بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوای شێرپەنجە دەستی لە كار كێشایەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوای شێرپەنجە دەستی لە كار كێشایەوە

"نامەوێت لە شوێنێکدا کار بکەم تەنها رۆتینی رۆژانە بگوزەرێنم"


ئەمڕۆ یەكشەممە بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوای تایبەت بە شێرپەنجە لە پارێزگای سلێمانی، لە ڕێگەی هەژماری فەرمیی نەخۆشخانەكەوە لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك، دەست لەکارکێشانەوەی لە پۆستەكەی راگەیاند و گوتی نایەوێت لە شوێنێکدا کار بکا كە تەنها رۆتینی رۆژانە بگوزەرێنێ.


د. دۆستی نەجات بەڕێوەبەری نەخۆشخانەكە رایگەیاندووە كە دوای زیاتر لە پێنج ساڵ کارکردن، دەستی لە کار کێشاوەتەوە، دەشڵێ سوپاس بۆ ئەوانەی لەو ماوەیەدا پشتیوانی ئەو و نەخۆشخانەی هیوا بوون، سوپاسی بێ کۆتایی هەموو پزیشك و کارمەندە دڵسۆزەکانی نەخۆشخانەی هیوا و سەنتەری سالاسیمیا و ژیانەوە و تاقیگەی نەخۆشیزانی شۆڕشی كردووە، کە خۆنەویستانە لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا پشتگیر و پشتیوانی بوون و لەسەر حسابی ژیانی تایبەتی خۆیان، خزمەتیان بە دووچاربووانی شێرپەنجە کردووە بەبێ ئەوەی هیچ یەکێکیان چاوەڕوانی سوپاس و پێزانین بن.


د. دۆستی لە دەست لەكار كێشانەوەكەیدا نووسیویەتی "لە ئەزمونی پەرەپێدانی نەخۆشخانەی هیوا و خزمەتگوزارییەکانی شێرپەنجەدا زۆر هەوراز و دژواریمان بڕی بەڵام لەبەرئەوەی ژیانی نەخۆشەکانمان چەقی بیرکردنەوەی خۆم و هاوکارەکانم بوو، سەرئەنجام هیوا بووە نمرە یەکی عێراق و تەنانەت لە ئاستی وڵاتانی پێشکەوتوو. بۆ یەکەم جار لەسەر ئاستی عێراق چاندنی مۆخی ئێسکمان ئەنجام دا، کە سوپاس بۆ خوا سەدان نەخۆشی لە شێرپەنجە و سالاسیمیا چاک کردووەتەوە و خەرجی سەدان ملیۆن دۆلاری چارەسەری گرانبەهای لە دەرەوەی وڵات بۆ خەڵک و حکوومەت گەڕاندووەتەوە".


دەشڵێ "ئەگەر رووبەرووبوونەوەی شێرپەنجە و خزمەتگوزاریەکانی چارەسەر لە وڵاتانی پێشکەوتووی دنیا یەک جار سەخت بێت، ئەوا لە هەرێمی کوردستاندا سەدان جار سەختتر بووە، بەربەستەکان بێشوماربوون و لەژێر فشاری دەروونی هەزاران تراژیدیای ئینسانی و سنوورداریی توانای خۆماڵی و ئاستەنگی جۆراوجۆردا شەو و رۆژ هەوڵمان دەدا تاوەکو بەناوی (هیوا) بیرۆکەی نائومێدی لەم نیشتمانەماندا بسڕینەوە و دامەزراوەیەکی تەندروستی بین کە هیچی لەوڵاتانی پێشکەوتوو کەمتر نەبێت، هەر لە سەرەتاوە پلانی کورت مەودا و پلانی دوو ساڵە و پێنج ساڵەمان داڕشت و بەشی هەرە زۆری جێبەجێ کرا بەداخەوە کە هەلومەرجەکە چیتر لەزۆر ڕووەوە لەبار نیە بۆ جێبەجێکردنی ئاوات و خولیای زیاتر، بەو هۆیەوە نامەوێت لە شوێنێکدا کار بکەم کە تەنها رۆتینی رۆژانە بگوزەرێنم. دەست لەکارکێشانەوە باشترین بژاردەیە لەوەی کە نەتوانم مافی نەخۆش و پزیشک و کارمەندان دابین بکەم".


لە كۆتاییشدا نووسیویەتی "داوای لێبووردن لەهەر نەخۆشێک ئەکەم لەو ماوەیەدا کە بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوابووم کەموکورتیەکی لە خزمەتگوزارییەکانمان بەدی کردبێت، بێگومان من و هەموو هاوکارەکانم بە چاوی خزم و کەسی خۆمان لەهەموو نەخۆشێکمان روانیوە بێ جیاوازی و هیچ کات ژوور و خزمەتی تایبەتمان بۆ هیچ کەسێک نەبووە لەناو نەخۆشخانەکەدا، ناچار نەبووین ئاستی خزمەتگوزاری بۆ کەسێکی دیاریکراو بەرزتر بکەینەوە چونکە هەر ئەوەشمان پێشکەش بە خەڵکی هەژار و بێدەرەتانی ئەم وڵاتە کردووە، سوپاسی بێ کۆتام بۆ پزیشک و پەرستار و تاقیگە و کارگێڕی و هەموو بەشەکانی نەخۆشخانە کە گەوهەری نادیاری نیشتمانن، سوپاسم بۆ خەڵکی دڵسۆز و خێرخوای سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ناوچەکانی گەرمیان و راپەرین کە بەتایبەت لە ساڵانی سەرەتای قەیرانی داراییدا لە ئەوجی چالاکیەکانی سندوقی کۆمەکی شێرپەنجە لە نمونەی بازاڕی هیوا و چەندین چالاکی و هۆشیاریدا ئەم نەخۆشخانەیەیان گەشەپێدەدا و فراوانیان دەکرد تا لە سەنتەرێکی ٤٠ تەختیەوە بووە نەخۆشخانەیەکی پێشکەوتووی ١٨٠ تەختی".