كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

ڕێکخراوێکی ژینگەیی: سەد مەترییەکەی سلێمانی ڕێژەی سەوزایی دوو ھێندەی ئێستا زیاد دەکات

 

سەرۆکی ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە، ڕای گەیاند بەھۆی دروستکردنی شەقامە سەد مەترییەکەی شاری سلێمانییەوە، ڕێژەی سەوزایی شارەکە بۆ دوو ھێندەی ئێستای زیاد دەبێت.

مەعرووف مەجید، سەرۆکی ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ئێستا ڕێژەی سەوزایی لەناو شاری سلێمانی ١٩%یە کە پێویستە لە ڕێگەی چاندنی نەمام و زیادکردنی سەوزاییەوە زیاتر بکرێت".

ڕوونیشی كردەوە: "بەپێی دیزاینی شەقامە سەد مەترییەکەی سلێمانی کە دوێنێ شەممە 2020.7.11 بەردی بناغەکەی لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە دانرا، بەدەر لە شەقامەکە، ڕێژەیەکی باشیش دار و سەوزایی تێدایە کە بە ڕای ئێمە ڕێژەی سەوزایی دەگەیەنێتە دوو ھێندەی ئێستا، ئەوەش ڕێژەیەکی دڵخۆشکەرە و ڕۆڵێکی ئەرێنی لە جوانترکردنی ژینگە و پاککردن و جوانترکردنی سیمای شارەکەدا دەبێت".

سەرۆکی ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە، ھیوای خواست کە لە دروستکردنی پڕۆژەکاندا ڕەچاوی سەوزایی و چاندنی دار و نەمام بکرێت کە بە دڵنییاییەوە ڕۆڵی ئەرێنیی خۆی دەبێت.