پاسكیل و هەیبەت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

- كێ پاسكیل بەكار دەهێنێ؟
- كەسەكە هەیبەت دەداتە پاسكیل، یان پاسكیل بە كەسەكە؟

پاسكیل وەك ئامێرێكی گلۆباڵ، هیچ تەمەن و ڕەگەز و نەتەوەیەك ناناسێ. هاوڕێ و دۆستی هەمووانە لە هەر تەمەنێكدا بن. ئەو ئامێرە، كە كەسایەتییەكی تایبەتی بۆ خۆی دروست كردووە، هاوڕێی منداڵ و گەنج و پیرە. دۆستی نەخۆش و ساغە. هاودەمی كرێكار و ئەندازیار و بەڕێوەبەرە. هەژار و دەوڵەمەند كەیفیان پێی دێت. ئەو ئەسپە بێ خوێنە خوێنی بەكاربەرانی دەجووڵێنێ. لەو كۆمەڵگایانەی ئینسان مەبەستە، پاسكیل لە هەموو شوێنێكە، بەشێكە لە كولتوور و ژیان. ژیانی هەموو كۆمەڵگە و ژیانی تاكە كەسیش.

- هەیبەتی سەرۆك وەزیرانێك بە پاسكیل بچێت بۆ سەر كارەكەی، چی پێ دەبەخشێ؟
- خاكەڕایی، پاسكیل نیشانەی خاكەڕایی و سادەیی و دڵفراوانییە.
- نیشانەی ژینگەدۆستی و سروشتپەروەرییە.
- نیشانە و هەیبەتی دەستپاكی و بەفیڕۆنەدانی موڵكی گشتییە.
- زەوق جوانی و لێو بەخەندەیی و لێبوردەییە.

كورد و پاسكیل
كۆتایی و سەرەتای حەفتاكانی سەدەی ڕابردوو، سەردەمی زێڕینی دەركەوتنی پاسكیل بوو، هەرچەند لە هیچ سەردەمێكدا كورد بە پۆزەتیڤ سەیری پاسكیلی نەكردووە.

سەرەتا كورد ئەو ئامێرەی وەك دڵخۆشكەری منداڵانە سەیر دەكرد. تا ئێرە باشە، دیوی دووەمی ئەو قسەیە ئەوەیە، كە ئامێرێكی منداڵانەیە، بەوەش هەیبەتی لێ ستاندەوە. بۆیە لەگەڵ هەوڵی بەردەوامی دەستەبژێرێك لە خەڵكانی شارەزا و مەلای ڕۆشنفكر و كەسانی خوێندەوار، هەرگیز پاسكیل نەبووە ئامێرێك بۆ خێزانی بەهەیبەت و نەجیبزادە.

- خێزانی كورد بۆ هەمیشە كچی لە پاسكیل بێبەش كرد. ڕاستە چەندان كچی بەهەیبەت و نەترسمان بەسەر پاسكیلەوە دیتوە، بەڵام ئەو كچ یان ژنانە وەك پاڵەوان سەیر دەكرێن، وەك ئەو كەسانەی یاخین و قەدەغەكانی كۆمەڵگە دەشكێنن. هەر چالاكییەك نەتوانێ ژن و پیاو وەك یەك لە دەوری خۆی كۆ بكاتەوە، هەرگیز ناتوانێ بە شێوەیەكی سروشتی بژیت، هەمیشە پێویستی بە هەناسەی دەستكردە. مەبەست لە هەناسەی دەستكرد ئەو هەوڵە بێ سەمەرانەیە، كە دەیدەین بۆ ئەوەی كورد بخوێنێتەوە و گوێ لە مۆسیقا بگرێت و سەیری ڕەنگ و وێنە بكات، ئەو هەوڵانە هەناسەی دەستكردن.

- پاسكیل وەك ئامێرێكی كات بەسەربردنی گەنج و هەرزەكاران پۆلێن كرا. دیوێكی ئەو پۆلێنكردنە زۆر باشە، ئەویش هاندانی مێرمنداڵ و گەنجانە بۆ بەكارهێنانی پاسكیل بە هەر مەبەستێك بێت. ئەوەی خراپە دیوی دووەمیەتی، ئەویش لێستاندنەوەی ئەو مافەیە دوای گەورەبوون، زۆربەی ئەو گەنجانەی تەمەنی بیست ساڵی تەواو دەكەن، خێرا دەچنە ریزی پیاوە مەعقوولەكانەوە و پاسكیل و تەمەنەكەیان لەدوای خۆیانەوە جێ دەهێڵن.

- هەیبەت و پاسكیل، هەیبەتی كۆمەڵایەتی، پیاوی ماقوول بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ پاسكیل سواریدا یەك ناگرنەوە. كەس پیاوێكی بەهەیبەتی كۆمەڵگەی نایاتەوە بیر بە سواریی پاسكیلەكەی بە كۆڵاندا تێپەڕیبێ. لە باشترین حاڵەتدا هەژار و ماندوو لە ناچاریدا ئیشەكانیان بە پاسكیل كردووە.
- ژن لە هیچ تەمەنێكدا نەیتوانیوە بە ئارامی و بەئاسوودەیی سواری پاسكیل بێت.

