كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

كەركووك.. وەك ناڕەزاییەك بەرامبەر قۆڵبەستكردنی مامۆستایەكی كورد یەكێتیی مامۆستایان گردبوونەوە

ئەمڕۆ سێشەممە لە شاری كەركووك، لەسەر قۆڵبەستكردنی مامۆستایەكی كورد دوای كۆچی دوایی خێزانەكەی لە نەخۆشخانەی شارەکە، مامۆستایانی كەركووك گردبوونەوەیەكی ناڕەزاییان ئەنجام دا.

پێشتر (باسنیوز) بڵاوی كردەوە كە مامۆستایەكی كورد بەناوی (محەمەد كەریم)، دوای ئەوەی دوێنێ دووشەممە، خێزانەكەی بەهۆی پەتای كۆرۆناوە لە نەخۆشخانەی گشتیی شاری كەركووك بەهۆی كەمتەرخەمیی كارمەندانی تەندروستییەوە گیانی لەدەست دا، مامۆستاكە ئامێرێكی پزیشكی دەشكینێت، دواتر لەلایەن كارمەندانی تەندروستی نەخۆشخانەكەوە دەستی مامۆستاكە دەبەستنەوە بەو قەروێڵەیەی كە خێزانەكەی لەسەری گیانی لەدەست دابوو، كە ئەوەش كاردانەوە و نیگەرانی زۆری لێكەوتەوە.

لەمەبارەوە محەمەد جەلیل، ئەندامی لقی كەركووكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "هەڵبەتە ناحەقییەك بەرامبەر بە مرۆڤ و مامۆستایەك لە کەرکووک کراوە، ئەوەی كە زۆر جێی گومان و مەترسییە، ئەو ئافرەتە نەخۆش بووە، مێردەكەی كە مامۆستایە بە پارەی خۆی ئۆكسجینی كڕیوە بۆ خێزانەكەی، بەڵام لە نەخۆشخانە ئۆكسیجینەكەی بۆ بەكار ناهێنن و لەلایەن كارمەندانی تەندروستییەوە لێشی دەستێنن، پاشان دەبێتە هۆی دەمەقاڵە لە نێوان ئەو مامۆستایە و كارمەندانی تەندروستی، لەو سەروبەندەدا خێزانەكەی گیان لەدەست دەدات و دەستی مامۆستاكەش كەلەبچە دەكەن بە قەروێڵەكەوە، ئەمەش جێگەی نیگەرانی ئێمە و خەڵكە".

گوتیشی: "بۆیە ئەمڕۆ سێشەممە 14/7/2020 ئەو گردبوونەوەیەمان لە بەردەم نەخۆشخانەی گشتیی كەركووك ئەنجام دا و وەكوو ناڕەاییەك لەسەر ئەو رووداوە و بەرپرسانی تەندروستیمان گوت كە لەو كەیسە خۆش نابین و لێكۆڵینەوەی بەپەلە دەكەین و داوامان كردووە كە لایەنە سیاسییەكانیش بێنە سەر خەت، گلەیی زۆرمان لە پەرلەمانتارەكان كردووە كە بۆ دیار نین و هەڵوێستیان نییە لەسەر ئەو بابەتە، بۆیە ئێمە مۆڵەتمان بە لایەنە پەیوەندیدارەكان داوە كە ئەگەر لێكۆڵینەوەی ورد نەكەن، هەڵوێستی ترمان دەبێت و ئەمجارە ئەگەر تەنیا چەند مامۆستایەك بین و گردبووینەوە، بۆ جاری داهاتوو مامۆستایانی كەركووك بەگشتی كۆ دەكەینەوە و ناڕەزاییەكان فراوانتر دەكەین".