كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
شێرزاد حەسەن 17/07/2020

لە ستایشی دایکانی زەبووندا

هەڵقەی (٢٣)

+ بەر لە سەرهەڵدانی قۆناغی پاتریارکی- باوکسالاری، سێنترالیزم و ناوەندگەرایی دایکایەتی زۆر لەپێشتر بووە بە بەراورد لەتەک ئەو قۆناغەی، کە خانمان وەک ژنانی ماڵ و کەیبانوو ناسرابن، پێگەی دایکایەتی و ئەو رایەڵ و پەیوەندییانەی لەسەر بنەمای دایکایەتی لێی بەهرەمەند دەبوون، بە سروشتی خۆی وای دەکرد، کە گرنگی و بایەخی خانمان باڵاتر و سەنگینتر بێت، مرۆڤی کێوی و سەرەتایی و پریمتیڤ بایی ئەوەندەش هوشیار نەبوون، کە بزانن پیاوان رۆڵیان لە ئاوسبوون و منداڵبووندا هەیە، لە کتێبەکەی (تۆتم و تابوو)ی (سێگمند فرۆید) ئەم بێئاگایی و نەزانینە دووپات کراوەتەوە، هەمان شت لە هەردوو کتێبی (لەودیو سایکۆلۆژیاوە) ی (ئۆتۆ رانک)، (ژیانی سێکسواڵی مرۆڤی کێوی/ جەنگەڵنشین)ی (برۆنسلاڤ مالینۆڤسکی)، هەموویان ئەو راستییە دووپات دەکەنەوە، کە نەزانینی پیاوان سەبارەت بە ئاوسبوون و منداڵبوون دیوێکی هەقیقەتەکەیە.

ئەوەی راستییە، کە رۆڵی باوکانە لە خوڵقاندنی کۆرپەلە لە رێگەی تۆو و سپێرمی ئەوان بە شێوەیەکی بنەبڕ نکۆڵیی لێ کراوە. کردەی زان و منداڵبوون وەک موعجیزە و پەرجوویەک چاوی لێ کراوە، کە ئەگەرچی دۆخێکی سروشتی و ئاسایی بووە، بەڵام وەک بان سروشت و سوپەرناچراڵ دەرکەوتووە. نووسەر و فێمینست و رۆژنامەنووسی ئەمەریکی (باربارا سیمن: ١٩٣٥-٢٠٠٨)  لەو بڕوایەدایە، کە مرۆڤی کۆن بە سام و بیم و سەرسامییەوە لە ئاوسبوون و سکوزاکردن و ژان و ژوریی زان و منداڵبوونی روانیوە، بەتایبەتی نێرینەکان، ئەو هەستە پڕ لە جۆش و خرۆشەی مرۆڤی سەرەتایی و کێوی هەیبووە، زۆر کوشندەتر و سەنگینتر بووە لەوەی مەزەندەی بکەین، بەتایبەتی، کە ژنان خوڵقێنەری نێرینە وهەم مێیینەش بوون، هاوکات گەورەکردن و ژیانی لەسەر دەستی دایکان و ژنەکان فەراهەم  بووە، کەواتە دایکان سەرچاوەی بوون و بەردەوامبوونی ژیان و زیندەگی بوون، هاوکات ئەوەی مایەی جۆش و خرۆشێکی تراژیک و درامی بووە، کە هەندێک جار دایکە مردووە و کۆرپەلەکە، سپ و ساغڵەم هاتووەتە دونیاوە کە ئەوەیان وەک قوربانیدان چاوی لێ کراوە. هەر خودی ئەم دۆخە بەس بووە لە  باری رۆحی و کۆمەڵایەتی، پێگەی دایکان و ژنان زێدە باڵا و پیرۆزتر بێت.

