وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار: وێڕای تەنگژەی كۆرۆنا چەندین پرۆژە بەردەوامن
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار: وێڕای تەنگژەی كۆرۆنا چەندین پرۆژە بەردەوامن

"پلانمان بە شێوەیەک داناوە کە داهات زیاد دەکات و لە بەرژەوەندی هاووڵاتیان خەرج دەکرێ"


ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار رایگەیاند سەرباری تەنگژەی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا، كاركردن لە چەندین پرۆژەدا بەردەوامە لەگەڵ پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە گشتییەكان بە هاووڵاتییان، هەروەها دووپاتی كردەوە كە پلانیان بە شێوەیەک داناوە کە داهات زیاد دەکات و لە بەرژەوەندی هاووڵاتیان خەرج دەکرێ.


ساسان عەونی لە دیمانەیەكی (باس)دا، باسی لە سێكتەرەكانی وەزارەتەكەی و چەندین وردەكاری دیكەی تایبەت بە وەزارەتی شارەوانی كرد، هەروەها پلانی وەزارەتەكەی بۆ زیادكردنی داهات چییە؟ كاریگەریییەكانی قەیرانی دارایی و كۆرۆنا لەسەر كارەكانی وەزارەت لە ماوەی كابینەی نۆیەمی لە ساڵی یەكەمیدا باس دەكات.


وەزارەتەكە رۆژانە 840 ملیۆن دینار بۆ بەرهەمێنانی ئاو خەرج دەكات


سەبارەت بە پڕۆژە و كارەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە ماوەی یەك ساڵەی تەمەنی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار هەندێ زانیاری و پرۆژەی خستەڕوو، سەرەتا لەبارەی ئەو سێكتەرانەی وەزارەتی شارەوانی كاریان لەسەر دەكات، رای گەیاند: وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوار وەزارەتێكی خزمەتگوزارییە و لە رێگەی چەندان سێكتەری گرنگەوە خزمەتی هاووڵاتییان دەكات، وەك سێکتەری ئاو و ئاوەڕۆ، سێکتەری شارەوانی، ئەم سێكتەرە چەندین بوار لەخۆ دەگرێت وەک بواری خۆڵ و خاشاک و ژینگەپارێزی، بواری پارک و باخچەکان، ماستەرپلان و نەخشەدانان، مۆڵەتی بینا و دابینکردنی زەوی، هەروەها دەیان خزمەتگوزاری تر، سێکتەری گەشتوگوزار، سێكتەری شوێنەوار. تەنیا بۆ دابینكردنی ئاو، رۆژانە حكوومەتی ھەرێم 840 ملیۆن دینار بۆ بەرھەمھێنانی ئاو خەرج دەكات و 2.1 ملیۆن سێجا ئاوی پاكی خواردنەوە بۆ ھاووڵاتییان بەرھەم دەھێنێت. گوتیشی: لە ماوەی دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەم گرنگی زۆری بە دابینكردنی ئاو داوە، حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رۆژانە 2.1 ملیۆن سێجا ئاوی پاكی خواردنەوە بۆ ھاووڵاتییان بەرھەم دەھێنێت لە رێگەی 69 پڕۆژەی جۆراوجۆرەوە، كە 19 پڕۆژە لە ھەولێر و 28 پڕۆژە لە سلێمانی و 9 پڕۆژە لە دھۆك و یەك لە ھەڵەبجە، 7 پڕۆژە لە ئیدارەی گەمیان و 6 پڕۆژەش لە ئیدارەی راپەڕین.


كۆرۆنا و قەیرانی دارایی


بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا لەسەر ئاستی جیهان كاریگەری زۆری داناوە، هەرێمی كوردستانیش بەدەر نەبووە لەو كاریگەرییانە، بە تایبەتی كاریگەری لەسەر پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگواریش داناوە، بەو پێیەی كار و پرۆژەكانی وەزارەت خزمەتگوزارین و پارەیان دەوێت، كۆرۆناش كاریگەری قووڵی لەسەر دارایی هەر وڵاتێك دانا بە هەرێمی كوردستانیشەوە، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار نەیشاردەوە كە كۆرۆنا كاریگەری لەسەر پڕۆژەكانی وەزارەتی شارەوانیش داناوە، لەمبارەیەوە دەڵێ: كۆرۆنا کاریگەری لەسەر هەموو جیهان هەبووە و ئێمەش بەدەرنین و بگرە کاریگەرییەکە زیاتریش بووە، چونكە وەزارەتی شارەوانی وەزارەتێكی خزمەتگوزارییە و راستەوخۆ لینكی لەگەڵ هاووڵاتییان هەیە لە رێگەی كۆمەڵێك سێكتەری پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری، بەڵێ، كۆرۆنا كاریگەری لەسەر كارەكانمان هەبووە، هاوكات زۆرترین تیمی شارەوانی لە بواری رشاندنی دژە ڤایرۆس و پاككردنەوەی نەخۆشخانە و خاوێنكردنەوە كار دەكەن، هەروەها تیمێكی تری فەرمانگەكانی شارەوانی لە بواری خاوێنكردنەوە و چارەسەری شوێنەكانی كەرەنتینە كار دەكەن و ئەمەش پرۆسەیەكی رۆژانەی قورسە و خەرجی دەوێت، وێڕای ئەوەی كۆرۆنا داهاتی كەمكردینەوە، بەڵام ئەو پرۆسە خزمەتگوزارییانە دەبێت بەردەوام بن.


