وه‌زاره‌تى شاره‌وانى خه‌رجییه‌كانى كه‌مده‌كاته‌وه‌ و پاره‌كه‌ى بۆ جێبه‌جێكردنى پڕۆژه‌ى خزمه‌تگوزارى خه‌رج ده‌كات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

وه‌زاره‌تى شاره‌وانى خه‌رجییه‌كانى كه‌مده‌كاته‌وه‌ و پاره‌كه‌ى بۆ جێبه‌جێكردنى پڕۆژه‌ى خزمه‌تگوزارى خه‌رج ده‌كات

به‌پێى ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ى بۆ پێداچوونه‌وه‌ به‌ خه‌رجییه‌كان دایناوه‌ وه‌زاره‌تى شاره‌وانى تائێستا رێژه‌یه‌كى باشى خه‌رجییه‌كانى كه‌مكردووەته‌وه‌ و گوته‌بێژى وه‌زاره‌ته‌كه‌ش ده‌ڵێ خه‌رجییه‌كان به‌رێژه‌یه‌كى زیاتریش كه‌م ده‌كرێنه‌وه‌ به‌هۆى قه‌یرانى داراییه‌وه‌.

كوردۆ شابان، گوته‌بێژى وه‌زاره‌تى شاره‌وانى و گه‌شتوگوزارى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌(باسنیوز)ى راگه‌یاند: "له‌ سه‌ره‌تاى ده‌ستبه‌كاربوونى كابینه‌ى نۆیه‌مى حكوومه‌تى هه‌رێمی کوردستان وه‌زاره‌تى شاره‌وانى كارنامه‌ى وه‌زاره‌تى بۆ چوار ساڵ داڕشت، یه‌كێك له‌ بڕگه‌كانى كارنامه‌ى وه‌زاره‌ت كه‌مكردنه‌وه‌ى خەرجی بوو له‌پێناو پێشكه‌شكردنى خزمه‌تگوزاریى زیاتر به‌ هاووڵاتیان، چونكه‌ به‌هۆى دروستبوونى قه‌یرانى داراییه‌وه‌ ناتواندرێت وه‌كو پێویست خزمه‌تگوزاریى پێشكه‌شى هاووڵاتیان بكرێت ئه‌و توانا داراییەی كه‌ هه‌یه‌".

راشیگه‌یاند: "ئه‌و كه‌مكردنه‌وه‌ى خه‌رجییه‌ به‌هیچ جۆرێك كارناكاته‌ سه‌ر دواكه‌وتن یان كه‌مكردنه‌وه‌ى خزمه‌تگوزارییه‌كان، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ به‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ى كه‌ له‌ خه‌رجى زیاده‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ تواندراوه‌ خزمه‌تگوزاریى زیاتر پێشكه‌ش بكرێت، بۆ نموونه‌ له‌كاتى قه‌ده‌غه‌ى هاتوچۆ تواندرا به‌شێكى زۆر له‌ رێگاوبانه‌كانى ناو شاره‌كان چاك بكرێت به‌و پاره‌یه‌ى كه‌ له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ى خه‌رجى بۆ وه‌زاره‌ت گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌".

ئاماژه‌ى به‌ ئه‌وه‌ش كرد" تا ئێستا تواندراوه‌ رێژه‌ى 10 بۆ 15% ى خه‌رجى وه‌زاره‌ت كه‌م بكرێته‌وه‌، به‌پێى ئه‌و پلانه‌شى له‌لایه‌ن وه‌زاره‌ت داندراوه‌ ئه‌و رێژه‌یه‌ بۆ 50% زیاد ده‌كرێت، چونكه‌ چه‌ندین جۆر خه‌رجى ئێستا راگیراون به‌هۆى ئه‌وه‌ى كه‌ پێویست نین به‌ڵكو له‌م قۆناغه‌دا شتى پێویست تر هه‌ن وه‌زاره‌تى شاره‌وانى ئه‌نجامیان بدات، به‌و پاره‌یه‌ى كه‌ له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ى خه‌رجى بۆ وه‌زاره‌ت ده‌گه‌ڕێته‌وه‌".