كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

پەرلەمانی عێراق: دەروازە سنوورییەكان لەژێر دەستی مافیاكانن و داهاتیان 10 ملیار دۆلارە

پەرلەمانتارانی عەرەب گەندەڵییەكانی عێراق ئاشكرا دەكەن و هەندێك لە كوردەكانیش لە بەغداوە تەنها هێرش دەكەنە سەر هەرێمی كوردستان


ئەمڕۆ سێشەممە لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند كە دەروازە سنوورییەكانی عێراق لەژێر دەسەڵاتی حزب و مافیاكانن، ساڵانە داهاتیان دەگاتە 10 مليار دۆلاری ئەمریكی، ئەمەش لە كاتێكدایە كە ژمارەیەك پەرلەمانتاری كورد لە بەغداوە تەنها هێرش دەكەنە سەر هەرێمی كوردستان و دوور و نزیك باسی گەندەڵییەكانی بەغدا ناكەن.


ئەمڕۆ عەباس سڕووت پەرلەمانتاری عێراق و ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری رایگەیاند كە لە ساڵی 2003وە دەروازە سنوورییەكانی وڵاتەكەی لەژێر دەسەڵاتی حزبەكان و مافیاكانیانن، هەندێكیشیان لەژێر دەسەڵاتی عەشیرەتەكانن.


سڕووت گوتیشی داهاتی دەروازە سنوورییەكان بە 10 مليار دۆلاری ساڵانە دەخەمڵێندرێ و حزب و مافیاكان دەیبەن، كەچی حكوومەت بۆ دابینكردنی مووچە، خەریكی قەرزكردنی پارەیە.


پەرلەمانتارە عەرەبەكەی عێراق ئاماژەی بەوەش داوە كە ئەگەر حكوومەتی عێراق دەروازە سنوورییەكانی خۆی كۆنترۆڵ بكاتەوە، ئەوا داهاتێكی گەورە دەگەڕێتەوە سەر بودجەی گشتیی وڵاتەكە و بەشێكی زۆری تەنگژەی دارایی و كورتهێنانی بودجەی پێچارەسەر دەكرێ.


ئاشكراكردنی گەندەڵیە زەبەلاحەكانی عێراق لەلایەن پەرلەمانتارانی عەرەبی وڵاتەكەوە لە كاتێكدایە كە ژمارەیەك پەرلەمانتاری بەناو كورد، دوور و نزیك باسی گەندەڵییەكانی عێراق ناكەن، بەڵكو لە بەغداوە لە جێی دوژمن تەنها هێرش دەكەنە سەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان.