كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

وەزارەتی تەندروستی: پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ ھاووڵاتـییان نادرێتە کەرتی تایبەت

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕای گەیاند پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ ھاووڵاتـییان، نادرێتە کەرتی تایبەت، بەڵام ئەوانەی بۆ دڵنیایی تەندروستی خۆیانە دەیانەوێت پشکنینەکە لە کەرتی تایبەت بکەن، لە داھاتوودا بڕیاری لەسەر دەدەین.

د.محەمەد قادر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ ھاووڵاتییان، تەنھا لە تاقیگەکانی نەخۆشخانەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بێ بەرامبەر بۆ ھاووڵاتییان ئەنجام دەدرێت و تا ئێستا ھیچ بڕیارێک نەدراوە ئەو پشکنینە بدرێتە کەرتی تایبەت".

گوتیشی: "بیرۆکەیەک ھەیە کە ئەوانەی نەخۆش نین و تەنھا بۆ دڵنیایی خۆیان دەیانەوێت پشکنینی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە تاقیگە ئەھلییەکان ئەنجام بدەن، ڕێگەیان پێ بدرێت، بەڵام ئەوەش پێویستی بە دیراسە ھەیە و دوای گەیشتنە ئەنجام بە چەند مەرج و ڕێنوێنییەک بڕیاری پێویستی لەبارەوە دەدەین".

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، باسی لەوەش کرد: "پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی بۆ ھاووڵاتییان ئەرکی حکوومەتە و بەھۆی گەیشتن و دابینکردنی پێداویستییەکانی چارەسەریشەوە ئێستا چارەسەرکردنی تووشبووانی پەتای کۆرۆنا لە ھەرێمی کوردستان و خێراتر و ئاسانتر بووە".