كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

زاخۆ.. لەبەر شەڕی پەکەکە و تورکیا زیاتر لە 40 بنەماڵەی پێکهاتەی مەسیحی ئاوارە بوون

ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک، ئاشکرای کرد لەبەر شەڕی پەکەکە و تورکیا لە سنووری زاخۆ، زیاتر لە ٤٠ بنەماڵەی پێکهاتەی مەسیحی لە گوندەکان ماڵ و ژیانی خۆیان بەجێ هێشتووە و لە سەنتەری قەزای زاخۆ و ناحیەی باتیفا و کۆمەڵگەی هیزاوا نیشتەجێ بوون.

لەمبارەوە فارس یوحەنا، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "پاش ئەوەی لەم دوو مانگەدا شەڕی پەکەکە و تورکیا لە سنووری قەزای زاخۆ جارێکی دیکە دەستی پێ کردەوە، هەتا ئێستا زیاتر لە٤٠ خێزانی پێکهاتەی مەسیحی ماڵ و شوێنی ژیانی خۆیان لە گوندەکانی زاخۆ بەجێ هێشتووە و ئاوارە بوون و لە سەنتەری زاخۆ، بیرسڤی، ناحیەی باتیفا و کۆمەڵگەی هیزاوا نیشتەجێ بوون"

ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەو بنەماڵە مەسیحیانە دانیشتووی گوندەکانی "شەرانشا سەروو، دەشتا تەح" و هەندێ گوندی دیکەی سنووری زاخۆن کە پێکهاتەی مەسیحی تێیدا نیشتەجێن، بەڵام هەندێ گوندی نزیک لە سنووری زاخۆ کە مەسیحی تێیدا نیشتەجێن، مەترسییەکی ئەوتۆیان لەسەر نییە".

فارس یوحەنا ئاماژەی بەوەش کرد: "کاتێک خەڵک لە گوند نەمێنێت و ئاوارە ببن، کەنیسە و شوێنە ئایینییەکانیش دادەخرێن و ئێمە داواکارین پەکەکە و تورکیا شەڕ بوەستێنن و شەڕی خۆیان لە دەرەوەی خاک و سنووری ئێمە بکەن، هەتا هاووڵاتیان و پێکهاتەی مەسیحی کە ئێستا ئاوارە بوون، بگەڕێنەوە شوێنی ماڵ و ژیانی خۆیان و خەڵکی زەرەرمەندیش قەرەبوو بکرێنەوە".