پەرلەمانتارێک: دەروازە سنوورییەکان گیرفانی بەرپرسانی عێراقی پڕ دەکەن
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

پەرلەمانتارێک: دەروازە سنوورییەکان گیرفانی بەرپرسانی عێراقی پڕ دەکەن

پەرلەمانتارێکی عێراقی رایدەگەیەنێت، دەروازە سنوورییەکان تەنیا بۆپڕکردنی گیرفانی بەرپرسانی گەندەڵی وڵاتەکەی، کار دەکەن.

سەلام شەممەری، سەرۆکی لێژنەی کشتوکاڵ لە پەرلەمانی عێراق، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، پێویستە حکوومەتی عێراق دەروازە سنوورییەکانی بە رووی بەرهەمە کشتوکاڵییە بیانییەکان دابخات، بۆ ئەوەی بەرهەمی ناوخۆی وڵاتەکە بکەوێتە بازاڕەکان و جووتیاران قازانج بکەن.

سەلام شەممەری هەروەها رایگەیاندووە، حکوومەتی عێراق توانای راگرتنی کاری قاچغچێتی لە دەروازە سنوورییەکانی نییە، کە بوونەتە بەڵا بەسەر جووتیار بە تایبەت و گەلی عێراق بە گشتی و هەلێکیشن بۆ پڕکردنی گیرفانی بەرپرسانی گەندەڵی عێراق.

چەندین جار سەرچاوە سیاسی و حکوومییەکانی عێراق باسیان لەوە کردووە،کە دەروازە سنوورییەکانی عێراق لەلایەن میلیشیاکانی حەشدی شەعبییەوە دەستیان بەسەردا گیراوە و داهاتەکانی ئەو دەروازانە لەلایەن سەرکردەکانی ئەو گرووپە چەکدارییانەوە دەدزرێت.