كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

دامەزرێنەرێكی یەکێتی لەبارەی ئەو لامەركەزییەی لە سلێمانی باس دەكرێ: بۆچوونێکی منداڵانەیە و باش نییە

”پێویستە یەكێتی و پارتی ڕێککەوتنێکی گرنگ ئەنجام بدەن“

عومەر شێخ مووس كە یەکێک لە دامەزرێنەرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، لەم چاوپێکەوتنەی (باسنیوز)دا بەبایەخەوە باس لە گرنگیی ڕێككەوتنی یەکێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان دەکات و ڕەخنەش لەو بانگەشەی لامەركەزییە دەگرێت كە ماوەیەكە لەنێو سلێمانییەوە لەلایەن چەند كەس و گرووپێكەوە دەكرێت و بە ”بۆچوونێكی منداڵانە“ وەسفی دەكات.

(باسنیوز) وێڕای ئەوەی لاوازییەك لە پەیوەندییەكانیاندا دەبیندرێت، باس لەوە دەكرێت كە هەوڵێك هەیە بۆ ئەوەی جارێكی دیكە پارتی و یەکێتی گفتوگۆ بكەن و ڕێك بكەون، پێتوایە زەروورەتی ڕێككەوتنی هەردوولایەن هەیە؟
عومەر شێخ مووس: ڕەوشەکە زۆر ئاڵۆزە و پێویستە کێشەکانی یەکێتی و پارتی بە زمانی گفتوگۆ و دیالۆگ چارەسەر بکرێن، ئێستا بۆ ھەموو کەسێک ڕوون بووەتەوە، لە هەرێمی كوردستان حکومڕانی بەبێ یەکێتی و پارتی ناکرێت، بۆیە یەکێتی و پارتی چەندە ھاوکاری یەکتری بکەن، ئەوەندە بەھێز دەبن و ڕووبەڕووی حکوومەتی عێراق و وڵاتانی دراوسێ دەبنەوە، چونکە قورسایی ئەو دوو لایەنە زیاتر دەبێت ئەگەر گفتوگۆ بکەن و ڕێک بکەون.

(باسنیوز) كەواتە لەم دۆخەدا ڕێککەوتنی یەكێتی و پارتی بژارەیەكی بەهێز و بگرە حەتمیشە؟
عومەر شێخ مووس: بەڵێ، ئەگەرێکی زۆرە یەکێتی و پارتی ڕێک بکەون، چونکە لەو کاتەوەی پێکەوە ئیشیان نەکردووە، ئەزموونێکی تاڵیان ھەیە! ھەروەھا فشارێکی زۆریان لە لایەن حکوومەتی عێراق و تورکیا و ئێرانەوە بۆ دروست بووە، ئێستا حکوومەتی عێراق بە مەرجەکانی پێشووی ڕازی نییە و مەرجەکانی خۆی زیاد کردووە، جگە لەوەی داوای ڕێژەیەكی زۆری نەوت لە ڕۆژێکدا دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا داوای ڕادەستکردنەوەی داھاتی ھەموو دەروازە سنوورییەكان دەکات، ئەو ناوچە کێشەلەسەرانەی کە پێشتر بە دەستی کوردەوە بوون، حکوومەتی عێراق بە ئاسانی ڕادەستی کوردی ناکاتەوە، بۆیە پێویستە یەکێتی و پارتی یەکگرتوو بن، تاوەكوو بتوانن بەشێوەیەکی بەھێزتر بکەونە گفتوگۆکردن لەگەڵ حکوومەتی عێراق و دژی فشارەکانی وڵاتانی دراوسێ بوەستنەوە. بیگومان خەڵکی کوردستان ئەودەم ئەو ڕەوشەی پێ خۆش دەبێت، ئێستا دۆخەکە ئاڵۆزە و پەتای کۆرۆنا ڕەوشی ئاسایش و ئابووریی ھەموو جیهان و ناوچەکەی ئێمەشی تێکداوە، بۆیە لەم دۆخە ئاڵۆزەی ئێستادا باشترین كار ئەوەیە ھەردوو حزبی دەسەڵات بە ئاراستەی رێككەوتن ھەنگاوی باش بنێن، تاوەكوو ڕەوشی ژیانی هاووڵاتیانی کوردستان ئاسایی بێتەوە.

