پەرلەمانتارێكی یەكێتی: مەفرەزەكانی پەکەکە لە ئاوەدانییەكانەوە ھاتوچۆ دەکەن و ڕەچاوی ژیانی خەڵك ناكەن
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

پەرلەمانتارێكی یەكێتی: مەفرەزەكانی پەکەکە لە ئاوەدانییەكانەوە ھاتوچۆ دەکەن و ڕەچاوی ژیانی خەڵك ناكەن

”هەواڵگریی توركیا زۆر بەهێزە و پێویستە پەكەكە ئاقڵانە مامەڵە بكات“

ئەندامێكی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان ڕەخنە لە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) دەگرێت و رای دەگەیەنێت كە مەفرەزەكانی ئەو حزبە لە شوێنە ئاوەدانەكانەوە هاتوچۆ دەكەن و ڕەچاوی دۆخی ژیانی خەڵك ئەو ناوچانە ناكەن.

باڵانبۆ محەمەد، جێگری سەرۆکی لێژنەی ناوخۆ و ئاسایش لە پەرلەمانی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ماوەیەکە سوپای تورکیا بە شێوەیەک توند ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان بۆردومان دەکات، بەڵام گەریلاكانی پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە ڕەچاوی بارودۆخی ھەرێمی کوردستان ناکەن، بەپێی بەدواداچوونەکانی ئێمە مەفرەزەی پارتیزانییان ھەیە و بەداخەوە بیر لە ژیانی خەڵکی ناکەنەوە و مەفرەزەکانیان لە شوێنی ئاوەدانیدا دەگەڕێن، بۆیە سوپای تورکیا ناوچەکانی کوردستان بۆردومان دەکات“.

باسیشی لەوە كرد كە هێزەكانی پەكەكە ”لە ناوچەكانی سلێمانی و شوێنەكانی دیكە بارەگای خۆیان هەیە، بەڵام سوپای توركیا دوای ئۆتۆمبێلی گەریلاكانی پەكەكە دەكەوێت، كاتێك دەڕۆنە شوێنە ئاوەدانەكان، سوپای توركیا دەیانكاتە ئامانج و دەیانپێكێت“.

پەرلەمانتارەكەی یەكێتی داوا لە پەكەكە دەكات، ”بە شێوەیەكی ژیرانەتر مامەڵە بكەن، چونكە ئەمڕۆ جیھانی تەکنەلۆژیا زۆر فراوانە و ”دەزگای ھەواڵگریی تورکیا دەزگایەکی زۆر بەھێزە، پێویستە (پەکەکە) بە شێوەیەکی ئاقڵانە مامەڵە بکەن و شێوازی جموجوڵەکانی خۆیان بگۆڕن“.

ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی كە هاوكات جێگری سەرۆکی لێژنەی ناوخۆ و ئاسایشە لە پەرلەمانی كوردستان، بە پێویستیشی دەزانێت چەکدارەکانی پەکەکە ”ئەو ھەقە بە تورکیا نەدەن کە سوپاكەی بڵێ من بۆردومانی خەڵکی سڤیل ناکەم، بەڵکو بۆردومانی پەکەکە دەکەم“.

جەختیشی كردەوە: ”پانتایی كوردستان هێندە زۆرە، جێگەی دە شۆڕشی وەک پەکەکەی تێدا دەبێتەوە، ئەوان دەتوانن لەو شوێنانە خۆیان حەشار بدەن تاوەکوو دەرفەتێكیان بۆ دێتە کایەوە".