یەكەمین دەروێشی كەسنەزانی كە هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنایە دەستنیشان كرا
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

یەكەمین دەروێشی كەسنەزانی كە هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنایە دەستنیشان كرا

یەکەم حاڵەتی تووشبوون بە پەتای کۆرۆنا لەناو دەروێشانی تەریقەتی قادریی کەسنەزانی، تۆمار کرا.

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی (شەفەق نیوز)، کە لە سەرچاوەیەکی پزیشکیی سلێمانییەوە بڵاوی کردووەتەوە، یەکێک لە دەروێشانی تەریقەتی قادریی کەسنەزانی، تووشی پەتای کۆرۆنا بووە.

هەروەک سەرچاوە پزیشکییەکە رایگەیاندووە، ئەو دەروێشە، کە بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی تەرمی شێخ محەمەد کەسنەزانی، رێبەری تەریقەتەکە رووی لە سلێمانی کردبوو، باری تەندروستیی ناجێگیر و خراپە.

(باسنیوز) هەوڵی دا لە بەرپرسانی تەندروستیی سلێمانییەوە زانیاریی تەواو وەربگرێت، بەڵام تائێستا هەوڵەكان بێئەنجام بوون.

رۆژی پێنجشەممە 9-7-2020، نزیکەی دوو هەزار و 500 دەروێش لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە لەڕێی دەروازەی سنووریی باشماخ لە پێنجوینەوە بەبێ پشکنین و پاسپۆرت، دەروازەکەیان بڕی و روویان لە سلێمانی کرد.

رۆژی هەینی 10-7-2020، بە ئامادەبوونی هەزاران دەروێش، تەرمی شێخ محەمەد کەسنەزانی، کە لە ئەمریکاوە گەڕێندرایەوە، لە سلێمانی بەخاک سپێردرا.

شێخ محەمەد عەبدولکەریم کەسنەزانی رۆژی شەممە 4-7-2020 لە نەخۆشخانەیەکی ئەمریکا و لە تەمەنی 82 ساڵی، کۆچی دوایی کرد.