ئەگەر لەمڕۆکەدا، کە ئێمە لە سەدەی بیست و یەک و هەزارەی سێیەمینداین، بە ملیۆنەها لە ژنان و پیاوان هەن، کە تا هەنووکە بڕوایان وایە، کە (خوێنپژانی مانگانە)ی خانمان و کچانی باڵقبوو، دۆخ و ئاکتێکی خراپ و نێگەتیڤە، بەڵگەش ئەوەیە، کە ناویان ناوە "خوێنی بێ نوێژی"، کە خودی (سووڕی مانگانە) ئاماژەیە بۆ دۆخێکی فسیۆلۆژی و سروشتی نەک پیسبوون، کە لەنێو هەندێک کولتوور و جوگرافیا و قۆناغی مێژووییدا، بەتایبەتیش دوای سەرهەڵدانی ئایینەکان، بە دیاردەیەکی شووم و گڵاوبوون چاوی لێ کراوە، کە وای کردووە وەک نەخۆشییەکی کوشندە چاوی لێ بکەن، خانمان و کچان لە کۆمەڵێک چالاکیی ئینسانی و ژنانەی خۆیان بێبەش ببن. کەچی لە سەردەمانێکی زووتردا، بۆ نموونە لە (چاخی بەردین) و بگرە پێشتر و دواتریش، وەک دیاردەیەکی حاڵگۆڕانی ژنانە لەقەڵەم دراوە، لە خراپترین دۆخدا غەمگینی ئەوە بوون، کە ئەم خوێن-پژانە بەرئەنجام و پاشماوەی کۆرپەلەیەکی ناتەواو و لەدەستچووە، کە دەکرێت قەرەبوو بکرێتەوە، لە رێگەی خوێنێکی پاکتر و کۆرپەلەیەکی ساغڵەمتر.

کەواتە ئێمە ئێستا لە (چاخی بەردین)داین بە دیوە نەرێنییەکەی، یان مرۆڤی مەیموون ئاسا؟ ئەمن بۆ خۆم خۆزگە بە چاخی سەهۆڵبەندان و چاخی بەردین دەخوازم. لەوەش کوشندەتر ئەوەیە، کە کچانی ئێمە کە باڵق دەبن و بۆ یەکەم جار دووچاری ئەو خوێنپژانە دەبن، وەک ئەوەیە لە مەرگی خۆیان نزیک ببنەوە، ترس و شەرم و ژانەدڵێک دەیانگرێت، کە مانگانە دووبارە دەبێتەوە، بیرمان نەچێت دەستەواژەی (بێ نوێژی) بۆ خۆی بەڵگەیە، کە ئیدی ئەوان ئەم هەفتەیە پیس و چەپەڵن، لەکاتێکدا لەناو خەڵکانی شارستاندا ئاهەنگ و شایلۆغان و بەزمێکی وا زێڕەوشان بۆ ئەو کچانە ساز دەکرێن، کە تازە باڵق دەبن، لە لایەن خانەوادە و خزمان و دۆستانی نزیک، کە کچەکان بەدرێژایی ژیان یادی دەکەنەوە، کە من لە هەندێک لەو ئاهەنگانەدا بەشدار بووم، بەڵام منی گەمژە لە یادم چووە، هەمان ئاهەنگ بۆ کچەکەم بکەم، کە  باڵق بووە، کە خۆی یەکێکە لەو کارەساتانەی جێگەی شوورەیی بوو بۆ من تا هەنووکە، دیارە ئەوساش من خاوەنی ئەم هۆش و گۆشە نەبووم، بەڵام ئەوەیان پاساوێکی بێ مانایە!

