ئەنجوومەنی وەزیران بۆ جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی دەنگ لەسەر دوو پەیڕەوی دیكە دەدات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ئەنجوومەنی وەزیران بۆ جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی دەنگ لەسەر دوو پەیڕەوی دیكە دەدات

سکرتێری لێژنەی باڵای جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی ئاشکرای كرد، سێ پەیڕەوی دیكە بۆ جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی ئامادەیه، دوو پەیڕەویان لە کۆبونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیران دەنگی لەسەر دەدرێت.

د. عەبدولحەکیم خەسرۆ، سکرتێری لێژنەی باڵای جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "یاسای چاکسازی بە کرداری کەوتۆتە باری جێبەجێکردنەوە، سەرۆکی حکوومەت بەدواداچوون لەسەر هەموو ڕێکارەکانی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی دەکات، ئێمەش لە حکوومەت پابەندین بەو ماوە زەمەنییانەی کە بۆ جێبەجێکردنی یاساکە دەستنیشان کراوە و بەردەوامین لە کارەکانمان".

ڕوونیشی كردەوە:" تا ئێستا، پەیڕەوێکی گشتی بۆ یاسای چاکسازی دەرکراوە، سێ پەیڕەوی دیكە بۆ جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی ئامادەیه، دوو پەیڕەویان لە كۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیران دەنگیان لەسەر  دەدرێ، پەیڕەوەکەی دیكەش پاش ڕاوێژی یاسایی ئامادە دەکرێ بۆ دەنگدان، هەروەها دوو ڕێنوێنیش لە لایەن وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە بۆ پلە و مەرتەبە و ناونیشانی فەمانبەران و خانەنشینیی مووچەخۆران دەرکراون".

د. عەبدولحەکیم خەسرۆ جەختی کردەوە، کار لەسەر دەرکرنی کۆمەڵێک ڕێنوێنیی دیكە دەکرێت بۆ ئاسانکاریی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی. گوتیشی:" وەکو لیژنەی جێبەجێکردنی چاکسازی، لەگەڵ وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان دانیشتنمان دەبێ، بۆ ئەوەی ڕێنوێنییەكانی تایبەت بە چاکسازی لە لیستی مووچەی شەهیدان و ئەنفال و زیندانییانی سیاسی قسەی لەسەر بکرێت".

پاش ئەوەی لە 16ی 1ی 2020، یاسای چاکسازی لە مووچە و دەرماڵە و خانەنشینی پەسەند كرا، دواتر حکوومەت دەستی کرد بە ڕێکارەکانی خۆی و لە 1ی 7ی 2020 یاساکە کەوتە باری جێبەجێکردنەوە.