6
به هه‌موو پێودانگێک. ئه‌م سه‌رده‌مه له هه‌موو ئه‌وانه‌ى پێشووتر به باشتر له قه‌ڵه‌م ده‌درا. ئایدۆلۆجیایه‌ك، یان ده‌توانم ناوى بنێم ئایینێكى پۆست مۆدرێنه، یان فاشیه‌تى ئه‌قڵانییزم، هه‌مووانى خستبووه سه‌ر ئه‌و خه‌یاڵه‌ى كه ئێمه گه‌یشتووینه‌ته ترۆپك و ئه‌مه باشترین زه‌مه‌نى دره‌وشاوه‌ى مرۆڤایه‌تییه.
له‌ڕاستیدا من، كه ده‌نووسم، یاخود كە بیر ده‌كه‌مه‌وه، به‌ته‌نیا له‌وه ده‌ترسم، كه نوقڵانه‌ى ئه‌وه لێ بدرێت، كه ده‌گوترێت هه‌موو شت باشه. ترسناكترین ڕۆژگاره‌كان ئه‌وانه‌ن، كه تێیدا هه‌موو شت باشه.
بۆچى؟
له‌به‌رئه‌وه‌ى دواى باشی، خراپه دێت، به‌م پێودانگه بێت، دواى خراپه‌ش باشه دێت!
له‌ڕاستیدا ئه‌مه ئه‌گه‌رچى تۆزێك فه‌لسه‌فه‌لێدانى تێدایه، به‌ڵام وایه، ئه‌گه‌ر ئایدۆلۆژیا و ئایین و حیكایه‌ت نه‌یه‌نه ئاراوه.
به‌شێكى زۆر لە فەیلەسووفانان، له ئایدۆلیۆژیست و پێش هه‌موو ئه‌مانه‌ش له پایه‌مبه‌ر و پیاوانى ئایینى و له ڕۆژگارێكى تریشدا سیاسى و ڕۆشنبیر و ئینجا بانگخواز و پاشانیش كه‌سانى سه‌یروسه‌مه‌ره له‌وانه‌ى، كه ئێستا سۆشیال میدیا كردوونیه‌ته خاوه‌ن ده‌نگ و ڕه‌نگ و سه‌نگ، هاتوونه‌ته ئارا و هه‌ریه‌كه حیكایه‌ت و چیرۆك ده‌فرۆشن!
ئه‌وان به‌شێكن له‌و ڕۆژگاره‌ى كه خه‌ڵك تێیدا به شوێن ئه‌فسانه‌یه‌كدا ده‌گه‌ڕا، ڕاستیى تێدا بشارێته‌وه!
كوردى خۆمان ده‌ڵێن قسه له شێت یان له منداڵ وه‌ربگرن!
بۆچى وا ده‌ڵێن؟
له‌به‌رئه‌وه‌ى زۆرینه‌ى زۆرى خه‌ڵك سه‌یرى یه‌ك شوێن ده‌كه‌ن، یه‌ك دیمه‌ن و یه‌ك ڕه‌هه‌ند ده‌بینن. شێت یان منداڵ سه‌یرى ئه‌و شوێنه ده‌كه‌ن، كه كه‌س سه‌یری ناكات!
ئێستا هه‌موو جیهان، سه‌رتاپاى جیهان له‌ده‌ورى ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌ى فەیلەسووفى به‌نامێى ئه‌ڵمانیایى (نێچه) ده‌خولێته‌وه، كه ده‌ڵێت (خوا مرد!).
زۆر جار ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه به شێوه‌یه‌كى ناڕاست لێكدراوه‌ته‌وه، خاوه‌نه‌كه‌ى خانه‌گومان كراوه و كێشه‌ى گه‌وره ئه‌وه‌یه، كه له‌ناو دڵى خۆرئاواشدا ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه و ڕاى هاوشێوه به‌ناو تونێلى تاریكیى به‌دحاڵیبووندا براوه!
(به‌دحاڵیبوون) یان (خانه‌گومانى) له ڕاوبۆچوون و بیركردنه‌وه و ته‌نانه‌ت هه‌ڵوێستدا، ترسناكترین دیارده‌ى گه‌مژه‌بوونى مرۆڤایه‌تییه. كێشه‌كه‌ش له‌وه‌دایه، ئێستا ئه‌وانه‌ى، كه لایه‌نگرى ئه‌وه‌ن مرۆڤایه‌تى باشترین ڕۆژانى ده‌گوزه‌رێنێت، نه‌ك له‌ڕابردوودا، دووپاتى ده‌كه‌مه‌وه، ئێستا و نه‌ك له‌ڕابردوودا، له ترۆپكىدایه.
سه‌رنج بده، له سۆشیال میدیادا چ قه‌شمه‌ریاتێك به‌ڕێوه ده‌چێت!