بە گەڕانەوە بۆ مێژووی دوور و نزیک، پیاوان زۆر درەنگتر فریا دەکەون خۆیان لە بواری هونەر و داهێناندا تاقی بکەنەوە، دەتوانین وەک سەرەتا بچینەوە بۆ (چاخی بەردینی تازە)، کە ئیدی بەشداریی دامەزراندنی ئەو کولتوورە دەکات، بە جۆرێکی بەربڵاو و داهێنەرانە و جیاواز، کە ژیاری هەر هەموومان دەوڵەمەندتر دەکات، لەسەر ئاستی ژانرە ئەدەبی و لقەکانی هونەر، چنین، جۆڵایی، کشتوکاڵ، کەوی و ماڵیکردنی گیانداران و پەلەوەر و باڵندەکان، کە بەتەواوی بناغەی تۆکمەی شارستانییەتێکی تازەباو هاتە کایەوە. دیارە لەگەڵ تێپەڕینی رۆژگاردا، سەدە دوای سەدە ، ئەزموونە جیاوازەکانی ژنان و پیاوان جار لە دوای جار پێشکەوتنی بەخۆیەوە دەبینی، وەک لایەنی تەکنیکی و میکانیکی و هونەری، هەوڵ و کۆششی بێ وچان، هەردوو رەگەزەکەی مرۆڤایەتیی گەیاندە ئێرە، ناکرێت وا مەزەندە بکەین، کە رێکەوت و بەخت وای کردووە ئەزموونی جیاواز تاقی بکەنەوە، بەڵکوو ئەوەیان خودی خەون و مەراق و رەنجی مەردمگەلێک بوون، کە لە خێڵی مەیموون جیا ببنەوە، کە ئەمڕۆ خودی ئەو مەیموونە سپییە، کە من و تۆین، لەسەر ئاستی هەموو دونیادا، جێگەی گومان و پرسیاری سەدەها فەیلەسووف و بیرمەند و مرۆڤناس و مرۆڤدۆستین، کە ئێمە قۆناغی جەنگەڵمان بەجێ هێشتبێت، جەنگەڵ وەک رەمزی رۆحی بارباریزم و وەحشییەتگەری!

دایکان زۆر لەنزیکیشەوە بەشێک بوون لەو سروشتە رەنگین و بەخشندەیە، هەرچیی پەیوەندیی بە خاک و چاندن و پەرەدان بە سەوزایی و بایەخدان بە بەروبووم و میوەچنی و پارێزگاری لە نەوە و فەرزەندەکان، لەسەر هەر هەموو ئاستەکان و شێوازەکاندا، کۆی ئەو کار و ئەرکانە کەوتبوونە سەر ئەستۆ و شانی دایکان و ژنان و کچە هەراشەکان. ئەوان گەر سکوزایان بکردایە یان نا، بۆ هەمیشە وەک گۆزەگەر و شارەزا لە بواری چنین و رستن و دروستکردنی جۆرەها کاسە و کەوڵ و پێویستییەکان، گەرچی زۆر جاران وەک کەلوپەل و ئامرازی بەردەست و رۆژانە چاویان لێ نەدەکرا، بەڵکوو وەک کارگەلی هونەری و داهێنان و ئەفسوون لە قەڵەم دەدران، خۆ ئەوسا و بگرە ئێستاش ئەم هەوڵ و بەرهەمانە، کە دەستکردی خانمان  بوون، وەک سەرەتایەک وا بووون بۆ سەرهەڵدانی کار و چالاکیی جۆراوجۆری پیشەسازی، دیارە پاشماوەکانی ئەو رۆژگارە دێرینە دەیسەلمێنن، کە خانمان لە گیا و گۆل و رەگی درەختەکان، یان هەر رووەکێکی رەگدار، جۆرەها داوودەرمانیان بۆ چارەسەری نەخۆشییەکانی ئەو رۆژگارە بەکار دەهێنا، هەر بە راست ژنان یەکەمین دەرمانسازی پێشەنگ بوون. کەواتە ژنان بە تەنیا دایک نەبوون لە باری بایۆلۆژییەوە، بەڵکوو ئەوان بوون بە سەرچاوەی جێگیربوون و نیشتەجێبوون و پێکەوەژیانی شارستانی.