تەندروستی: ئەگەر هەیە ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە سلێمانی بەهۆی دەروێشەکانەوە زیاد بێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

تەندروستی: ئەگەر هەیە ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە سلێمانی بەهۆی دەروێشەکانەوە زیاد بێت

جێگری بەڕێوبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی مەترسیی خۆی لە زیادبوونی ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە سلێمانی، بەهۆی چوونی هەزاران دەروێشەوە، نیشان دا.

د. ھێرش سەلیم، جێگری بەڕێوبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، ھەرچەندە ڕێژەیەکی زۆر لەھاوڵاتیانی شاری سلێمانی تووشی کۆرۆنا بوون، بەڵام بەھۆی ئەو ڕێکارانەی گرتوویانەتەبەر تاڕادەیەکی باش حاڵەتی تووشبوون بەکۆرۆنا کەم بووەتەوە.

هێرش سەلیم مەترسیی خۆی لە زیاتر بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە سلێمانی بەهۆی چوونی هەزاران دەروێشی تەریقەتی قادریی کەسنەزانی بۆ شارەکە، نیشان دا.

جێگری بەڕێوبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی بە ئاماژەکردن بەوەی سەختە پشکنین بۆ ئەو هەزاران دەروێشە بکرێ، داوای کرد رێگە بە تێکەڵبوونی دەروێشەکان و خەڵکی سلێمانی نەدرێ، چونکە ئەگەر ئەو دەروێشانە هەڵگری ڤایرۆسەکە بن، ئەوا خەڵکێکی زۆری سلێمانی تووشی دەبن.

هێرش سەلیم هەروەها رایگەیاند، کە ئەگەر دەروێشەکان بچنە ناو شار سلێمانییەوە و تێکەڵی خەڵک بن، ئەوا ”ئەگەرێکی زۆر ھەیە بۆ ڕۆژانی داھاتوو ڕێژەی تووشبوون بەکۆرۆنا بەرز بێتەوە".

پێشتر ماڵپەڕی (شەفەق نیوز) لە زاری سەرچاوەیەکی پزیشکیی سلێمانییەوە بڵاوی کردەوە، کە یەکێک لە دەروێشانی تەریقەتی قادریی کەسنەزانی، تووشی پەتای کۆرۆنا بووە.

رۆژی پێنجشەممە 9-7-2020، نزیکەی دوو هەزار و 500 دەروێش لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە لەڕێی دەروازەی سنووریی باشماخ لە پێنجوینەوە بەبێ پشکنین و پاسپۆرت، دەروازەکەیان بڕی و روویان لە سلێمانی کرد.

رۆژی هەینی 10-7-2020، بە ئامادەبوونی هەزاران دەروێش، تەرمی شێخ محەمەد کەسنەزانی، کە لە ئەمریکاوە گەڕێندرایەوە، لە سلێمانی بەخاک سپێردرا.

شێخ محەمەد عەبدولکەریم کەسنەزانی رۆژی شەممە 4-7-2020 لە نەخۆشخانەیەکی ئەمریکا و لە تەمەنی 82 ساڵی، کۆچی دوایی کرد.