- گەورەترین شانازیی پاسكیل پێی بڕابێ، ئەوەیە بووە بە هاوڕێ و هاوكاری ئەو باخەوانە بەتەمەنانەی، كە لەوپەڕی نەداری و ناچاریدا بە كۆڵانەكاندا دەگەڕان، تا چیمەنی ماڵێك ببڕن و چەند دارێكیان بۆ هەڵپەدێون.

پاسكیل، كە ئامێرێكی پڕ چالاكی و هێز و بەهرەی تاكەكەسییە، هەرگیز لە كۆمەڵگەیەكی شێواوی وەك كۆمەڵگەی كوردیدا نابێتە ئاماژە بۆ هەیبەت، كە هەموو هەیبەت و هێزی خۆی لە نماییشە ڕوواڵەتییەكاندا دەبینێتەوە، كۆمەڵگەی بۆش و بەتاڵ لە داهێنان هەیبەتی كۆمەڵایەتی خۆی لە ناوی ئاخنراو بە ڕیاكاری و ئەتوارە نەخۆشەكان وەردەگرێ. پاڵەوانە درۆزنەكانی ئەو كۆمەڵگەیە بەدوای ژمارەی جوانی ئۆتۆمبێلەوەن، كە تا سەد ساڵی دیكە بگەڕێی هونەرێكی تێدا نابینییەوە!

جوگرافیا و پاسكیل
هەر دیاردەیەك، كە دەبێتە كولتوور نیشانە و بەڵگە لە جوگرافیا و بیركردنەوەی خەڵكدا دروست دەكات.

شوێنی پاسكیل لە جوگرافیادا:
- پاسكیل بەهۆی جووڵە و فۆڕمە تایبەتەكەی سەرنج ڕادەكێشێ. پێویستی بە كارگەی دروستكردن، شوێنی فرۆشتن و هەڵگرتن و لە هەمووشی گرنگتر ڕێگای تایبەت بەخۆی هەیە. دەشێ وڵاتێك هەبێ، نەتوانێ پاسكیل دروست بكات، یان شوێنی تایبەت بە ڕاگرتنی پاسكیلی نەبێت، بەڵام هەرگیز ناكرێت ڕێگای هاتوچۆی نەبێت. ڕێگای تایبەت بە پاسكیل، كە ئەندازە و هونەری تایبەت بە خۆی هەیە، دیارترین نیشانەی هەبوونیەتی، لە هەمان كاتێشدا ڕێزگرتنە لە بەكاربەرانی.

- چۆن لە جوگرافیادا دەبێ پاسكیل شوێنی خۆی هەبێ، بە هەمان شێوە لە یادەوەری و بیركردنەوەشماندا دەبێ ئەو شوێنە ئامادە بێت. بۆ نموونە لە یادەوەریی هیچ كامماندا نییە، دایكمان یان باپیرمان ڕۆژیك بە پاسكیلەكەی بە بەردەمماندا تێپەڕیبێت، یان فڵان خێزان بەو جۆرە پاسكیلە، فڵان بە جۆرێكی دیكە بەناوبانگ بێت.

كاریگەریی پاسكیل
بەكارهێنانی پاسكیل وەك خوێندنەوەی كتێب وایە، كاتێك خوێنەرێك خۆی لە خوێندنەوەی كتێبێك بێبەش دەكات، ئەوە كتێبەكە نییە زیانی بەركەوتووە، بەڵكوو ئەوە خوێنەرەكەیە كە لە دنیا و زانیاری و لەزەتی ئەو كتێبە بێبەش بووە. كتێب و پاسكیل لەوەدا وەك یەكن، بەهای كتێب لە كڕین و هەبوونیدا نییە، بەڵكوو لە خوێندنەوەی دایە. بە هەمان شێوە بەهای پاسكیلیش لە كڕین و هەبوونیدا نییە، بەڵكوو لە بەكارهێنانیدایە.

ڕاستە لە كووچە و كۆڵانی شاری كوردیدا پاسكیل دەبینرێ، بەڵام لەبەر ئەوەی سروشتی كوردی ڕەشاقەتی تێدا نییە، ئەو ئامێرە هەر نامۆیە و نابێتە بەشێك لێی. زۆر جار ڕۆشنبیر و چالاكوان و هەندێ جاریش دەوڵەت هەوڵی شێلگیرانە دەدەن بۆ بە (ئاسایی)كردنی بەكارهێنانی پاسكیل، بەڵام چونكە لە ناخی كۆمەڵگەدا ڕەتكراوەتەوە، چونكە ڕووحی كۆمەڵگە خێڵەكییە، ئەو هەوڵانە پێش لەدایكبوونیان دەمرن.

قسەی كورت:
ئەو خانووانەی دروست دەكرێن، كە هەر لەسەرەتاوە دەلاقە و پەنجەرەیان تێنەگیرێ، دواتر هیچ هێزێك ناتوانێ تیشكی خۆریان بێنێتە ناو.