بە نموونه:
گفتوگۆیه‌كى دوورودرێژ له‌گه‌ڵ كه‌سێك، یان زانا، یان شاره‌زایه‌ك، یان ڕۆشنبیرێكدا ده‌كرێت، له ڕه‌وتى درێژى گفتوگۆكه‌دا، كه ده‌شێت به‌دبه‌ختێكى وه‌ك من بم، به دورورێژى باسى نوێبوونه‌وه له شیعرى كوردیدا ده‌كه‌م و ده‌ڵێم (ئه‌وه‌ى گۆران و شێخ نوورى شێخ ساڵح له ڕه‌وتى نوێگه‌ریى شیعرى كوردیدا كردوویانه، هه‌ر هیچ نییه به به‌راورد له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى مه‌سعود محه‌مه‌د له بوارى بیركردنه‌وه‌دا كردوویه‌تى)، نه‌خوێنه‌وارێك، كه نه ده‌زانێت گۆران كێیه و نه ده‌زانێت شێخ نووریى شێخ ساڵح كێیه و نه ناوى مه‌سعود محه‌مه‌دى بیستووه، دێت و مانشێتى هه‌واڵێك دروست ده‌كات و قسه‌یه‌كى سه‌ر ته‌رته‌نورزمیانه ده‌هۆنێته‌وه و ده‌ڵێت، فڵانى ده‌ڵێت (گۆران و شێخ نوورى شێخ ساڵح هیچیان بۆ نوێبوونه‌وه‌ى شیعرى كوردى نه‌كردووه!).
جا خۆ قه‌شمه‌ر ئه‌م زاته نییه، ئه‌وانه‌ن كه خۆیان به ئه‌كادیمیست و ڕۆژنامه‌وان و ڕۆشنبیر و سیاسى ده‌زانن و دێن و ئه‌م دوو دێڕه هه‌ڵده‌گرنه‌وه و ڕا‌وبۆچوونى له‌سه‌ر ده‌ده‌ن، ڕابۆچوونى چى؟ فه‌لسه‌فه له‌سه‌ر شتێك بنیات ده‌نێن، كه خۆى هه‌ر بوونى نییه!
هه‌واڵى خۆش ئه‌وه‌یه، كه ئه‌م دیارده‌یه هه‌ر كوردى نییه و قه‌شمه‌ریاته‌كه جیهانگیرییه.
هه‌واڵى ناخۆش ئه‌وه‌یه، ئێمه وه‌ك كورد داموده‌زگا میدیاییه گه‌وره‌كانمان به‌ده‌ست نه‌خوێنده‌واره‌وه‌یه و ئه‌وان ده‌مان، كه نه پاڵه‌وان له‌ناو قه‌شمه‌ریاتى جیهانگیریدا.
لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كى گرنگى ئیسرائیلییه‌كان هه‌یه، كه پێى وایه ته‌نیا هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك ده‌وڵه‌تى جوو بڕووخێنێت: فه‌یسبووكه!
لێره‌دا ده‌مه‌وێت چه‌ند سه‌رنجێك تۆمار بكه‌م :
یه‌كه‌م: كتێبێكى پڕ گرنگ هه‌یه (ئالان دونێۆ)ى مامۆستاى فه‌لسه‌فە و زاستى سیاسیى زانكۆى كیوبیكى كه‌نەدا دایناوه، له‌سه‌ر ئاستى جیهان ده‌نگى داوه‌ته‌وه و به ناونیشانى (سیستمى پووچگه‌رایی)یه و باسى ئه‌وە ده‌كات، له‌مپه‌ڕى بۆ ئه‌وپه‌ڕى گۆى زه‌وى، ڕۆژ ڕۆژى كه‌سانى هیچ و پووچه و به‌پێى ئه‌م سیستمه‌ش هه‌موو ئه‌م هیچ و پووچانه له گشت بواره‌كاندا پشتیوانى له یه‌كتر ده‌كه‌ن.
سه‌یرى كوردستان بكه و ده‌زانیت، كه ئه‌مه نموونه‌ى بچووككراوه‌ى حاڵى هه‌موو دنیایه.
دووه‌م: ئازادیى بیروباوه‌ڕ ده‌ربڕین دووسه‌د ساڵ پێش ئێستا، له‌گه‌ڵ ئه‌م ساته‌وه‌خته‌دا زۆر جیاوازه. چه‌ند سه‌ده‌یه‌ك به‌ر له ئێستا، به‌ر له‌م سه‌ده‌یه، واتایه‌كى تر‌ى هه‌بووه، له‌گه‌ڵ ئه‌م سه‌رده‌مه‌دا. ئەورووپاى سه‌ده‌كانى ناوه‌ڕاست، خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستى به‌رایى ئه‌م سه‌ده‌یه و و هه‌زاره‌ى سێیه‌م، زۆر له یه‌كترى جیاوازن. چەمكى ئازادیى ڕاده‌ڕبڕین خودى خۆى گۆڕانكاریى به‌سه‌ردا هاتووه.
