بەختیار حەیدەر: سۆران عومەر لە هەر كوێ بێت دەبێت پۆلیس دەستگیری بكات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

بەختیار حەیدەر: سۆران عومەر لە هەر كوێ بێت دەبێت پۆلیس دەستگیری بكات

”دەست لەكاركێشانەوەی لە پەرلەمان هیچ كاریگەری لەسەر دۆسیەكەی نابێت“

پارێزەرێكی ناسراوی هەرێمی كوردستان رای گەیاند كە دەست لەكاركێشانەوەی لە ئەندامێتیی پەرلەمانی كوردستان، هیچ كاریگەرییەكی لەسەر دۆسیەی دادگا نابێت و سۆران عومەر لە هەر كوێیەك بێت، دەبێت پۆلیس دەستگیری بكات.

پاش ئەوەی دادوەری دادگای لێكۆڵینەوەی هەولێر لە ڕۆژی ١٢ی ٧ی ٢٠٢٠، فەرمانی دەستگیركردنی سۆران عومەری ئاراستەی سەرجەم ئەندامانی بەرزەفتی دادوەری كرد، بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە ١٥ی ٧ی ٢٠٢٠، سۆران عومەر لە بەردەم نووسینگەی سلێمانیی پەرلەمانی كوردستان دەست لەكار بكێشێتەوە.

لەمبارەیەوە بەختیار حەیدەر، پارێزەری ناسراو لە هەرێمی كوردستان بە (باسنیوز)ی راگەیاند، لەبەر ئەوەی پارێزبەندی لەسەر ئەو پەرلەمانتارە هەڵگیراوە، دادگای لێكۆڵینەوە ڕێكارە یاساییەكانی خۆی دەگرێتە بەر و دۆسیەكەشی كراوەتەوە، بۆیە ”دەبێت بێتە بەردەم دادگا“.

ئەوەشی ڕوون كردەوە كە بەپێی لۆژیك، فەرمانی دادگا دەبێت لە هەموو شوێنێك جێبەجێ بكرێت، ”جا سۆران عومە دەست لەكار بكێشێتەوە یان نا، مادام پارێزبەندی لەسەر هەڵگیراوە، دەست لەكاركێشانەوەكەی كاریگەری بەسەر دۆسیەكەە نابێت و لە ڕۆژی دەرچوونی فەرمانی دادگاوە، دەبوایە فەرمانەكە جێبەجێ بكرێت“.

بەختیار حەیدەر داوا دەكات پۆلیس بە ئەركی خۆی هەڵسێت و ئەو تۆمەتبارە دەستگیر بكات، گوتیشی: ”پاش دەستگیركردنی، ئەگەر بەڵگەیەكی هەبێت لەبارەی ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی خەڵكی كردووە، دەیخاتە ڕوو، ئەگەریش بەڵگەی نەبێت و ناوی كەسانێكی زڕاندبێت، ئەوا یاسا سزای خۆی داناوە“.

لە ٧ی ئایاری ٢٠٢٠، پەرلەمانی كوردستان لەبارەی چوار دۆسیە پارێزبەندی لەسەر سۆران عومەر هەڵگرت كە یەكێكیان دۆسیەی بێسەروشوێنكردنی ڕۆژنامەنووس محەمەد سیاسییە كە بە گوتەی كەسوكاری رۆژنامەنووسەكە، زیاتر لە سێزدە ساڵ لەمەوبەر، پاش ئەوەی لەلایەن سۆران عومەرەوە بۆ نانخواردنی نیوەڕۆ بانگهێشت كراوە، مۆبایلەكەی داخراوە و تا ئەمڕۆش كەس هیچی لەبارەوە نەزانیوە.