چاکسازی، ئیرادە و باوەڕ
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

چاکسازی، ئیرادە و باوەڕ

یەكێك لە خاڵە سەرەكییەكانی كارنامەی کابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، چاكسازی و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵییە، ئەگەرچی لەم یەك ساڵەی لە تەمەنی ئەم كابینەیەدا تێپەڕی، حكوومەت بەشێكی زۆری هەنگاوەكانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی كۆرۆنا و لێكەوتەكانی بوو، مایەی دڵخۆشیشیە كە زۆر چالاکانە و بوێرانە رووبەرووی قەیرانەکان بووەته‌وە، بەڵام هەر لە سەرەتای دەستبەكاربوونیەوە، كابینەی نۆیەم هەنگاوی باشی لە بواری چاكسازییشدا نا و لە سەرەتای ئەم مانگەدا یاسای چاكسازیی مووچە و دەرماڵە و خانەنشینی و ئیمتیازەكان كەوتە واری جێبەجێكردنەوە، بۆیە ئێستا چاکسازی پێی ناوەتە قۆناغێکی گرنگەوە، ھەر بۆیە بەشێك لەوانەی بەرژەوەندییەکانیان لەگەڵ چاكسازیدا یەك ناگرێتەوە، كه‌وتوونه‌ته‌ دژایەتی و دروستكردنی كۆسپ لە پێش پرۆسه‌كه و تەنانەت خەڵكیش لەبارەی یاسای چاكسازی و پرۆسەكەوە چەواشە دەكەن بە زانیاریی نادروست و هەڵە، بەڵام خۆشبەختانە ئاستی رۆشنبیری و تێگەیشتنی زۆربەی تاکی کورد زۆر فراوانتر و رۆشنتر بووە لەوەی بڕوا بەوان بكە.

بریاری چاکسازی، بژارەیەکی سەخت و قورس بوو بۆ حكوومەت، بەڵام بەھۆی بەھێزیی ئیرادە و بوێری لە بریاردان دەست بە جێبەجێكردنی كرا و بەرەو پێشچوونێکی باشی بەخۆیەوە دیوە، بێگومان لە کۆتاییدا حکوومەت ئەو پاڵەپەستۆ داراییە زۆرەی لەسەر کەم دەبێتەوە و فەرمانبەرانیش شایستەکانیان بۆ دەگەڕێتەوە و جۆرێكیش لە دادپەرەوەری دێتە دی، لە ھەمان کاتدا دەرچووانی دیكەی کۆلێژ لێی سوودمەند دەبن، ئەمە جیا لەوەی ئەو پارەیەی كە دەگەڕیتەوە بۆ گەنجینەی حكوومەت، جا كەم بێت یان زۆر، لە بواری دیكەی خزمەتگوزاریدا خەرج دەكرێت.

لەوانەشە ئێستا و راستەوخۆ ھەست بەو دەستکەوتە مەزنە نەکرێت، بەڵام بە پشوودرێژی و ئارامگرتن بە ئاقاری سەرکەوتنی كوردستان دەڕوات و بنیاتنانی كوردستانێكی بەهێز دێتە دی، قازانجەكانی لە داھاتوودا دەبیندرێت، ئەوەش دەستکەوتێکی تر دەبێت و دەخرێتە سەر خەرمانی سەرکەوتنەکانی ئەم کابینەیە و هەروەها حزبە پێكهێنەرەكانی و خەڵكی كوردستان بەگشتی.

رەنگە کەسانێک مەرام و مەبەستیان لە دژایەتیکردنی چاكسازی ئەوە بێت خۆیان لە دانەوەی قەرزی حکوومەت بدزنەوە، یاخود هەندێك حزب پارێزگاری لە بەشێك لە مووچەی کادیرانی حزبەکەیان بكەن، کە زیاتر لە مووچەیەکیان ھەیە، لە كاتێكدا ھەزاران خاوەن بروانامەی بێکار لە ماڵەوە دانیشتوون، خۆ دەبێ بیر لە چارەسەری ئەم كێشەیەش بكرێتەوە.

كابینەی نۆیەمی حکوومەت لەوبارەیەوە لە ھەوڵێکی جدیدایە، لە بەرامبەریشدا ھەندێکیش ھەوڵی ناشرینکردنی پرۆسه‌كه‌ دەدەن تەنیا بۆ موزایەدەکرن بەسەر خەڵکی کوردستاندا و بەدەستھێنانی دەنگ (بە لێكدانەوەی خۆیان)، ناڕاستی و ناحەقیی زۆر هەمبەر بە پرۆسەكە دەكەن، بۆیە لە درۆیەکی سەر شاشەی تی ڤی و راگەیاندنەکانیان چی دیکەی لێ بەدی ناکرێت، بەڵام بەدڵنیاییەوە لە کۆتاییدا ھەموویان دەکەونە بەر حوكمی یاسا و ئەو پرۆسه‌یه‌ کە شکۆی زیاتر و ئومێد بۆ خەڵکی کوردستان دەگەڕێنێتەوە. چونكە نەیارانی چاكسازی ناتوانن هەتا سەر، رێگری بکەن لە بریارێک كە خواستێكی سەرەكیی گه‌ل بێ.

سەرکەوتنی چاکسازی، رووخانی ویستی گەندەڵکاران و سەركەوتنی هەموو خەڵكی كوردستانە، دڵنیاین لەوەی مادام پشتیوانیی خەڵكی كوردستانی لەگەڵدایە، سەر دەكەوێت.