كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

هەتا دێت مەترسیی ڕوودانی بوومەلەرزەیەکی گەورە لەسەر تاران زیاتر دەبێت

 "گڕکانە ناکارانی شاخی دەماوەند کارا بوونەتەوە"

مەنسوور دەرەجانی، بەڕێوەبەری (ناوەندی قەیرانەکان)ی تاران، لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە وتووێژێکدا هۆشداریی دایە دانیشتوانی تاران و گوتوویە تاران لە ئانوساتی بوومەلەرزەیەکی گەورەدایە و باس لەوە دەکات، توانای رووبەڕووبوونەوەمان تەنیا 18%یە و تەنانەت کێشەی کەمیی گۆڕیشمان دەبێت.

لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، چەندین بوومەلەرزە شارەکانی دەماوەند، فەیروزکوو و ڕوودهەن، کە لە نزیکترین شارەکانی پارێزگای تارانن، هەژاندووە.

کارناسانی بوومەلەرزە دەڵێن، ئەگەری زۆری هەیە تاران بهەژێندرێت، وەکوو باس دەکەن، قڵیشی بوومەلەرزەی بەشی باکوور و باشووری تاران کارا بووەتەوە و لە ئانوساتی بوومەلەرزە دایە.

پێویستە ئەوەش بگوترێت، کێوی دەماوەند، کە کەمتر لە 100 کیلۆمەتر لە تاران دوورە، خاون كەلێك گڕكانی کارایە و پێوانەی بەرزترین گڕكانی کیشوەری ئاسیای هەیە و ئێستا مادە تواوەکانی گڕكانی دەماوەند لەژێر زەوی کەوتوونەتە جووڵە و ئەگەری ئەوە هەیە، کاریگەریی لەسەر قڵیشەکانی باکوور و باشووری تاران هەبێت.

دەرەجاتی ئاماژەی بەوەش کردووە: "پاش بوومەلەرزەیەکی بە گوڕی 5.1 کە بەهاری ئەمساڵ لە پارێزگای تاران ڕووی دا، دەبێ هەموو بەرپرسان و دامودەزگا پەیوەندیدارەکان ئاگادار بن و بکەونە حاڵەتی ئامادەباشییەوە، چونکە ڕووداوێکی وەک بوومەلەرزەی گەورە، پێویستی بە ئامادەکارییەکی زۆر هەیە".

بەڕێوەبەری ناوەندی رووداوە نەخوازراو و قەیرانەکانی تاران ئاماژەی بەوەش داوە، ئەگەر بوومەلەرزەیەک بە پلەی زیاتر لە 7 ریختەر تاران بلەرزێنێت، تووشی زیانێکی گەورە دەبین، تەنانەت ناتوانین گیانلەدەستداوانی رووداوەکەش بنێژین، چونکە گۆڕستانی تاران تەنیا 25 هەزار گۆڕی ئامادەی هەیە.

لە وەڵامی پرسیارێکدا، کە لە کاتی گەیاندنی یارمەتیی گرووپەکانی فریاگوزاری و ئاگرکوژێنەوەکان، یان پۆلیس، رێگا و شەقامەکان بۆ بەهاناوەچوون کراوە دەبن؟ مەنسسوور دەرەجاتی گوتی: "ئەستەمە بتوانرێت هەموو رێگا زەمینییەکان کراوە بن، هەر بۆیە دوو لایەنی نیشتنەوەی کۆپتەرمان بۆ حاڵەتی پێویست ئامادە کردووە، بۆ ئەوەی بریندارەکان بۆ نەخۆشخانەکانی پارێزگاکانی تر بگوازینەوە.

مەنسوور دەرەجانی گوتیشی: "وەکوو هەموو جارێک دەڵێم نزا بکەن، تاکوو ئەمجارە بوومەلەرزە لە شاری تاران نەدات، هەرچەندە هەندێک لە ماڵپەڕەکان گاڵتە بەم قسەیەم دەکەن، بەڵام هەر دەڵێم نزا بکەن، تاکوو ئەم رۆژانە بە باشترین شێوە تێپەڕێنین و داوا لە دانیشتوانی تاران دەکەم، خۆیان ئامادە بکەن بۆ هەر حاڵەتێکی نەخوازراو، تاکوو تووشی زیانی گەورە نەبین".

تاران ئێران، لەناو خودی شاردا 8,693,000 کەسی تێدا نیشتەجێیە و 13,000,000 کەس دانیشتووی سەرجەم ئەو پارێزگایەن و بەپێی زانیارییەکان ڕۆژانە و لە کاتی زیاتر لە دوو ملیۆن کەس لە پارێزگاکانی دیکەی ئێرانەوە دێنە ناو تارانەوە. هەروەها پێوانەی سێیەم شاری زۆرینەی دانیشتوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی هەیە و رووبەرەکەی 751 کلم٢یە. هەموو دامودەزگا حکوومییەکان، پەرلەمان، گەورەترین بازاڕی ئێران، گرنگترین و گەورەترین نەخۆشخانەکان، بازاڕی بۆرسە و زانکۆ بەناوبانگەکانی ئێران و زۆر شوێنی دیگەی گرنگ لە شاری تاراندان.

ساڵانێکی زۆرە ناوەندی بوومەلەرزەناسیی ئێران و ناوەندە توێژینەوە زەوی و فەلەکناسییەکانی ئێران باس لە ئەگەری ڕوودانی بوومەلەرزەیکی گەورە لە تاران پایتەختی ئێران دەکەن.

تاران کە لەڕووی هەڵکەوتەی جوگرافییەوە لەسەر ڕێگەی بوومەلەرزەیە و هاوکات بەهۆی ئەوەی شارێکی تەختە و ئاوەڕۆی دەرنەکراوە، شارەزایان پێشبینی ئەوە دەکەن لە ئەگەری روودانی بوومەلەرزەی بەهێز لەو شارە، کارەساتی گەورەی مرۆیی ڕوو بدات.