وەزارەتی بازرگانی: بەرھەمی کارگەکانی ناوخۆ زیادیان کردووە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

وەزارەتی بازرگانی: بەرھەمی کارگەکانی ناوخۆ زیادیان کردووە

هەندێ کارگەش لە قۆناغی دروستکردندان"

گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئاشکرای کرد زۆریک لە کارگە ناوخۆییەکان ڕێژەی بەرھەمەکانیان بەرز بووەتە بۆ ئاستی پێویستیی ناوخۆ و بەرنامەی دامەزراندنی چەندین کارگەی ناوخۆش لە ئارا دایە.

سەردار قوربانی، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "بەپێی بەدواداچوونێکمان ژمارەیەکی زۆر لە کارگەکانی ناوخۆ بەرھەمەکانیان زیادی کردووە و بەشێکی زۆری پێویستیی ناوخۆیان بە بەرھەمەکانیان پڕ دەکەنەوە".

گوتیشی: "بڕیارێکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ کارگەکان ھەیە کە ھەر کارگەیەک بەرھەمەکەی گەیشتە ٣٥% ی پێویستیی ناوخۆ، باج دەخرێتە سەر ئەو جۆرە بەرھەمەی کارگەکە کە لە دەرەوە ھاوردەی ھەرێمی کوردستان دەکرێت و ئەوەش بۆ پاڵپشتی بەرھەمی کارگەکە و پاراستنی نرخ و سوودمەندبوونی دەستی کاری ناوخۆیە"

باسی لەوەش کرد: "ئێستا ژمارەیەکی زۆر کارگە لە قۆناغی دروستکردندان و ھەندێکیشیان دوای گەیاندنی خزمەتگوزاریی ڕێگەوبان و ئاو و کارەبا دەکرێنەوە".

سەردار قوربانی ئەوەشی خستە روو: "بەرنامەیەک ھەیە کە ھەندێک لە کارگە حکوومییەکان کە وەستاون، بۆ دووبارە وەگەڕخستنەوەیان بدرێنە کەرتی تایبەت".