كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسی: شەپۆلێکی گەرما ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکات

"شەپۆلەکە هەتا سێشەممەی داهاتوو بەردەوام دەبێت"

بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی ھەرێمی کوردستان، ئاشکرای کرد شەپۆلێکی گەرما ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکات و لە هەندێ ناوچە پلەکانی گەرما هەتا 48 پلەی سەدی دەڕوات و ئەم شەپۆلە هەتا سێشەممەی داهاتوو بەردەوام دەبێت.

لەمبارەوە فازڵ ئیبراهیم لە لێدوانێکدا بە (باسنیوز) ی ڕاگەیاند: "بێگومان لە وەرزی هاویندا و بەتایبەتی لەڕووی فەلەکیشەوە لە 2020.6.21ەوە لە نیوە گۆی باکوور، کە هەرێمی کوردستانیش کەوتووەتە سەر نیوە گۆی باکووری سەر زەوی، وەرزی هاوین و گەرما لە هەرێمی کوردستان دەستی پێ کردووە، بۆیە دەبینین پلەکانی گەرما لە ئاستی ئاسایی خۆیەتی، بەتایبەتی لە سەنتەری شارەکان لەسەرووی ٤٠ پلەی سەدی تۆمار دەکات".

لەبارەی ئەو شەپۆلە گەرمایەوە بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسی گوتیشی: "لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا شەپۆلێکی مامناوەندی گەرمی ڕووی لە ناوچەکەمان کرد کە تێیدا پلەکانی گەرما بەرز بوونەوە، بەڵام لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا پلەکانی گەرما گەڕایەوە ئاستی ئاسایی خۆی".

فازڵ ئیبراهیم ئاماژەی بەوەش کرد: "بە گوێرەی ئەو نەخشانەی کە لەبەردەستدان، پێشبینی دەکرێت لە ئەمڕۆوە پلەکانی گەرما ڕوو لە بەرزبوونەوە دەکەن، ئەم بەرزبوونەوەیەش هەتا ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو 2020.7.20 بەردەوام دەبێت  و پاش ئەوە پلەی گەرمی دادەبەزێت، بەڵام دابەزینەکە بەو جۆرە نییە کە بڵێین ڕەوشی کەشوهەوا فێنک دەبێت، بوڵکوو دەگاتەوە تێكڕای ئاسایی خۆی واتە لە نێوان 41 بۆ 42 پلەی سەدی دەمێنێتەوە، بەڵام لەگەڵ هاتنی ئەم شەپۆلە پێشبینی دەکرێت لە سەنتەری هەولێر هەتا 44 پلەی سەدی بەرز ببێتەوە، واتە بە بەراوردی ئێستا 3 پلە بەرزتر دەبێتەوە".

بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسی ئاماژەی بەوەش دا: "سەبارەت بە پلەی گەرما لە سنوورەی ناوچەکانی باشووری هەرێمی کوردستان، واتە ناوچەکانی کەرکووک، خانەقین و گەرمیان و هەتا مەخموور و شنگال پێشبینی دەکرێت، بەرزترین پلەی گەرمی لەو ناوچانە بگاتە نێوان 47 بۆ 48 پلەی سەدی لە کاتی هاتنی ئەم شەپۆلە لە چوار ڕۆژی داهاتوودا، بەڵام پێشبینی دەکرێت لە ٢٠ی مانگەوە ڕەوشەکە دەگاتەوە تێکڕای ئاسایی خۆی لەم وەرزەی ساڵدا".

لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەش دا: "ئێمە هەروەک ئەرکەکەمان بۆ هاووڵاتیان پێدانی هۆشداری و هەندێ زانیارییە بە دامودەزگا پەیوەندیدارەکان کە هەر دەزگایەک بەپێی کار و ئەرکی خۆی ئامادەکاری دەکات و ئێمە بەردەوام لەگەڵ دامودەزگاکان لە هەماهەنگیداین و بۆ هەر ئەگەر و پێشهاتێک".