كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

٦٧٪ی تووشبووان بە پەتای کۆرۆنا لە دهۆک چاک بوونەتەوە

سەرپەرشتیاری چارەسەرکردنی تووشبوان بە پەتای کۆرۆنا لە تەندروستیی دهۆک ئاشکرای کرد، هەتا ئێستا 67٪ی تووشبوان بە پەتای کۆرۆنا چارەسەر کراون و چاک بوونەتەوە و ئیستاش 33٪ی تووشبووان بە کۆرۆنا لە دهۆک لەژێر چاودێریی پزیشکیدان.

لەمبارەوە د. موئەیەد ئەعالی، سەرپەرشتیاری چارەسەرکردنی نەخۆش و تووشبوان بە کۆرۆنا لە تەندروستیی دهۆک، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "هەتا ئێستا 262 کەس لە دهۆک تووشی پەتای کۆرۆنا بوون، کە لەو ڕێژەیە 173 کەسیان چاک بوونەتەوە کە دەکاتە 67٪ی کۆی تووشبووان".

ئاماژەی بەوەش کرد: "ئیستا بەگشتی 89 تووشبوو، واتە 33٪ی کۆی تووشبووان لە نەخۆشخانەکانی دهۆکدا ماون و چارەسەر وەردەگرن، لەناو ئەو کەسانەی کە ئێستا لەژیر چاودێریدان، تەنیا دوو کەسیان باری تەندروستییان ناجێگیرە کە ئەوانیش پێویستییان بە بەکارهێنانی ئۆکسیجن هەیە".

  د. موئەیەد ئەعالی، ئاماژەی بەوەش دا: "بەشێک لە تووشبووان بە پەتای کۆرۆنا لە دهۆک، خۆیان هەڵگری نەخۆشیی درێژخایەنن، وەک نەخۆشیی شەکرە، کە ئەمەش بۆ تووشبوان بە کۆرۆنا باش نییە، بەڵام بەردەوام لە نەخۆشخانە چاودێریی تووشبووان دەکرێت هەتا ڕەوشی تەندروستییان تێک نەچێت".