مەسرور بارزانی زانیاری لەبارەی مووچەی فەرمانبەران و پرۆسەی چاكسازی خستە ڕوو
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

مەسرور بارزانی زانیاری لەبارەی مووچەی فەرمانبەران و پرۆسەی چاكسازی خستە ڕوو

 

سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان زانیاری لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و ئەو بڕیارانە كرد كە بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ داهاتەكانی هەرێمی كوردستان دراون و داوای كرد لەگەڵ پرسی چاكسازی تێكەڵی یەكتر نەكرێن.

ئەمڕۆ شەممە ١١ی تەمووزی ٢٠٢٠ لە وتارێكیدا كە لە میانی دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەی شەقامی ١٠٠ مەتریی سلێمانی، مەسرور بارزانی رای گەیاند: ”ئەم قەیرانە ئابوورییەی تووشی بووین لە ئەنجامی پەتای كۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوتە لە جیهان كە هەرەسی بە ئابووریی زۆر وڵات هێناوە، ئێمەش لێی بەدەر نین، هەوڵمانداوە خۆمان لەگەڵ ئەم دۆخە بگونجێنین. ئەمەش وایكردووە كە هەندێك پرسیار دروست ببێت، چونكە باسی پرۆسەی چاكسازیشمان كردووە، با پرۆسەی چاكسازی لەگەڵ ئەم قەیرانە تێكەڵ نەكرێت“.

سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سوپاسی خۆڕاگریی خەڵكی كوردستانی كرد كە لەگەڵ حكوومەتەكەیان وەستان و پشوودرێژ بوون، بەتایبەتی لە بابەتی دواكەوتنی مووچە، بەڵام ”هەندێكجار هەست دەكەم خوێندنەوەیەك دەكرێت لە خۆگونجاندن لەگەڵ دۆخی دارایی و بابەتی چاكسازی. ئێمە لە خۆگونجاندن بەردەوام دەبین، هەنگاوی باشمان ناوە و شتی باشمان كردووە و ئەنجامەكانیشی دیارن، ئەگەر بەشێك لەم چاكسازییانە نەبوایە رەنگە نەمانتوانییایە هەندێك لەو شتانەی ئێستەش دەیكەین، ئەنجامی بدەین“.

ئەوەشی ئاشكرا كرد كە ”كەمبوونەوەی داهات لە لایەك و نەناردنی بودجە لە لایەن حكوومەتی عێراق، وایكرد ئێمە تووشی گرفت بین لە پێدانی مووچە لە كاتی خۆی. ئەوانەی دەڵێن دەستكاریكردنی مووچە بەشێكە لە چاكسازی، ئەمە وانییە و چاكسازی پرۆسەیەكی دیكەیە. ئەوەی مەجبووربووین دەستكاری مووچە بكەین، بۆ خۆگونجاندن بووە لەگەڵ ئەو بڕە پارەی لەبەردەستدا بووە“.

دووپاتیشی كردەوە: ”لە چاكسازی دارایی و ئیداریش بەردەوام دەبین. هەوڵمانداوە داهات زیاد بكرێ و خەرجی كەم بكرێتەوە، بەڵام ئەمە پرۆسەیەكی دوور و درێژە و لەوانەیە بە شەو و ڕۆژێك كۆتایی نەیەت. سوپاسی تێگەیشتنی هاووڵاتییانی خۆشەویست دەكەم كە هاوكارمان بوون و تێدەگەن ئەم قەیرانە دەستكردی هەرێمی كوردستان نییە، بەڵكوو زۆربەی وڵاتان رووبەرووی بوونەتەوە. دڵنیام بە جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژانە و بە هاوكاریی هەموو لایەك دەتوانین زووتر لە كێشەكان دەربازمان ببێت و ژێرخانێكی باشتر بۆ ئابووریی كوردستان دروست بكەین و هەلی باشتر بۆ پێشخستنی دۆخی ئابووری لە هەرێمی كوردستان بێنینە كایەوە“.