عەبدوڵای حاجی مەحموود وه‌زیری كاروباری شه‌هیدان: كابینەی نۆیەم ڕێزی زۆری لە كەسوكاری شەهیدان گرتووە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

عەبدوڵای حاجی مەحموود وه‌زیری كاروباری شه‌هیدان: كابینەی نۆیەم ڕێزی زۆری لە كەسوكاری شەهیدان گرتووە

 

وه‌زیری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانی حکوومەتی هەرێمی كوردستان، باس لە تێپەڕینی ساڵێك به‌سه‌ر كابینه‌ی نۆیەمی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ حكوومه‌ت له‌ ماوه‌ی ئه‌مسا‌ڵدا بۆ چاكسازی و ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی قه‌یرانه‌كان و ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا، هه‌نگاوی زۆری ناوه‌ كه ‌له‌ كارنامه‌كانی حكوومه‌ت ئاماژه‌یان پێ دراوه‌.

عه‌بدوڵا حاجی مه‌حموود، له‌باره‌ی تێپه‌ڕاندنی یه‌كساڵ بەسەر كابینه‌ی نۆیەمی حكوومه‌تی هەرێمی کوردستان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "هێڵه‌ گشتییه‌كانی كابینه‌ی نۆیەمی حكوومه‌ت بریتی بوون له‌ چاكسازی و نه‌هێشتنی رۆتین و هەوڵدان بۆ شه‌فافیه‌ت و كاركردن بۆ سه‌روه‌ریی یاسا و گرنگیدان به‌ بواری خوزمه‌تگوزاری، گرنگیدان به‌ ئاو كاره‌با و ته‌ندروستی و په‌روه‌رده،‌ هه‌روه‌ها گرنگیدانی‌ تایبه‌ت به‌ خزمه‌تگوزاریی كه‌سوكاری شه‌هیدان، کە گرنگیدانی تایبه‌ت بە ‌وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان، یه‌كێك بوو له‌ هێڵه‌ گشتییه‌كانی كابینه‌ی نۆیەمی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان".

عەبدوڵا حاجی مەحموود، ئاماژەی بەوەش کرد: "گرنگیدان به ‌ژینگه‌ و به ‌ئه‌لكترۆنیكردنی كاروباری حكوومه‌ت و گرنگیدان به‌ وه‌رزشوانان و لاوان و ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا كارنامه‌یه‌كی شامل و كامل بوو، له ‌هه‌مانكاتدا له‌سه‌ر ئاستی په‌یوه‌ندییه‌كاندا له‌ كارنامه‌ی حكوومه‌تدا هاتووه‌ كه‌ په‌یوه‌ندیی ئاشتییانه ‌و رێزگرتن له‌ یه‌كتری، په‌ره‌ به ‌ئاستی په‌یوه‌ندییه‌كان بدرێت و له‌ ئاستی نێوده‌وڵه‌تیش به‌ هه‌مان شێوه‌".

وه‌زیری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانی حکوومەتی هەرێمی كوردستان راشی گه‌یاند: "له ‌سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌كاربوونییه‌وه‌ كابینه‌ی نۆیەمی حكوومه‌ت ڕووبه‌ڕووی چه‌ندین قه‌یران بووه‌وه،‌ له‌وانه‌ هه‌بوونی ئاواره‌یه‌كی زۆری رۆژئاوای كوردستان به‌هۆی شه‌ڕه‌كانه‌وه‌، هاوکات بارگرانییەکی دارایی زۆر دروست بوو، هەرەها پرسی پەتای كۆرۆنا كه‌ رووی كرده‌ ناوچه‌كه‌ و كاریگه‌ریی زۆری كرده‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان.، وێرای ئه‌وەی‌ حكوومه‌ت كاری باش و هه‌وڵی زۆری دا ڕووبه‌ڕووی ئه‌و قه‌یرانانه‌ ببێتەوە كه‌ روویان كرده‌ كوردستان. حكوومه‌ت تا ئێستاش به‌رده‌وامه‌ له ‌یه‌كخستن و كۆكردنه‌وه‌ی داهاتی هه‌رێمی كوردستان، کە له‌گه‌ڵ ئه‌و داهاته‌ی هه‌یه‌ بتوانێت ئه‌م قه‌یرانه‌ تێپه‌ڕێنێت و لێی ده‌رباز ببێت“. گوتیشی: ”بۆ كه‌سوكاری شه‌هیدان تائێستا كاری باش كراوه و‌ هاوكاری و مینحه‌ی شه‌هیدان، ئه‌وه‌ی هه‌بووه‌ وه‌ك خۆی كراوه‌ و به ‌رێزگرتن له‌ قوربانیانی گه‌لی كوردستان و كه‌سوكاری شه‌هیدان".

