ئایا لەڕووی یاساییەوە ئایاسۆفیا دەكرێت ببێتە مزگەوت؟
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ئایا لەڕووی یاساییەوە ئایاسۆفیا دەكرێت ببێتە مزگەوت؟

"لەوانەیە لەمەودوا تورکیا سیفاتی دەوڵەتی دینی وەربگرێت"

لە كۆتاییدا رەجەب تەییب ئەردۆغان گوێی بە یەكێتی ئەورووپا و رێكخراوی یونسكۆ نەدا و قسەی خۆی هێنایە دی، بەوەی مۆزەخانەی مێژوویی "ئایاسۆفیا"ی وەكوو مزگەوت ناساند. ئەو گورزێكی تری لە مستەفا كەمال ئەتاتورك دا، بەوەی بڕیاری ئەوی هەڵوەشاندەوە كە لە ساڵی ١٩٣٤ ئایاسۆفیای وەكوو مۆزەخانە ناساند و ناسناوی مزگەوتی لێ كردەوە.

توركیا بووە بە دوو بەرەوە، بەرەیەكیان دژی ئەوەن ئایاسۆفیا ببێتە مزگەوت و بەرەیەكی‌تر بە رۆژێكی مێژووی دادەنێن بۆ توركیا و دەڵێن میراتی فاتیح محەمەد سوڵتانمان وەرگرتەوە و ئیدی نوێژ لە ئایاسۆفیا دەكەین.

 بە گوێرەی راپرسییەكی دەزگای راپرسی (مێترۆپول) تەنیا ٤٤٪ی گەلی توركیا لەگەڵ ئەوەدان ئایاسۆفیا ببێتە مزگەوت و ئەوانی تر پێیان باشە وەكوو مۆزەخانە بمێنێتەوە و قورسایی خۆی لەدەست نەدات.

پرسیار ئەوەیە، ئایا لەڕووی یاساییەوە دەكرێت بڕیارێكی ٨٠ ساڵ بەر لە ئێستا هەڵبوەشێنیتەوە و بڕیارێكی تازەی لەبارەوە دەربكرێت؟

بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە، پڕۆفیسۆری یاسایی مەتین گوندای بۆ ئاژانسی (BBC)ی توركی قسەی كردووە و دەڵێت: "٨٠ ساڵ بەر لە ئێستا ئایاسۆفیا وەكوو مۆزەخانە ناسێنراوە، لەڕووی بنەما و یاساییەوە ناكرێت بڕیارێكی ٨٠ ساڵ بەر لە ئێستا هەڵبوەشێنیتەوە، ئەمە دژی یاسایە و نابێت كاری پێ بكرێت".

گوندای پێی وایە ئەم بڕیارەی ئەردۆغان پێمان دەڵێت، كە یاسای سەردەمی عوسمانییەكان گرنگتر و بە بایەخترە لە یاسای كۆماری توركیا، محەمەد سوڵتان خان لە ١٤٧٠ سەنەدی وەقفی دایە پاڵ ئایاسۆفیا و پاشان ئیدارەی كۆماری توركیا كردی بە مۆزەخانە، ئێستای دوای ٨٠ ساڵ كار بە یاسای سەردەمی عوسمانییەكان دەكرێت.

ئەردۆغان و بەرپرسانی ئاكەپە، بۆ ئەوەی شەرعییەت بە خۆیان بدەن بڕیاری ئەتاتورك هەڵبوەشێننەوە و لەڕووی یاساییەوە تووشی كێشە نەبن، گوتیان ئەو واژۆیەی ئەتاتورك لە ١٩٣٤ كردوویەتی تا ئایاسۆفیا ببێت بە مۆزەخانە ساختەیە و ئەتاتورك واژۆی لەو شێوەیەی نەكردووە، بەڵام رێگەشیان نەدا تا دادگای لێكۆڵینەوە لێكۆڵینەوە لە ئیمزاكەی ئەتاتورك بكات کە ئاخۆ ساختەیە یان راستە؟ بۆیە لەو ڕووەوە توانیان یاسا لە بەرژەوەندیی خۆیان بەكار بهێنن.

بە گوتەی ئیبراهیم كاڵن گوتەبێژی سەركۆماری توركیا ئایاسۆفیا بە فەرمی بووەوە بە مزگەوت، بەڵام سیفاتی مۆزەخانەی هەر پێوە ماوە و خەڵك دەتوانن سەردانی بكەن.

كاڵن لە پێگەی خۆی لە تویتەر نووسیویە: "راستە ئایاسۆفیا بووەوە بە مزگەوت و ئیدی نوێژی تێدا دەكرێت، بەڵام دەتوانرێت وەكوو مۆزەخانەش بمێنێتەوە و خەڵك سەردانی بكەن".

كاڵن نموونە بە كڵیسەی (رۆتردام) ی فەڕەنسا دەهێنێتەوە، كە بۆ عیبادەت بەكار دەهێنرێت و لە هەمانكاتدا وەكوو مۆزەخانەش بەردەوام بۆ گەشتیار كراوەیە.

ئەم هەنگاوەی رەجەب تەییب ئەردۆغان وای كرد، وڵاتانی یەكێتیی ئەورووپا و ئەمریكا و رووسیا دژی بوەستنەوە و بڵێن ئەم بڕیارەت هەڵەیە، بۆیە بە گوێرەی شڕۆڤەی سیاسییەكانی توركیا، لە داهاتوو یەكێتیی ئەورووپا سزای گەورەی ئابووری بەسەر توركیا دەسەپێنێت و ئیدی باجی هەڵەكانی ئەردۆغان دیسان دەبێت هاووڵاتیانی توركیا بیدەن.

دەكرێت ئەوەش باس بكرێت، دەوڵەتی توركیا سیفاتی وڵاتی دینی وەردەگرێت و دەیەوێت لە سیستەمی عەلمانییەت دوور بكەوێتەوە، لە كاتێكدا ئەردۆغان بۆ خۆی چەندین جار گوتوویەتی پێویستە توركیا وەكوو وڵاتێكی عەلمانی بمێنێتەوە و هەرگیز لەگەڵ ئەوەدا نیم توركیا ببێتە وڵاتێكی دینی و دژە عەلمانییەت.