فەرماندەیەکی سەربازیی بەغدا فەرمانی کازمی رەت دەکاتەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

فەرماندەیەکی سەربازیی بەغدا فەرمانی کازمی رەت دەکاتەوە

سیاسەتمەدارێکی عێراقی ئاشکرای دەکات، کە فەرماندەی ئەو هێزە پاراستنی ناوچەی سەوزی بەغدای پێسپێردراوە، فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رەت دەکاتەوە.

میشعان جبوری، سیاسەتمەداری عێراقی لە کەناڵی (دیجلە)ی ئەو وڵاتە رایگەیاندووە، دوای دەستگیرکردنی ژمارەیەک چەکداری میلیشیای حزبوڵڵای عێراقی، چەکدارانی دیکەی ئەو میلیشیایە بەسەر ناوچەی سەوزیان دادا و دەستیان بەسەر بارەگای دژەتیرۆری عێراقیدا گرت.

میشعان جبوری هەروەها رایگەیاندووە، مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق فەرمانی بە فەرماندەی هێزی پاراستنی ناوچەی سەوز کرد ئەو چەکدارانە لە ناوچەکە دەربکات، بەڵام ئەو فەرماندەیە فەرمانەکەی کازمی رەت کردەوە.

هەروەک جبوری رایگەیاندووە، کازمی بە ناچاری تەلەفۆنی بۆ نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا کردووە و داوای لێکردووە چەکدارەکانی حزبوڵڵا رازی بکات ناوچەکە بەجێ بهێڵن، ئەوانیش لەسەر داوای مالیکی، لە ناوچەی سەوز کشاونەتەوە.

ناوچەی سەوز کەوتووەتە رۆژئاوای رووباری دیجلە لە بەغدا و زۆرینەی وەزارەت و فەرمانگە عێراقییەکان و باڵوێزخانەکانی وڵاتان، لەوێن.

هێزێکی گەورەی سەربازی بۆ پاراستنی ئەو ناوچەیە لەوێ جێگیر کراوە، چونکە لەوێوە حوکمڕانیی هەموو عێراق دەکرێت.

رۆژی پێنجشەممە 25-6-2020، هێزەکانی دژەتیرۆری عێراقی ژمارەیەک چەکدار و سەرکردەی میلیشیای حزبوڵڵای عێراقییان دەستگیر کرد، کە بەنیازی دامەزراندنی سەکۆی مووشەکی بوون بۆ تۆپبارانکردنی بنکە سەربازییەکان و باڵوێزخانەی ئەمریکا.