(باسنیوز) ئەگەر یەکێتی و پارتی ڕێک نەکەون، ئایندەی ھەرێمی کوردستان بەرەو چ ئاقارێک دەڕوات؟
عومەر شێخ مووس: ئەگەر یەکێتی و پارتی ڕێک نەکەون، ھەرێمی کوردستان جگە لەوەی کە لاواز دەبێت، تووشی قەیرانی زۆر گەورە دەبێت، ھەروەھا حکوومەتی عێراق و تورکیا و ئێران تەراتێن دەكەن. بۆیە باشترین ئەلتەرناتیڤ ئەوەیە كە ئەو دوو حزبە لەسەر بنەمایەکی ڕێکوپێک ڕێک بکەون، ھاوکاریی برایانەی یەکتری بکەن.

(باسنیوز) سەرکردایەتیی نوێی یەکێتی تاچەند پێویستی بە ڕێككەوتنێكی هاوشێوەی ڕێککەوتنی ستراتیژیی لەگەڵ پارتی هەیە؟
عومەر شێخ مووس: وەک پێشتر گوتم، تەنیا گفتوگۆ و دانوستان کێشەکانی ئەو دوو حزبە چارەسەر دەکات، پێویستە یەکێتی و پارتی ھەوڵی ڕێککەوتنێکی گرنگ بدەن، تاوەكوو ھەردوولا بتوانن بە شێوەیەکی باش کوردستان بەڕێوە ببەن. ھەرچەندە ئێستا ڕێککەوتنە ستراتیژییەکەی پێشوو ھەیە، بەڵام پێویستی بە نوێبوونەوە و دەوڵەمەندکردنی زیاترە. ئەگەر ڕێککەوتنی ستراتیژیی نوێ بکرێتەوە، باشترین ڕێگەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بەڵام ناوی ڕێککەوتنەکە گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە ڕێککەوتنێکی جددی و فعلییە و ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکە گرنگە.

(باسنیوز) ماوەیەکە لەلایەیین هەندێ گرووپ و كەسەوە، باس لە پەیڕەوکردنی سیستەمی لامەرکەزیی بۆ پارێزگای سلێمانی دەکرێت، بەڵام بەو شویوەی نا كە حكوومەتی هەرێم لە كارنامەی خۆیدا باسی كردووە، ھەڵوێستی بەڕێزتان لەسەر پرسی لامەرکەزیی سلێمانی چۆنە؟ هەندێك دەڵێن زیان بە یەکپارچەیی ھەرێمی کوردستان دەگەیەنێت؟
عومەر شێخ مووس: بە بۆچوونی من، لامەرکەزی بۆچوونێکی منداڵانەیە و شتێکی باش نییە، ئەوەی لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا وەك فیدرالیەت بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان دانرەوە، ئەوە لە جێگەی خۆیەتی، ئەگەر بە ڕێکوپێکی جێبەجێ بکرێت، پێویستی بەو بۆچوونە منداڵانەیە نییە کە دەڵێن پێویستە سلێمانی لامەرکەزیی تەواوی ھەبێت، ئەوە شتێکی گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە لەناو دەزگاکانی دەسەڵات لەناو حکوومەتی ھەرێمی كوردستان و پەرلەمانی کوردستان، ڕیفۆرم و گۆڕانکاریی پێویست بکرێت. ھەروەھا بەشێوەیەکی بەرچاو ئیش بکەن، تاوەكوو بتوانن حزبەکانی دیکە بەلای خۆیاندا ڕابکێشن، بۆ ئەوەی قورسایی تەواویان ھەبێت، جەماوەریش ڕێزێکی زۆر لە سیاسەتی ھەرێمی كوردستان بگرێت. من تکا لە ھەموو لایەنە سیاسییەکان دەکەم کەمێک بەشێوەیەکی بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن، ئەوەندە خەڵکی بە شتی لابەلا و بێ ماناوە مەشغوڵ نەکەن، چونکە گەلی کورد گرفتی ئێجگار زۆری ھەیە، پێویستە ئیتر ھاوکاریی یەکتری بکەن و کێشەکان چارەسەر بکەن.

(باسنیوز) ھەندێک پەرلەمانتاری کورد لە بەغدا و پەرلەمانی کوردستان، باسی ھەڵوەشاندنەوە قەوارەی ھەرێمی کوردستان دەکەن، ھەڵوێستی بەڕێزتان لەسەر ئەو پرسە چۆنە؟
عومەر شێخ مووس: بۆچوونێکی زۆر مناڵکارانە و پۆپۆلیستانەیە و ھیچ سوودێکی بۆ کوردستان نابێت.