بەهۆی وێنەکانی ناو مۆبایلەکەیەوە کوژرا
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

بەهۆی وێنەکانی ناو مۆبایلەکەیەوە کوژرا

"کچەکەشم کوژرا و کەسیش دەستگیر نەکرا، خۆ منیش سکاڵام تۆمار نەکردبا، دەبوایە هەر بگیرایە"


بەپێی گێڕانەوەی زارا، کچەکەی بەر لە کوژرانی، چەند جارێک تۆراوە و رۆیشتووەتەوە ماڵی دایکی، بەڵام لەبەر ئەوەی هاوسەرەکەی خزمی بووە، گوتوویانە دەبێ بگەڕێیەوە بۆ لای: "دواجار، کە هاتەوە گوتی، من بێزار بووم و چیتر تەحەمولی ئەو ژیانە ناکەم، ئەو پیاوە بەردەوام خیانەت دەکات و لەگەڵم خراپە، منیش پێم گوت، ئارام بە، هەموو ژن و مێردێک شەڕیان دەبێ".

زارا دەڵێت: “بەر لەو جارە، هیچ کاتێک بە منی نەگوتووە، کە مێردەکەی لەگەڵی خراپە، بەڵام بۆ خوشکەکەی باس کردووە، کە ئەو پیاوە پەیوەندیی لەگەڵ ژنێک هەیە و بەو هۆیەوە لەگەڵ ئەو خراپە”.

زارا باس لەو رۆژە دەکات، کە کچەکەی کوژراوە: "من ماڵم لە شارۆچكەی (ه)، ماڵی کچەکەم لە هەولێر بوو. سەعات ١١تەلەفۆنیان کرد و گوتیان وەرە کچەکەت نەخۆشە، کاتێک چووم بریندار بوو، زمانی نەبوو، کە پرسیم گوتیان، بە دەمانچە لە خۆیی داوە، ویستم قسەی لەگەڵ بکەم، نەیانهێشت و گوتیان ناتوانێ قسە بکات".


بەپێی باسکردنی ئەو ژنە، هاوسەری کچەکەی و باوک و خاڵی هەر خەریکی سرتەسرت بوون، هەمیشە یەکێکی خێزانەکەی ئەوان لای بوون و نەیانهێشتووە بەتەنیا بێت: "من بە بینینی کچەکەم بەم جۆرە زۆر پەرێشان بووم، ئەوانیش بەردەوام یەکیان لامبوو، مەشغوڵ و پسکەپسکی ئەوانم بینی، گومانم لا دروست بوو، نەیانهێشت یەک دەقە بەتەنیا بم، بەڵام کە پەشۆکاوی و سرتەسرتی ئەوانم بینی، گومانم لا دروست بوو".

زارا وێڕای ئەوەی جرگی سووتاوە، وەک خۆی دەڵێت، بەردەوام لەلایەن زاواکەی و خێزانەکەیەوە هەڕەشەی لێ دەکرێت: "کاتێك گوتیان کچەکەت مردووە، خوشکێکی چونکە دەیزانی کێشەی هەبووە، رێک چووبووە ماڵێ و هەوڵی دابوو لاپتۆپ و مۆبایلەکەی بدۆزێتەوە، بەڵام نەیانهێشتبوو و دەریانکردبوو، بەوە گومانمان گەورەتر بوو".
هەروەها بە قسەی زارا، لە دادپزیشکییش هەر رێگەیان نەداوە ئەو بچێتە لای: "نەیانهێشت لە دادپزیشكییش من بچمە لای، بەڵام هەرچۆنێک بێ بەتانییەکەم لەسەر لابرد، بینیم گوللە لە پشت شانی لای چەپی هاتووەتە دەرەوە، بۆیە ئێستا گومان لە هەموو شتێ دەکەم".


خوشکی کچە کوژراوەکە دەڵێت: "بەردەوام گلەیی لای من دەکرد و دەیگوت، مێردەکەم لەگەڵ فڵان ژن پەیوەندیی هەیە، من بەجێ دەهێڵێت و دەچێت بۆ لای ئەو، پشتگوێی خستووم و هیچ گرنگیم پێ نادات، بەڵێنی پێ داوم وازی لێ بێنێت، بەڵام درۆ دەکات و بەردەوامە".


بە گوتەی خوشکی ژنە کوژراوەکە، خوشکەکەی لەسەر ئەم پەیوەندییە کوژراوە: "خوشکەکەم وێنەی ئەم ژنەی لە مۆبایلی مێردەکەی دەرهێنابوو، لای خۆی هەڵی گرتبوو، دەیگوت ئەگەر وازی لێ نەهێنێ بۆ مێردەکەی دەنێرم، کاتێک مێردەکەی ئەوە دەزانێت دەیکوژێت، بۆ ئەوەی بەر بەوە بگرێ، کە پەیوەندییەکەی ئاشکرا بێت".


دایکی دەڵێت: "كاتژمیر ١١ی پێش نیوەڕۆ تەلەفۆنیان بۆ من کرد، بەڵام کچەکەم سەعات هەشت لێی دراوە، تا نەیانزانیوە دەمرێ، تەلەفۆنیان بۆ من نەکردووە. ئەوە جگە لەوەی مۆبایل و لاپتۆپ و هەموو شتێکی کچەکەمیان شاردووەتەوە و نەیانهێشت من هیچ ببینم، تا ئەو وێنانە نەبینم، کە کچەکەمی لەسەر کوژراوە".


کارێکی تر، کە ئەم دایکەی زۆر خستووەتە گومانەوە و دەڵێت: "دوای مردنی، گوتم بمبەنە ماڵەکەی بزانم لە کوێ خۆی کوشتووە، کاتێک بردیانم، هەستت نەدەکرد لەو ماڵە هیچ رووی داوە. پێش ئەوەی پۆلیس بیبینێ، هەمووی شۆردرابوو و پاک کرابووەوە و هیچ بەڵگەیەکیان نەهێشتبوو".


ئەوەی زارای زیاتر بێزار کردووە ئەوەیە: "دەڵێن کچەکەت لەبەر ئەوەی منداڵی نەدەبوو، خۆی کوشتووە، یان نەخۆشیی دەروونیی هەبووە، باشە ئەگەر کچەکەم نەخۆشیی دەروونیی هەبوایە، رۆژێک بە منی نەدەگوت؟ یان نەدەچووە لای دکتۆر؟ بۆچی من قەت هەستم بەوە نەکردووە؟".


زارا تا ئێستا چەند جارێک چووەتە بنکەی پۆلیس و سکاڵای تۆمار کردووە، بەڵام زاواکەی نەگیراوە، چونکە: "واستەی هەیە". هەوروەها: "بەردەوام هەڕەشەم لێ دەکات و دەڵێت، ئەگەر دەستگیر بکرێم، هەمووتان دەکوژم، من نابێ بۆ کوشتنی تەنیا ژنێک بچمە زیندان".


ئەو ژنە دەڵێت: "زۆرجار دەمەوێ سکاڵاکە وەرگرمەوە، چونکە دەزانم هەڕەشەکانیان جددین، ئەوەتا کچەکەمیان کوشت و رۆژێک دەستگیر نەکر،ا ئێمەش بکوژن هەروادەبێت، زۆرجار دەڵێم بکشێمەوە باشترە، با منداڵەکانی تریشم لەدەست نەدەم".


وێڕای ئەوەی زارا ئێستا پارێزەری گرتووە، بەڵام وەکوو دەڵێت: "گومانم هەیە، دەترسێم بە پارە و هەڕەشە ئەویش ببەنە لای خۆیان".