به‌رپرسێكى پارتى: هێزێكى سوپاى عێراق هێنراوه‌ته‌ شارى كفرى
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

به‌رپرسێكى پارتى: هێزێكى سوپاى عێراق هێنراوه‌ته‌ شارى كفرى


چه‌ند ڕۆژێكە هێزێكى سوپاى عێراق به‌ بیانووى پاراستنى ناوچه‌كه‌، هێنراوەتە‌ شارى كفرى و ده‌یانه‌وێ به‌ هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ هێزى پێشمه‌رگە بازگەی لێ دابنێن، لەمبارەیەوە كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ به‌رپرسى میحوه‌رى قه‌ره‌ته‌په‌ی پێشمەرگە ئه‌نجام دراوه‌.


سه‌باح محه‌مه‌د به‌رپرسى ناوچه‌ى كفرى پارتى به‌ (باسنیوز)ى ڕاگه‌یاند دوو رۆژە هێزێكى سوپاى عێراق هاتوونه‌تە سنوورى شارى كفرى له‌ ناوچه‌ى كارێزی نزیك شارى كفرى بازگه‌یه‌كیان گرتووه‌ كه‌ ده‌ڕوات بۆ سلێمان به‌گ، نیوه‌ڕۆی ئەمڕۆش له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كى هاوبه‌شى نێوان سوپاى عێراق و به‌رپرسى میحوه‌رى قه‌ره‌ته‌په‌ی پێشمەرگە كۆبوونه‌وه‌یه‌كیان ئه‌نجام داوه‌ و ده‌یانه‌وێ ئه‌و بازگه‌یه‌ به‌ هاوبه‌شى ئیداره‌ بده‌ن.


هەروەها ڕایگه‌یاند له‌ كفرییه‌وه‌ بۆ قورى چیای و گوندى حه‌م بۆڵ كه‌ ده‌ڕوات بۆ سلێمان به‌گ، ئه‌وێش هێزێكى عێراقى هاتووه‌ و ڕه‌بایەیان داناوه‌، پێرێ هاتن به‌ بیانووى ئه‌وه‌ى كه‌ ئه‌و ناوچانه‌ مه‌ترسى داعشى له‌سه‌ره‌ و پێویستە به ‌یه‌كه‌وه‌ هێرش بكه‌ن، دواتر هێزێكى پێشمەرگەی یه‌كێتى له ‌چه‌مچەماڵ و سلێمانى هاتنه‌ كفرى به‌ چه‌كى قورسه‌وه‌، دواتر ده‌ركه‌وت ڕێككەوتن هه‌بووه‌ له‌ نێوان هه‌ردوولا بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و ناوچه‌یه‌ بكه‌نه‌ هاوبه‌ش، له ‌سه‌ره‌تا میحوه‌ر ناڕازى بوون ئه‌و هێزه‌ بێته‌ ئه‌وێ، به‌ڵام دواتر فەرمانی سه‌رووى خۆیان وه‌رگرتووه‌.


گوتیشى هاتنى ئه‌و هێزه‌ بووەته‌ جێگاى نیگه‌رانى خه‌ڵكى شارى كفرى، چونكه‌ به‌ هاتنى ئه‌و هێزه‌ كێشه‌ بۆ شاره‌كه‌ دروست ده‌بێت، سوپاى عێراق پێشتر له‌ كفرى بوون، بووبوونه‌ هۆى دروستكردنى كێشه‌ بۆ هاووڵاتیانى شاره‌كه‌، ته‌قه‌یان له‌ خه‌ڵك ده‌كرد و گولەتۆپیان ده‌ته‌قاند له‌ نێو شاره‌كه‌، خه‌ڵكیان بریندار و شه‌هید ده‌كرد، ئێستاش به‌ هه‌مان شێوه‌ ئه‌و سوپایه‌ هاتووەته‌وه‌ خه‌ڵك تووشى نیگه‌رانى بوون.


بەرپرسەكەی پارتی ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا كە ئه‌و هێزه‌ى عێراق داوای قه‌ڵاى كفرییشیان كردووه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش نیگه‌رانى زۆرترى لێ كه‌وتووەته‌وه‌ و له‌وانه‌شه‌ له‌ داهاتوو قه‌ڵاى كفریش ڕاده‌ست بكرێ و بكرێته‌ هاوبه‌ش، هه‌مووانیش ده‌زانن كه‌ سوپاى عێراق هه‌مان سوپاى سه‌رده‌مى حزبى به‌عسه‌.