هه‌موو كه‌س مافیان هه‌یه وه‌كوو مرۆڤ ئازاد بن، به‌ڵام هه‌موو كه‌س مافیان هه‌یه ڕایان هه‌بێت، یان مافیان هه‌یه ده‌ربڕینیان هه‌بێت؟
ئه‌گه‌ر وایه بۆچى (نازییه‌كان) مافیان نه‌بێت؟
(ڕاسیزمه‌كان) مافیان نه‌بێت؟
شه‌یتان په‌رست و نازانم چى و چى و مافیا و به‌عسى مافیان نه‌بێت؟
ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌نده لیبراڵن، ئه‌بێت باوه‌ڕتان به هیچ سنوورێك نه‌بێت. ئه‌گه‌ر باوه‌ڕیشتان به سنووره ئه‌م كه‌ربازاڕییه له‌پاى چى، كه هه‌موو كه‌س ڕا‌وبۆچوونى هه‌یه و ڕا و بۆچوونیشى بووەته دژایه‌تیى ڕاوبۆچوون و ده‌ربڕین؟
سێه‌م : ئه‌گه‌ر جیهان هیچ یاسه‌ك به‌ڕێوه‌ى نابات و یاسا نییه، كه‌واته كه‌س ناتوانێت بڕیار له‌سه‌ر چاكه و خراپه بدات و چاك وه‌ك و خراپه و خراپیش وه‌كوو چاكه‌یه و ئه‌مه‌ش ئه‌وپه‌ڕى پووچگه‌راییه.
لێره‌دا ئیستێك ده‌كه‌م:
رۆژى بیستى مانگى گوڵان بوو، كه دیبه‌یتێتێكى گه‌وره‌ى فه‌له‌سه‌فیانه له‌نێوان (سلاڤواى ژیژه‌ك) و (گواردن پیته‌رسۆن)ى مامۆستاى به‌ناموده‌نگى زانستى ده‌روونناسیى زانكۆى تۆرنتۆى كه‌نه‌دا ڕێك خرا و دنیا سه‌یرى قه‌سه‌وباسى ئه‌م دووانه‌ى ده‌كرد.
(ژیژه‌ك) باسى لە ئه‌فسانه و حیكایه‌ت ده‌كرد، كه چۆن خه‌ڵك گیرۆده‌ى ئه‌فسانه و حیكایه‌ت كراون و (هیتله‌ر)ى وه‌ك گه‌وره‌ترین خاوه‌ن حیكایه‌ت ناو برد.
دیبه‌یته‌كه هیچ نه‌بوو، تۆزێك هیچ پووچ بوو، كه‌چى فووشى تێكرابوو و ناویشى لێ نرابوو دیبه‌یتى سه‌رده‌م.
لاى من ئه‌وه‌ى بایه‌خى هه‌بوو، سه‌باره‌ت چیرۆك و حیكایه‌ت بوو.
(ژیژه‌ك) زۆر نا‌ئومێد بوو له ئاینده. ئه‌م نائومێدییه‌ى ئه‌و، جیاوازه له نائومێدیى (نێچه)یه‌كى گه‌وره‌ى وه‌كوو (سۆڵته‌ر دایك). نائومێدییه‌كه‌ى (ژیژه‌ك) ڕه‌گوڕیشه‌ى ماركسیى هه‌یه و ئه‌وه‌ى (سۆڵته‌ردایك) وا نییه و جیاوازه و ڕه‌گوڕیشه‌ى نائومێدیى (نێچه) و (هایدیگه‌ر)ه.
جیهان ته‌واو نائومێده. من و تۆش نائومێدین، ڤایرۆسى كۆرۆناش هاته ئارا، بۆ ئه‌وه‌ى پێمان بڵێت، كه ئه‌م نائومێدییه به‌ناهه‌ق نییه، نائومێدى ڕه‌گوڕیشه‌ى هه‌یه.
ڕه‌گوڕیشه‌ى نائومێدى له‌م ڕۆژگاره پڕتاره‌دا، به‌تایبه‌ت له‌م ڕۆژگاره‌دا، سه‌ربرده‌ى چیرۆكى ئه‌وه‌ى پێیه، كه هیوا هه‌یه.
به‌ڵام هیوا چۆن هه‌یه؟
هیوا دروست ده‌كرێت؟
ئه‌گه‌ر وەك نێچە دەڵێ یەزدان مردووه، مرۆڤ هه‌یه. ئه‌گه‌ر مرۆڤ تاك و ته‌نیایه، با ڕووبه‌ڕووى قه‌ده‌رى خۆى ببێته‌وه و بیسه‌لمێنێت، تاك و ته‌نیایه و ئه‌فسانه‌ى نییه و خۆى به‌ته‌نیایه، ئازایه و ڕووبه‌ڕووى قه‌ده‌رى خۆى ده‌بێته‌وه، ئه‌مه‌ش سه‌ره‌تایه‌كى نوێیه و ئه‌فسان نییه و درۆ نییه.
ئه‌م ته‌با و هاوتاى زانسته و زانستیش حیكایه‌ت و ئه‌فسانه نییه.
ماویه‌تى