باسی لەوەش کرد: " ئه‌م ئازادییه‌ی هەرێمی كوردستان به‌ری ره‌نجی شه‌هیدانه‌ و له‌لایه‌ن سه‌رۆكی حكوومه‌تی هەرێمی کوردستانەوە‌ رێزی زۆر له‌ كەسوكاری شه‌هیدان گیراوە و له ‌هه‌موو كۆبوونه‌وه‌كاندا جەخت له ‌رێزگرتن و گرنگیدان به ‌خانه‌واده‌ی شه‌هیدان كراوەتەوە بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ست نه‌كه‌ن لە‌ بۆشایی له‌ده‌ستدانی ئازیزانیاندا حكوومه‌ت كه‌مته‌رخه‌مه‌ و رەچاوی ئه‌وه‌ش كراوه"‌.

وەزیری شەهیدان ئه‌وه‌شی خسته ‌ڕوو: "ئه‌م قه‌یرانه‌ تێده‌په‌ڕێنین و ئه‌وه‌ش به‌ هاوكاریی هه‌موو لایه‌ك و به‌تایبه‌ت ئه‌و حزبانه‌ی ئه‌م كابینەی حكوومه‌تیان پێكهێناوه‌ و كاری باشیش كراوه‌ و له ‌سه‌ره‌تای سەرهەڵدانی پەتای كۆرۆناوە حكوومه‌ت رێكاری باشی گرته‌ به‌ر، لێژنه‌ی رووبه‌رووبونه‌وه‌ی پەتاكە له‌ سه‌رجه‌م پارێزگاكان دروست كراوە و پارێزگا‌رەكان دەستیان كراوە كرا، هاوكاریی خه‌ڵكیش بۆ حكوومه‌ت گرنگ بوو و ئێستاش حكوومه‌ت ‌به ‌هێزه‌وه‌ به‌رانبه‌ر به‌ كۆرۆنا وه‌ستاوه‌ته‌وه و‌ هیوادارین ئه‌م په‌تا تێده‌په‌ڕێت".

عەبدوڵا حاجی مەحموود لەبارەی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا گوتی: "حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییەکانی له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌سه‌ر خه‌ته‌ و كار ده‌كه‌ین بۆ دروستكردنی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ تا ماف و شایستەکانی هاووڵاتییانی كوردستان به‌پێی ده‌ستووری عێراق به‌ده‌ست بێت و حكوومه‌ت لە هەوڵەکانی به‌رده‌وامه‌ و كۆبوونه‌وه‌كان قۆناغی باشیان بڕیوه‌ و له ‌كاتی گونجاودا دەچینه‌ ناو قۆناغی نوێوه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا و قه‌یرانی كۆرۆنا كاریگه‌ریی راده‌به‌ده‌ری له‌سه‌ر به‌غداش هه‌بووه،‌ بێگومان ئه‌وانیش پێویستیان بە کاتە هەتا كۆبوونه‌وه‌ی زیاتر ئەنجام بدەن".

وەزیری شەهیدان و ئەنفالکراوان لە کۆتاییدا ڕای گەیاند: "ئه‌وه‌ی گرنگه‌ حكوومه‌تی هەرێمی کوردستان چاكسازیی ده‌ست پێ كردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی خۆمان بگونجێنین له‌گه‌ڵ دۆخه‌كه‌ و ئه‌وه‌ی گرنگه‌ ئه‌م چاكسازییه‌ وه‌ك خۆی بەڕێوە بچێت و حكوومه‌ت پلانی هه‌یه‌ بۆ ده‌ربازبوونی ئه‌م قه‌یرانه‌ و چاكسازی قۆناغی گرنگی داهاتوومان ده‌بێت و ئه‌م چاكسازییه‌ مووچه‌ی كه‌س نابڕێت كه‌ شایسته‌ بێت و ته‌نیا رێكخستنه‌وه‌یه‌ و له‌ رابردوودا هه‌رێمی كوردستان له‌ قۆناغی وا بووه‌ كه‌ قه‌یرانی دارایی نه‌بووه‌ و ئێستا ئه‌م خۆگونجاندنه‌ پێداچوونه‌وه‌یه‌ به‌ فایل و دۆسییه‌كانی مووچه‌خۆرانی كوردستان و وه‌زاره‌تی شه‌هیدانیش به ‌هه‌مان شێوه‌یه‌ ده‌بێت پێداچوونه‌وەی‌ پێدا بكرێت و هیوادارین كه‌سوكاری شه‌هیدانیش وا بڕواننە ئه‌م پرۆسه‌یه‌ كه‌ خزمه‌ت بە داهاتووی كوردستان ده‌كات و ده‌بێت رووبه‌ڕووی هه‌ر ته‌حه‌دایه‌ك ببینه‌وه‌، چونكه‌ دواجار حكوومه‌تی خۆمانه و‌ به‌رپرسیار ده‌بن".