سەبارەت بە قەیرانی داراییش، ساسان عەونی دەڵێ قەیرانی دارایی ئەرکی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری زۆر سەختتر کرد، بەو پێیەی وەزارەتی شارەوانی گەورەترین وەزارەتی خزمەتگوزارییە، خزمەتگوزاری دابینکردنی ئاوی خاوێن، چاککردنەوەی پرۆژە، بیر و تۆڕەکانی ئاو بەردەوام بوونە بە تیمی زیاتریش لە چاو جاران، ئەمانەش خەرجیان دەوێت. هەروەها خزمەتگوزاری کۆکردنەوە و چارەسەری زبڵ و خاشاک بەردەوام بوو، تەنانەت لەكاتی كەرەنتینە ئەركی ئەو تیمانە زۆر زیاتریش بوون، چونكە پاشماوە و خۆڵ و خاشاك زیادیان كرد و پرۆسەی كۆكردنەوەش زیاتر بوو و وێڕای قەیرانی دارایی تیمەكان بەردەوام بوون، بۆیە ئەركمان زیاتریش بووە، بەهۆی كۆرۆناوە. وەك باسمان كرد كە لە سەرتاسەری كوردستان ئێمە تیمی رشاندن و خاوێنكردنەوەمان تایبەت بە ڤایرۆسی كۆرۆنا هەیە، سەرباری ئەوەش لە بواری خزمەتكردنی ناوچە سەوزاییەكان، ئاودانی پارک و باخچەکان و دابینكردنی ئاو بۆ نافوورەكان رۆژانەیە و ناكرێت دوابخرێن، بەتایبەتی لە هاویندا دەبێت ئەو ناوچە سەوزاییانە بەردەوام خزمەت بكرێن، كارێكی تریش كە بۆ ئێمە زیاد بووە، ئەویش رشاندنی شوێنە گشتییەکان و فەرمانگەکانی حكوومەتن وەک ئەرکێکی نوێ و ئەمەش خەرجی و تیمی تایبەتی دەوێت، چاودێریكردن و داخستنی ئەو شوێنانەی پابەندی ڕێنمایی تەندروستی و بەیانەکانی وەزارەتی ناوخۆ و پارێزگاکان نەدەبوون، ئەویش لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتییەكانی گەشتوگوزار و شوێنەوار، بە گشتی تیمەكانی شارەوانی لە ماوەی قەیرانی دارایی و كۆرۆنا زیاتر ماندووبوون، بۆیە لێرەوە من بە پێویستی دەزانم سوپاسی ماندووبوون و شەونخوونی کارمەندان و تیمەكانی شارەوانی بكەم كە شەونخوونیان کرد و وێڕای كۆرۆنا و قەیرانی دارایی نەیانهێشت كارەكان پەكیان بكەوێت، سوپاسی بەڕێوەبەر و بەرپرس و فەرمانبەران دەكەم چ لە فەرمانگەکان یان لە بواری دابینکردنی ئاو یان بیرەکان یان تاقیگاکان کار دەکەن، هەروەها تیمەکانی چاککردنەوە کە لەخۆبردووانە هەرکات شکستێک هەبووبێت دەمودەست چاکیان کردووەتەوە، بەهەمان شێوە بۆ خۆڵ و خاشاک و پارک و باخچەکان و تیمی ڕشاندنی دژە ڤایرۆس و تیمی ڕێگری لە زێدەڕۆیی، بەگشتی سوپاسی هەموو ئەوانە دەكەم كە ماندوونەناسانە وەك تیم خزمەتیان كرد.


پرۆژە تەواوبووەكان و بەردەوامەكان.


