كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

وەزارەتی تەندروستی: تا ئێستا 400 پزیشك و كارمەندی تەندروستی تووشی پەتای كۆرۆنا بوون

"چوار کارمەندی کەرتی تەندروستیش گیانیان لەدەست داوە"

پەتای كۆرۆنا لەناو كارمەند و پزیشكانی کەرتی تەندروستی زیاتر تەشەنەی کردووە و گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت تا ئیستا 400 کارمەند و پزیشک تووشی پەتای کۆرۆنا بوون و چوار كەسیشیان گیانیان لەدەست داوە.

لەمبارەوە محەمەد قادر خۆشناو، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لەناو كارمەندانی تەندروستی ڕۆژانە لە تەشەنەكردندایە و تا ئێستا لە هەرێمی كوردستان، 400 كارمەند و پزیشكی تەندروستی تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون".

ڕاشی گەیاند: " لەنێو كارمەنداندا حاڵەتی گیانلەدەستدانیش هەیە کە شوفێرێك، كارگوزارێك و لە شاری سلێمانیش كارمەندێكی ئیدارە و پەرستارێك بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە گیانیان لەدەست داوە کە ژمارەی گیانلەدەستدان لە کەرتی تەندروستی هەتا ئێستا چوار كەسە".

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گوتیشی:" هۆكاری تووشبوانی كارمەندانی تەندروستی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئەوان دەچنە نێو نەخۆشخانەكان و چارەسەری تووشبوانی كۆرۆنا دەكەن و بەركەوتنیان لەگەڵ تووشبوان زیاترە".