بەرپرسێکی یەکێتی: خەڵکی ئومێدێكی زۆری بە چاكسازییەكانی حکوومەتی ھەرێمی كوردستان ھەیە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

بەرپرسێکی یەکێتی: خەڵکی ئومێدێكی زۆری بە چاكسازییەكانی حکوومەتی ھەرێمی كوردستان ھەیە

”حکوومەت ڕۆڵی کارای لە بەگژداچوونەوەی کۆرۆنا هەبووە“

بەرپرسێكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رای دەگەیەنێت كە خەڵكی كوردستان ئومێدیان بە حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەیە و باسیش لە كاریگەریی ڕێكارەكانی حكوومەت لە دژی پەتای كۆرۆنا دەكات.

ڕەحیم سەعید، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی گەرمیانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "بەھۆی پەتای کۆرۆناوە قەیرانێکی ئابووریی سەخت ڕووبەڕووی وڵاتانی جیھان بۆتەوە، بێگومان حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش بەدەر نییە لەو قەیرانەی جیھانی گرتۆتەوە ، بەڵام یەکێتی و پارتی ساڵانێکی زۆرە پێکەوە حکوومڕانیی ئەم ھەرێمە دەکەن، بێگومان توانیویانە سەرکەوتوو بن و خزمەتی خەڵکیان کردووە، بەڵام ئێستا سەرەڕای قەیرانەکان، حکوومەتی هەرێمی كوردستان کێشەی لەگەڵ بەغدا ھەیە و بەغدا بودجەی فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستانی بڕیوە، بەڵام حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە ڕێگەی شاندی دانوستكاری خۆیەوە ھەوڵی جددی دەدات بۆ چارەسەر کردنی گرفتەکانی لەگەڵ بەغدا“.

ئەوەشی ڕوون كردەوە كە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕۆڵی کارای ھەبووە لە بەگژداچوونەوەی پەتای کۆرۆنا و ھەر سەرەتا بڕیاری دا دەرگای قوتابخانە و فەرمانگەکان دابخرێن و ھەموو شار و شارۆچەکانی کوردستان لە كاتی پێویستدا كەرەنتین بکرێن، بۆیە ”ئەگەر حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەم پەتایەدا کەمتەرخەم بوایە، ئەوا ڤایرۆسەکە بە شێوەیەکی سەخت و دژوار لە نێو خەڵكی بڵاو دەبووەوە و ھەرێمەکەمان وەک ئیتاڵیای لێ دەھات، بەڵام خۆشبەختانە تاوەکوو ئێستا ڕێکارەکانی حکوومەت جێگەی دڵخۆشییە و ھاووڵاتیان خۆشیان ڕێنماییەکان جێبەجێ دەکەن“.

ڕەحیم سەعید، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی گەرمیانی یەکێتی بۆ (باسنیوز) دووپاتی كردەوە: ”خەڵکی ئومێدێکی زۆری بە چاکسازی ھەیە، ھیوادارم ئەم چاکسازییە بەبێ جیاوازی ھەموو سێکتەرەکان بگرێتەوە، دواجار حکوومەتی ھەرێمی كوردستان پێشتر شەڕی تیرۆریستانی داعشی کردووە، ھەرواھا لە قەیرانێکی قوڵی ئابووریدا بووە، بۆیە خەڵکی ئومێدی بەم حکوومەتە ھەیە، ئەگەر پەتای کۆرۆنا و  قەیرانی دارایی نەمێنێت، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، وەک جارانی پێشوو خزمەتی هاووڵاتیان دەکات".