لە ماوەی یەك ساڵی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ژمارەیەكی زۆر پڕۆژەی تەواوبوونە و ژمارەیەكیش بەردەوامیان هەیە، لەگەڵ هەندێ پرۆژەی دیكە كە بڕیاریان لێ دراوە و دەكەونە بواری جێبەجێكردنەوە، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ساسان عەونی باسی ژمارەیەك لەو پرۆژانەی وەزارەتی شارەوانی دەكات و دەڵێ: لە ماوەی یەكساڵی كابینەی نۆیەمدا ژمارەیەك پڕۆژە تەوابوونە كە بەشێكیان هی كۆنن و بەردەوامی بە كاركردن تێیاندا دراوە، لەگەڵ هەندێ پرۆژەی دیكەش نوێن و كاریان تێدا دەكرێت، بە گشتی پڕۆژەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بەردەوامیان هەیە و ناكرێت بوەستن، بە تایبەتی ئەوانەی راستەوخۆ پەیوەندیان بە ژیانی هاووڵاتییانەوە هەیە، وەك ئەنجامدانی ٨ پرۆژە لە سێکتەرەکانی شارەوانی و ئاو، تەواوکردن و جێبەجێکردنی بەشی دووهەمی پرۆژەکانی سلێمانی و هەڵەبجە بە دانان و گۆڕینی تۆڕی ئاو، هەروەها جێبەجێکردنی پرۆژەی ئاوی خواردنەوەی هەڵەبجە كە لەلایەن ئاژانسى جايكاى یابانی بەشێوەى قەرزى درێژخايەن جێبەجێدەكرێت، جێبەجێکردن و تەواوکردنی 252 پرۆژە لە سێکتەری شارەوانییەکان و لەسەر داهاتی فەرمانگەکان.


هەر سەبارەت بە جێبەجێكردنی پرۆژەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ساسان عەونی گوتیشی “ژمارەیەكی زۆری پڕۆژەی دیكە لەماوەی كابینەی نۆیەمدا كاریان تێدا كراوە یان بەردەوامن، پرۆژەی دروستکردنی شەقامی ١٢٠مەتری خێراى نێوان رێگەی سەرەکيی هەولێر و مووسڵ تا رێگای سەرەکيی هەولێر-کەرکوک، پرۆژەی دروستکردنی شەقامی ١٥٠مەتری خێراى نێوان رێگای سەرەکيی هەولێر-بەحرکە تا رێگای سەرەکيی هەولێر- کۆیە، كە ئێستا كاركردن لەو پرۆژەیە بەردەوامە. دروستکردنی ئەندەرباسى فەرماندە و مزگەوتی ئیمام حمزە و قوتابخانەی سەفین لەسەر شەقامی بارزان و تەواوکردنی شەقامی کەمەربەند و پرۆژەی شەقامی خزمەتگوزاری بارزان، جێبەجێکردنی پرۆژەی ئاوی بارزان و ٥١ گوندی دەوروبەری، پرۆژەی جێبەجێکردن و چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاوی لە کەسنەزان و دەوروبەری، جێبەجێکردنی پرۆژەی ئاوی هەولێر (٤) و چارەسەرکردنی ئاوەڕۆی قورسی سلێمانی بەشێوەی قەرز. جێبەجێکردنی پرۆژەی ئاوی دەربەندیخان، جێبەجێکردنی پرۆژەی ئاوی ئاکرێ، ٢٨ گرێبەستی تایبەت بەکۆکردنەوە و گواستنەوە و خاوێنکردن لە شار و شارۆچکە و گوندەکان لە سنووری شارەوانییەکان، دروستکردنی پڕۆژەی گەشتیاری لە دەروازەی کەلار – سلێمانی، جێبەجێکردنی ٥ پرۆژەی ئاو.


ئەنجامدانی چاكسازی


لە رابردوودا وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار چەند جارێك رایگەیاندووە دەستیان بەچاكسازی كردووە و چەند بەڕێوەبەر و فەرمانبەرێكیش لە پۆستەكانیان لادراون، یان گۆڕدراون، ئەمەش لە چوارچێوەی چاكسازییەكانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ساسان عەونی لەبارەی چاكسازییەكانی تایبەت بە وەزارەتی شارەوانی، دەڵێ: هەر لە سەرەتای دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێم بەسەرۆكایەتیی بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پرۆسەی چاكسازی لە هەموو وەزارەتەكان دەستیپێكردووە، لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریش ئەو پرۆسەیە دەستیپێكردووە، ئێمە چەندین لیژنەمان داناوە و لیژنەکانیش دەستبەکاربوون بە وردبینیکردنی دۆسیەی فەرمانبەران بە مەبەستی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، هەروەها یەکلاییکردنەوەی چەندین لیژنەی لێکۆڵینەوە و سزادانی کەسانی کەمتەرخەم، گۆڕانكاری لە هەیكەل و گۆڕینی چەند بەڕێوەبەرێكی شارەوانی و هەموارکردنەوەی هەیکەلی وەزارەت و فەرمانگەکانی سەر بەوەزارەت کە بە تەواوی لەگەڵ رێوشوێن و پێداویستییەکانی وەزارەت یەکبگرێتەوە و رەچاوی نوێترین بنەمای بەڕێوەبردن بکات. ئێستاش پرۆسەی چاكسازی بەردەوامە و لە ئاییندەدا زیانیاری زیاتر لەمبارەیەوە دەدەین.


