورس دەبێت بەهۆی کۆمەڵێک ڕێگرییەوە، بەڵام ئێستا کاری ھونەری ھەنگاوی باشی ناوە، بە تایبەت بۆ خانمان کە زیاتر بەشداری کارە ھونەرییەکان دەکەن".