كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

پرسی هەرێمی بەسرە دەخرێتە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق

پەرلەمانتارێکی شاری بەسرەی باشووری عێراق پرسی بە هەرێمبوونی پارێزگاکەی دەخاتە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق.

ئەمڕۆ سێشەممە 14-7-2020، عودەی عەواد، پەرلەمانتاری عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، رۆژی چوارشەممە (سبەی) ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی مستەفا کازمی، کۆبوونەوەیەکی ئاسایی خۆی، لە بەسرە ساز دەکات.

عودەی عەواد بە ئاماژەکردن بەوەی لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی هەموو پرسە پەیوەندیدارەکان بە بەسرەوە دەکرێت، رایگەیاندووە، ژمارەیەک داواکاریی خەڵکی بەسرە دەخەنە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران.

ئەو پەرلەمانتارە جەختی لەوە کردووەتەوە، کە پرسی بە هەرێمکردنی بەسرە یەکێک دەبێ لەو داواکارییانەی دەخرێتە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق.

لە دوای رووخاندنی رژێمی بەعسی عێراق لە ساڵی 2003، بەهۆی پشتگوێخستن و خزمەتنەکردنی بەسرە لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە، خەڵکی بەسرە داوای دروستکردنی هەرێمی بەسرە دەکەن.

هەرچەند داواکارییەکەی خەڵکی بەسرە بۆ بە هەرێمبوون داواکارییەکی یاساییە و دەستووری هەمیشەیی عێراق ئەو مافەی بە خەڵکەکە داوە، بەڵام حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق بەردەوام ئەو داوایەیان رەت کردووەتەوە.

بەسرە پارێزگایەکی باشووری عێراقە و بەهۆی زۆریی نەوتەوە، بە شادەماری ئابووریی عێراق دادەندرێت، بەڵام حکوومەتی عێراق تا ئێستا نەیتوانیوە ئاوی خواردنەوە و کارەبا، وەک دوو لە پێویستییە هەرە سەرەکییەکانی ژیان، بۆ خەڵکی ئەم پارێزگایە دابین بکات.