پلانەكانی وەزارەت بۆ زیادكردنی داهات


وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار وێڕای ئەوەی وەزارەتێكی خزمەتگوزارییە و پارەیەكی زۆر بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتییان لە رێگەی سێكتەرە گرنگەكانەوە خەرج دەكات، لەگەڵ قەیرانەكاندا كێشە بۆ راییكردنی ئەو سێكتەرانە دروست دەبێت، بۆیە پێویستە وەزارەتی شارەوانی لە رێگەی پلانی خۆی داهات كۆبكاتەوە تا بەشێكی ئەو پارەیە لە پرۆژەكان خەرج بكاتەوە لەپێناو پرۆژەی نوێ و بەردەوامیدان بە پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان لە هەمووو سێكتەرەكان. ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار باس لە پلانی وەزارەت دەكات سەبارەت بە زیادكردنی داهاتی فەرمانگەكانی شارەوانی، گووتی: ئێمە پلانمان هەیە چاوپێداخشانەوە بەمەبەستی زیادكردنی داهات بكەین بە گوێرەی یاسا و بێ ئەوەی هیچ كەسێك زیانی بەربكەوێت، ئەویش لەپێناو دووبارە بەكارهێنانەوەی بەشێكی ئەو پارەیەی لە وەك داهات دەستمان دەكەوێت بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتییان بە جێبەجێكردنی پرۆژەكان و هەروەها بەشەكەی تری بۆ خەزێنەی حكوومەت كە ئەویش لە پرۆژە و مووچە و پلانی حكوومەت بەكاری دەهێندرێتەوە، سەبارەت بە پلانەكانی ساسان عەونی دەڵێ: پلانمان هەیە بۆ کۆکردنەوەی کرێی ئاو بەشێوەیەکی کاریگەرتر لە ڕێگەی فراوانكردنی تیمەکان و ناوەندەکانی کۆکردنەوەی کرێی ئاو، پلانی وەرگرتنی کرێی ئاو لە پرۆژە نیشتەجێبووەکانی وەبەرهێنان، پلانی پاکتاوکردنی کرێ و قەرزی موڵکە بەکرێدراوەکانی شارەوانی و گەشتوگوزار، پلانی کۆکردنەوەی کرێی خاشاکی ماڵان لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان، پلانی چالاککردن و فراوانکردنی وەرگرتنی رسومات و داهاتی شارەوانی لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی کوردستان. پلانی ڕێکخستنی خاوەن و کۆشک و دەستگێڕ و عەرەبانەکان ئەوانەی شۆستە و شەقامەکانی شارەوانی بەکاردەهێنن. پلانی چارەسەکردنی زەوییە کاتییەکان، پلانی چالاککردن و کۆکردنەوەی رسوماتی بنکە و شوێنە گەشتیارییەکان، سیستەمی بە ئەلیکترۆنیکردنی داهات و خەرجی. رێکخستنه‌وه‌ی داهاتی گرێبه‌سته‌کانی بانه‌وانی (مساتحة). ته‌واوکردنی پرۆسه‌ی کۆکردنه‌وه‌ی ڕسوماتی شاره‌وانییه‌کانی له‌ ڕێگەی کۆمپانیا و هەروەها بە سیستەمکردنی کۆکردنەوەی کرێی ئاو لە هەرێمی کوردستان. چاككردنی سیستەمی كۆكردنەوەی رسومات و كرێیە جۆراوجۆرەكانی پرۆژە گەشتیارەکان. دەستنیشانکردنی براندی گەشتیاری و پەرەپێدانی بەردەوام لە هەردوو کەرتی گشتی و تایبەت. بەبازارکردن بۆ گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان لە رێگای رێکلام، پێگە ئەلیکترونییەکان، چاپەمەنی، لێکۆڵینەوە.